بەم شێوازە لە پڕۆژەیاسای گۆڕانکاری لە پشکی هەرێمدا کراوە

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەو پڕۆژەیاسای، کە حکومەتی عێراق ناردوویەتی هەمووی وەک خۆیەتی، جگە لە بابەتی هەرێمی کوردستان.

لەماوەی ڕابردوو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵی زۆریاندا پشکی هەرێمی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ـی عێراق، لە  ١٢،٦٧% وە زیاد بکرێت، بەڵام  ڕێژەکە بەبێ گۆڕانکاری مایەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ـی عێراق، رایگەیاند “ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠-١-٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی سێیەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەکردووە و بەردەوامی دەبێت، ئەو پڕۆژەیاسای، کە حکومەتی عێراق ناردوویەتی هەمووی وەک خۆیەتی، جگە لە بابەتی هەرێمی کوردستان، کە گۆڕان کارییەکی تێداکراوە، بەڵام هێشتا پەسەندنەکراوە تەنها پڕۆژەیاسایە”. 

غالب محەمەد سەبارەت بە گۆڕانکارییەکە زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی “لە پڕۆژەیاساکەدا لە بڕگەی (ج) لە ماددەی ١٠ دا هاتووە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بە پێدانی نەوت بە حکومەتی عێراقی، ئەوا وەزارەتی دارایی مولزەمە بەوەی، کە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، جگە لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، کە کۆی پارەکە دەکاتە ٥٩٠ ملیار دینار”. 

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان جەختیشکردەوە لەوەی، کە ئەمە بۆ سێیەمین جارە حکومەتی عێراق گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دادەکات. دەشڵێت “بەو پێیە بێت حکومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت نەنێرێت بۆ حکومەتی عێراق و لە بەرامبەردا ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت، بەڵام دیار نییە ئەو٥٩٠ ملیار دینارە، پارەی حاکیمەشی لەگەڵ دەدرێت یاخود نا”.   

هەروەها گوتی “ئەگەر ئەم بڕگەیە پەسەندبکرێت، بەم هۆکارانە زیانی زۆر دەبێت:

یەکەم: داهاتی نەوتی هەرێم دیار نامێنێت.
دووەم: پترۆ دۆلار نابێت بۆ هەرێمی کوردستان.
سێیەم: باج و گرانی سوتەمنی لانادرێت.
چوارەم: داهاتی ناوخۆی هەرێم کەس نازانێت لەکوێیە.
پێنجەم: کەس نازانێت بەم پارەیە موچە دەدەن یان نا.
شەشەم: ئایا ڕێژەی لە ١٢،٦٧% بۆ هەرێم جێگیر دەکرێت و دەبێتە عورف، کە ئەمە کێشەکی گەورەیە، چونکە داوای هەرچی بکەین پێمان دەڵێن پشکی ئێوە دیاریکراوە”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com