سیناریۆکانی بەردەم داهاتووی سووریا

0

نوچەنێت

دۆناڵد ترەمپ، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەم وڵاتەی لە خاکی سووریا راگەیاند. ئەم بڕیارە چاوەڕواننەکراوەی ترەمپ، لە گەڵ کاردانەوەی توندی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئیدارەکەی و هاوپەیمانانی واشنتۆن رووبەڕوو بووەوە.

لەگەڵ ئەوەی، کە تاکو ئێستا خشتەیەکی زەمەنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا رانەگەیێندراوە، بەڵام دەگوترێ کشانەوەی ئەم هێزانە بەرەبەرە و بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا ئەنجام دەدرێت.

هەر جۆنێک بێت کۆتایی ئامادەبوونی ئەمریکا لە شەڕی ناوخۆی سووریا، شوێندانەر دەبێت لە سەر هاوکێشە ناوچەییەکان.

لەم راپۆرتەدا تیشک دەخرێتە سه‌ر ئەگەرەکان و سیناریۆکانی بەردەم داهاتووی سووریا لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە.

تورکیا

کۆتایی ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا لە سوریا، دەرفەتێک دەخاتە بەردەم ئەنقەرە بۆ پەل هاویشتن و فراوانخوازی هەرچی زیاتری لە ناوچەکە.

تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەرەوە باس لە ئامادەیی و ئەگەری دەستپێکی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەکات بۆ سەر هێزە کوردیيەکانی رۆژئاوا هەڵکەوتوو لە رۆژهەڵاتی فورات. پێشتر تورکیا هێزی سەربازی خۆی لە رۆژئاوای فورات جێگیر کردووە و ئامانجیشی شەڕی داعش  وهێزە کوردیيەکانی ژێر پشتیوانی واشنتۆن بووە، بەڵام هۆکاری پێشڕەوی نەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ رێگریکردن لە روودانی شەڕ و بەریەککەوتن لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، کە لەو ناوچانە جێگیر کراون.

لە ئێستادا بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئەگەری هێرش بۆ سەر شاری مینبەج دەتوانێ ئامانجێکی سەربازی تورکیا بێت.

هێزەکانی کوردی رۆژئاوا

بە پێی شرۆڤەی چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی، هێزەکانی کوردی رۆژئاوا بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی تورکیا، دەتوانن لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بکەونە دانوستاندنەوە و رێگەی بە هێزەکانی ژێر پشتیوانی ئەسەد بدەن، کە بگەڕێننەوە بۆ ئەو ناوچانەی، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە.

هێزەکانی کوردی رۆژئاوا لە ساڵانی رابردوو بۆشایی دەسەڵات و نەبوونی هێزەی سەربازی بەشار ئەسەدیان وەک دەرفەتێک گواستەوە و لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەریان پێکهێنا، ئێستا و لە دوای کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا ئاستەمە کە بتوانن پارێزگاری لەم دەستکەوتە بکەن.

دیمەشق و هاوپەیمانان

بەشار ئەسەد و هاوپەیمانی واتە رووسیا و ئێران، لە لاوازبوونی هێزە کورديیەکان زۆرترین قازانج دەکەن.

بە پێی شرۆڤەی شارەزایانی سیاسی، پێشبینی دەکرێ بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە سەر تورکیا و سوپای سووریا دابەش بکرێت، بۆ وێنە هێزەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد دەتوانن کۆنترۆڵی شارەکانی رەقە و دێرەزوور بە دەستەوە بگرن، ئەمەش بە مانای کۆنتڕۆڵکردنەوەی چاڵە نەوتییەکانە.

بۆچوونێکی دیکە هەیە، کە پێيوایە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، چیدی هیچ رێگرێک لە بەردەم ئێران بۆ گەیشتنی بە مەدیتەرانە نامێنێ، ئەمەش بە ریڕەوی زەمینی و بە تێپەڕبوون لە عێراق و سووریا دەگاتە ئەنجام.

رووسیاش بەم کشانەوەیە، هێزێکی سەربازی و دیبلۆماسی زیاتری لە شەڕی ناوخۆی سووریا بە نەسیب دەبێت.

داعش

یەکینەکانی پاراستنی گەل، سەرەکیترین فاکتەرن لە هێزەکانی سووریای دیموکراتی، کە وێڕای هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعش شەڕی داعشیان کرد.

وێڕای ئەوەی، کە دۆناڵد ترەمپ، باسی لە تێکشکانی داعش کردووە لە سووریا، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکراتی، ئێستاش لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ئەگەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا، ببێتە هۆی لاوازبوونی باسی سەربازی ئەم هێزانە، بە ئەگەری زۆر داعش هەلەکە بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵی بەشێک لە ناوچەکانی سووریا بکات.

هێزە جیهادییەکانی جێگیر لە ئیدلیب

پێدەچێ گروپە جیهادی و چەکدارەکانی جێگری لە ئیدلیب، لە دوای رێککەوتنی وڵاتانی لایەن لە شەڕی سووریا، بکەونە دۆخێکی لاوازەوە.

شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە، کە روسیا رێگە بە هێرشی تورکیا بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل دەدات، لە بەرامبەردا سوپای سوریا بەرەو ئیدلیب پێشڕەوی دەکات.

لە وەها هەل و مەرجێکدا، ئەگەری هەیە هێزە جیهادییەکان و ئۆپۆزسیۆنی جێگیر لە ئیدلیب، وێڕای تورکیا هێرش بکەنە سەر هێزە کوردیيەکان.

ئیسرائیل

بە بۆچووونی چاودێران، ئیسرائیل دۆڕاوی گەورەی کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەبێت.

نەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بە مانای ئامادەبوونی بەهێزتری ئێرانە بۆ جێگیربوونی سەربازی لە سووریا.

ئیسرائیل، کە تا دوێنێ پشێوازی لە سیاسەتەکانی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، ئێستا رایگەیاندووە، کە رێگە نادات سووریا ببێتە مەیدانی ڕمبازێنی ئێڕان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com