تورکیا لە تاران و مۆسکۆ دوور دەکەوێتەوە

0

نوچەنێت

ناوەرۆکی پەیوەندیيە تەلەفۆنیەکانی دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە دواتر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریای بە دوادا هات، هەڵگری پەیامێکی گرنگ و مێژوویەوە، ئەویش کرانەوەی دەستی ئەنقەرەیە لە گۆڕانکاریيەکانی سووریا، بە هۆی ئەم رێککەوتنەوە، تورکیا لە سووریا رۆڵێکی باڵادەستی دەبێت.

دانی بەرپرسياريێتی بە تورکیا و پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی و تەنانەت سەربازی ئەمریکا لەم وڵاتە، مانای وایە، کە ئەنقەرە بەرە بەرە لە مۆسکۆ و تاران دوور دەکەوێتەوە، تەنانەت گریمانەی بارگرژی، کە پێوەندیيەکانی نێوانیاندا دەکرێت، ئەم رۆڵگێڕانەی ئەنقەرە دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ هاوکێشەیەکی نوێ. ترەمپ و ئەردۆغان لە سەر ئەوە رێککەوتوون، کە بەرپرسيارێتی و رۆڵی کۆتایيهێنان بە  شەڕی داعش و بنەبڕکردنی ئەم رێکخراوە بدرێتە ئەنقەرە، ئەمەش بە مانای پڕ رەنگتربوونی رۆڵى ئەنقەرەیە لە سووریا، هاوکێشەیەکی نوێ، کە رەنگە تاران و مۆسکۆ لە دژی بووەستنەوە.

شەش مانگ بەر لە ئێستا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن، لە خراپترین حاڵەتی خۆیدا بوو، ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەندرۆ برانسۆن، قەشەی ئەمریکی لە لایەن تورکیاوە، کە دواتر سەپاندنی سزا و گەمارۆی توندی واشنتۆنی بە دواداهات و ئەنجامەکەی بوو بە دابەزینی لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار، زۆری نەخایاند، کە ئەردۆغان، بڕیاری ئازادکردنی قەشەی ئەمریکی دا و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن ئاسایی بووەوە. دواتر بینیمان، کە بە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی ترەمپ راگەیێندرا، کە ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە و شەڕی دژ بە داعش و بەرپرسیاریێتیەکەی رادەستی ئەنقەرە کراوە، تورکیا هاوکات رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنی سەربازيی بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەکات.

ئاژانسەکانی تورکیا، هۆکاری سەرەکی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە بۆ رێگرتن لە روودانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا، بە گوێڕەی سەرچاوەکان، تورکیا لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە هەموو ئامادەکاری و هەماهەنگییەکی بۆ دەستپێکی ئەم ئۆپەرسیۆنە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەمریکا بەڵێنی بە تورکیا داوە، کە ئەم وڵاتە وەک نوێنەری واشنتۆن لە رۆژهەڵاتی فورات بە فەرمی بناسێت، هەروەها رێگەی پێدەدرێ لە رووی مەیدانییەوە، تورکیا خۆی بەهێز بکات، بە تایبەت بەرامبەر بە رووسیا و پرسی پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکاری دەستووری نوێی سووریا و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە.

بەهێزبوون و ئامادەبوونی مەیدانی تورکیا، تای تەراوزو و لە دانوستاندنەکان لەگەڵ رووسیا بە قازانجی ئەنقەرە قورستر دەکات؛ تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی ئەنقەرە لە مۆسکۆ. ئەگەر ئەم گریمانەیە وەڕاست بگەڕێ، مانای وایە، کە تورکیا لە بابەتی ئامادەکردنی دەستووری نوێ و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریاش باڵادەستە، ئەمەش ئەو پەیامە دەگەیەنێ، کە ئەنقەرە لە قۆناغەکانی دواتر بەرامبەر بە تاران و مۆسکۆ، دەوەستێتەوە.

بڕیارەکەی ترەمپ چ مانایەکی بۆ ئێران هەیە؟

هەروەک چاوەڕوان دەکرا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، کاردانەوەی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەدواوە بووە، بە تایبەت لە لایەن هاوپەیمانانی واشنتۆنەوە. نەیارانی ترەمپ جەختیان لە سەر ئەگەری سەرهەوڵدانەوەی داعش و ئامادەیی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی کاریگەری و نفوزی ئێران، کە سووریا کردۆتەوە. رەنج عەلائەدین لە برۆکینگزى نووسی “کشانەوەی هێزەکان لە رووی ستراتیژیيەوە یارمەتی بە ئێران دەدات و مەیدانێکی بەربڵاوتر دەخاتە بەرەدست ئێران”. ستێفان ڤۆڵت لە فارین پالیسی نووسی “بڕیارەکەی ترەمپ هەنگاوێکی دروست، بەڵام شێوازەکەی هەڵە بووە”. ڤۆڵت هەروەها نووسیبووی، کە “سووریا بەهایەکی ستراتیژيی ئەوتۆی بۆ ئەمریکا نییە”.

هەر چۆنێک بێت بڕیاری ترەمپ، کردەیی کردنی دروشمی “سەرەتا ئەمریکا”یە، کە لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڵێنی دابوو. بە پێچەوانەی لێکدانەوەی گەشبینانەی ئەو چاودێرانەی، کە پێیانوایە ئەمریکا بە یەکجاری لە ناوچەکە (عێراق، سووریا و ئەفغانستان) دەکشێتەوە، ئەم بڕیارەی ترەمپ، زۆرتر مانای پلانێکی نوێ دەگەیەنێ، کە ئەویش دەستوەردانی زیاتری واشنتۆنە لە ناوچەکە و بە ئەگەری زۆر ناوچەکە، کەنداو بێت. هەڵکەوتەیەک، کە گریمانەی شەڕ لە گەڵ ئێران تیایدا بەهێزە.

بە گشتی سیناریۆیەکی جیدی بەڕێوەیە، کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، بوارێکی تاکتیکی هەیە تاکو تورکیا بەرامبەر بە ئێران دابنێ و تەرکیزی واشنتۆن لە سەر ئێران زیاتر بێت، گریمانە دەکرێ لە وەها دۆخێکدا ترەمپ بیهەوێ لە سەر ئامادەبوونی ئێران لە سووریا، لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیا، بکەوێتە دانوستاندنەوە و بەم شێوەیە، ئێران زیاتر گۆشەگیر بکات، پەیامێکی روونی ئەم سیناریۆیە، ئامادەکاری زیاترە بۆ لێدانی ئێران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com