بڕیاری کشانەوە و کاردانەوەکان

0

نوچەنێت

کشانەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە سوریا، کاردانەوەی جیاوازی بە دواوە بووە و هاوکات بۆتە هۆی نیگەرانی لە واشنتۆن.

دوابەدوای راگەیاندنی سەرکەوتنی ئەمریکا بە سەر داعش لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە، ئیدارەی ئەم وڵاتە باسی لە کشانەوەی هێزە سەربازیەکانی لە سەر خاکی سوریا کردووە و دەگوترێ بەم زووانەی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکان دەستپێدەکات.

بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، دوای سەرکەوتنە مێژووییەکانی ئەمریکا بە سەر داعش، کاتی گەڕاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا هاتووە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئامادەکاری بۆ قۆناغی شەڕی دوای داعش دەکات، بە بێ ئەوەی وردەکاریەکانی ئەم قۆناغە بخاتەڕوو و روونکردنەوەیان لە سەر بدات.

بە گوێرەی راگەیێندراوی پێنتاگۆن، وردەکاریەکانی قۆناغی دواتری ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە هۆکاری پاراستنی نهێنیەکانی و پاراستنی گیانی سەربازەکان، جارێ ئاشكرا ناکرێت.

ئەمریکا لە ئێستادا نزیک بە دوو هەزار کەس لە هێزە سەربازیەکانی لە سوریا جێگیر کردووە.

لە کاتێکدا بە گویڕەی سەرچاوەکان، ئێستاشی لە گەڵ بێت ژمارەیەک لە هێزەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا بڵاوەیان پێکراوە، ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازیەکانی ئەمریکا، پێشتر جەختیان لە سەر ئامادەبوونی و بەردەوام بوونیان لە کاروباری هێزەکانی ئەمریکا لە سەر خاکی سوریا کردووە.

هاوکات، ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانی ئەمریکا دەڵێن ئەم کشانەوە نیگەرانی ئەوانی بە دواوەیە، ئەوان دەڵێن “بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، دەکرێ بڵێین براوە سەرەکیەکانی گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی سوریا و شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە، بە پلەی یەکەم رژێمی بەشار ئەسەد و روسیا و ئێڕانن، وەک دوو پشتیوانی سەرەکی ئەم رژێـمە”.

کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کە سەربازانی ئەمریکا لە ئامادەباشی تەواودا دەبن، ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، کە لە ئەگەری پێویستی دووبارە بە ناردنەوەی هێز بۆ سوریا و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، دەستبەجێ هەنگاو بنێن.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، باسی لە کشانەوەی سەرجەم دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە سوریا کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ٢٤ کاتژمێری دیاری کردووە.

برێت مەکگورک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش، هەفتەی رابردووی رایگەیاندبوو، کە داعش لە ناوچەکە ناسرێتەوە و ئەمریکا بۆ پاراستنی باری سەقامگیری لە سوریا، ئامادەیی تەواوی هەیە.

سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەم بڕیارەی ترەمپیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، پەیوەندی داوە بە دوایین گفتوگۆی تەلەفۆنی ناوبراو لە گەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.

جێی ئاماژەیە زۆربەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگە جێگرین، کە ئەنقەرە بە گروپێکی تیرۆریستی و سەر بە پەکەکەیان دەناسێت.

تورکیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، کە بەم زووانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە دەستپێدەکات.

شەی رابردوو، سەدان کەس لە لایەنگرانی یەپەگە لە بەردەم کۆشكی سپی کۆبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی.

هاوکات راگەیاندنی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کاردانەوەی توندی ژمارەیەک لە کۆنگرێسمانە کۆمارییەکانی بە دواوە بووە.

لیندزی گاراهام، سیناتۆری کۆماریخواز، بە توندی رەخنەی لەم بڕیارەی ترەمپ گرتووە و سەبارەت بە پەرەسەندنی دەسەڵات و نفوزی ئێران لە سوریا هۆشداری داوە.

گاراهام لە تویتێکدا نووسیویەتیداعش لە سوریا، عێراق و ئەفغانستان تێیک نەشکاوەبە گوتەی ئەم سیناتۆرە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا گورزێکی کوشندەیە لە کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە سوریا.

سیناتۆر باب کۆرکێر، سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی سینای ئەمریکا، وێڕای رەخنەی توندی بۆ سەر ئەم ىڕیارە، بڕیارەکەی ترەمپی بە سیاسی وەسف کردووە.

ئەم سیناتۆرە کۆماریخوازە دەشڵێت، لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوو، کە ئەندامی کۆنگرێس بوو، وەها بڕیارێکی نەبینیوە، بیر لەوە بکەنەوە سەرۆکێک بەیانی لە خەو هەڵدەستێ و وەها بڕیارێک دەدات، بە بێ ئەوەی لە بارەیەوە قسەی کردبێ یان ئامادەکاری پێویستی بۆ کردبێت.

ماکرکۆ روبیۆ، یەکێکی دیکە لە سیناتۆرەکانی کۆماریخوازی ئەمریکا، ئەم بڕیارەی ترەمپی بەم شێوەیە وەسف کردووە “وەکوو ئەوە وایە سوریا بە دوو دەستی رادەستی روسیا و ئێران بکەیت”.

بەم حاڵەشەوە، هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، روسیا پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە

ماریا زاخارڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا گوتوویەتی، کە ئەم بڕێارە، رێگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا فەراهەم دەکات.

بەریتانیانش هەڵوێستی بەرامبەر بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا وەرگرتووە و رایگەیاندووە، کە بڕێارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بە مانای کۆتایی کاروباری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نییە و بەریتانیا لە شەڕی دژ بە داعش بەردەوامە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت.

ژمارەیەک لە ئاژانسەکانی ئێڕان بڕیارەکەی ئەمریکایان بە شکستی ئەم وڵاتە وەسف کردووە.

بەرپرسانی پەیەدە رایانگەیاندووە، کە ئەمریکا بەم بڕیارە، لە پشتەوە بە خەنجەر لێێ دوان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com