ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقە

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ (یەکشەممە ٦-١-٢٠١٩)، ٩٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەڕێت، کە لەسەرەتای دروستبوونییەوە ئەو سوپایە چەندین جار هەڵوەشاوەتەوە و بونیادنراوەتەوە.

لە ئێستاشدا هێزە چەكدارەكانی عیراق، كە سوپای كۆماری عیراقی فیدراڵە، لەچەند هێزێك پێكدێت كە بریتین لە هێزە وشكانییەكان، هێزە دەریاییەكان، هێزە ئاسمانییەكان لەگەڵ هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان (پێشمەرگە).

مێژوی دامەزراندنی سوپای عیراق دەگەڕێتەوە بۆ ٦-١-١٩٢١ ، یەكەمین یەكەی سوپای عیراق لەسەردەمی ئینتیدابی بریتانی بەناوی موسا كازم لە بەغداد پێكهێنرا، دواتر لەساڵی ١٩٣١ هێزی ئاسمانیی عیراق پێكهێنرا لەساڵی ١٩٣٧ دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا.

لە كۆتاییەكانی جەنگی نێوان عیراق ‌و ئێراندا، ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە لوتكە‌و بوو بە یەك ملیۆن سەرباز، ساڵی ٢٠٠٣ دوای هێرشی هێزەكانی ئەمریكا ‌و هاوپەیمانان بۆ سەر عیراق، پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عیراق، بە بڕیارێك سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوە‌ و سەرلەنوێ دەستكرا بە بنیادنانەوەی ئەو سوپایە.

سوپای عێراق پێنج بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە هێزی زەمینی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی، فڕۆکەوانیی سوپا و بەرگریی ئاسمانی و بەم دواییانەش میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە دەیان میلیشیای شیعە مەزهەبی، خرانە سەر سوپا.

ئەو سوپایە بەردەوام دەستی لە کاروباری سیاسەت وەرداوە و چەند جارێکیش کودەتای پێ ئەنجام دراوە، کە دیارترینیان بریتین لە کودەتای جەنەڕال عەبدولکەریم قاسم و رووخاندنی رژێمی پاشایەتی و دامەزراندنی کۆماری عێراقی لێکەوتەوە.

کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨، یەکێکی دیکە لە کودەتاکانی سوپای عێراق، کە بووە هۆی باڵادەستبوونی حزبی بەعسی عێراق و دەستبەسەرداگرتنی حوکم لەلایەن ئەو حزبەوە. حزبی بەعس بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە حوکمی عێراقی کرد و سوپای وڵاتەکەی لە دژی گەلی کوردستان بەکار هێنا.

سوپای عێراق لە مانگی ٦-٢٠١٤، تووشی گەورەترین داڕمان بوو، لەو کاتەی نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سوریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لەماوەی چەند رۆژێکدا، نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد.

بەهۆی هێرشی داعشەوە، هەموو فەرماندە و سەربازەکانی سوپای عێراق لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار چەک و جلە سەربازییەکانیان فڕێ دا.

دیارترین ئەو تاوانانەی سوپای عێراق دژی گەلی کورد ئەنجامی دا:

– ئەنفالکردنی ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کورد.
– کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و بالیسان و شێخ وەسانان و بادینان.
– ئەنفالکردنی پێنج هەزار بارزانی.
– سووتاندن و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ گوندی کوردستان.

رۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق لە هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانیشەوە پشووی فەرمییە، بەڵام بۆ ئەمساڵ (٢٠١٩)، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشووەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، نەهێشت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com