راکان جبوری لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هاتەدەنگ

0

نوچەنێت

پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لەسەر بارەگای یەکێتی نیشتمانی لە کەرکوک بە موزایەدەی سیاسی ناودەبات و داوای ناردنی هێزی زیاتر لە بەغداوە بۆ شارەکە دەکات. 

رۆژی سێشەممە ٨-١-٢٠١٩، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاڵای کوردستانی لەسەر بارەگای خۆی لە کەرکوک هەڵکرد، ئەمەش هەرایەکی زۆری لێکەوتەوە، چونکە لە دوای رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە، هێزەکانی عێراق رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک نادەن.

راکان سەعید، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند “داواکارین لە خەڵکی خۆشەویستی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانییانەوە دوای موزایەدەی سیاسی نەکەون، کە گرنگی بە ئاسایشی هاوڵاتیان و خزمەتکردنیان و سەقامگیرییان نادەن و هەوڵی نانەوەی ئاشووبی دەدەن”.

راکان سەعید داوا لە بەرپرسانی یەکێتی دەکات، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێ، ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای حیزبەکەیان لە کەرکوک داگرنە خوارەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و دەڵێ: “ئەوەی روویداوە و خوانەخواستە روودەدات لە ئەستۆی ئەوانە”.

جبوری ئاشکراشی کرد، کە داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رەوشەکە وەک جاران لێبکەنەوە و هەر پێشێلکارییەکی یاسا و دەستوور و بڕیارەکانی پەرلەمان و دادگای کارگێڕیی پەیوەندیدار، نەهێڵن.

پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک هاوکات هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە لایەن یەکێتییەوە لە کەرکوک بە هاندانی تیرۆر و نەفس نزمەکان و کارێکی نابەرپرسیارانە ناودەبات و داوا لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بەپەلە ئەم رەوشە نەهێڵن.

ناوبراو لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە “کەرکوک سەلماندی لە ژێر ئاڵای عێراقی یەکگرتوو پڕ ئاسایش و سەقامگیرە و ئەمەش هانمان دەدات ئەم دەستکەوتانە بپارێزین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com