پەیوەندی ئێران و سۆڤیەت، کاریگەری لەسەر شۆڕشی ئێران

0

رووخانی شای ئێران، بەهۆی زڵم و زۆر و نابەرابەری و جیاوازی چینایەتی ، بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن و بێتوانایی رژێمی شا  لە کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لەساڵی ١٩٧٩، هەروەها بە هۆی بۆشایی دەسەڵات و هەلێکی کاتی، کە دوای رۆیشتنی شا، ڕەخسا رێکخراو، حزب و گروپی زۆر لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەرکەوتن، کە یەکێک لە گرنگترینی ئەوانە “حزبی کۆماری ئیسلامی” بوو.

ئەم حزبە یەکەم حزبی بەربڵاوی هێزە ئیسلامییەکان بوو، بۆ یەکخستنی سیاسی ئەوانە لە پاش سەرکەوتنی شۆڕش و وەک دەمامک و دەستی رێکخراوی مەلایان، “کۆمەڵەی مەلایانی خەباتگێڕ” پێکهات. ئەمانە پاش ئەوەی، کە هەست بە مەترسی لەدەستدانی مەیدانی سیاسی لەلایەن حزبەکانی دیکە وەک چەپ و لیبراڵەکان کرا تۆمەتباریان کردن و بەشێک لەسەرکردەکانیان لەسێدارەدا و حزبەکانیان هەڵوەشاوە راگەیاند.

روخان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران و جێگرتنەوەی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە، بە وەرچەرخانێكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێت.

ئاشتی سارد [١]

مێژووی پەیوەندی ئێران و رووسیا، کۆنەو بۆ ساڵی ١٥٢١ دەگەڕێتەوە، بەڵام واقعیەتی هەڵسوکەوتیان ئەوە پیشان دەدات، کە هەمیشە ئاماژەکانی کێشە، بێ متمانەیی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانیاندا هەبووە، هەروەها دۆخی جیۆپۆلیتیکی رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەیوەندی نێوانیان.

لە ماوەی ساڵەکانی (١٩٦٢- ١٩٧٩) بەرەبەرە ئاشتییەکی سارد کەوتە پەیوەندی نێوان ئێران و سۆڤیەت، لەو کاتەدا ئاماژەکانی شەڕی سارد بەرەو نەمان دەچوو بۆیە زەمینە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی ڕەخسا.

یەکێتی سۆڤیەت و شۆڕشی ئێران {٢}

لە راستیدا پشتیوانی ئایەتوڵڵا خومەینی لە کوخنشینەکانی هەژاران، و دژی ئیستیعماری جیهانی و کۆشک نشینەکان، کە بەشێک بوو لە شیعاری چینی کرێکار و دژی بۆرژوازی. هەروەها حزبی تودەی ئێران (حزبی چەپی ئەو سەردەم)، کە لەو ساڵانە دا – وا دەبیندرا پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لە گەڵ یەکێتی سۆڤیەت هەبێ، لەگەڵ هەموو گروپەکانی چەپ و مارکسیستی پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران دەکرد و شیعارەکانی خومەینی ـ یان بەلاوە پێشکەوتوو و دژە ئیمپریالیستی بوو.

لەلایەکی دیکەوە ناتوانرێ هەڵوێستی حزبی تودە، لە بەرامبەر شۆڕشی ئێران، بەهەمان هەڵوێستی یەکێتی سۆڤیەت هەژماربکرێ، چونکە مۆسکۆ لەو کاتەدا، رووداوە نێودەوڵەتییەکانی لە چوارچێوەی ”شەڕی سارد” لە گەڵ رۆژئاوا بە رێبەری ئەمریکا، هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بۆ دەکرد.

هاوکات لە گەڵ شۆڕشی ئێران، رووسەکان سەرقاڵی کێشەی ناوخۆی ئەفغانییەکان بوون، کە هەردوو پارتی “خلق و پرچم” لە دۆخی شەڕێکی خوێناوی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بە سەر حوکمی وڵات بوون، لەسەر ئەو بنەمایە، سۆڤیەت نەیدەویست بە شێوەیەک لە شۆڕشی ئێران رۆبچێت، کە بەدگومانی رۆژئاوا سەبارەت  بە سیاسەتی ئەم وڵاتە زیاتر بکات.

سۆڤیەت، پەیوەندییەکی ئەوەندە ساردیشی لە گەڵ شای ئێران نەبوو، بەڵام هاوپەیمانێتی بەهێزی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، بێ سەرئێشە و نیگەرانی نەبوو. لەم رووەوە، ئەگەری ئەوەی کە سۆڤیەت لە رووخانی رژێمی پەهلەوی خۆشحاڵ بووە زۆرە، بەڵام هۆکارێکی بەهێزیش لە نیگەرانیان سەبارەت بە شۆڕشی ئێران بوونی هەبوو.

رووسەکان، لە بنەڕەتدا لە مەزهەبی بوونی شۆڕشی ئێران و ئەگەری کاریگەری لەسەر کۆمارییە موسڵمان نشینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاز نیگەران بوون و، نەیاندەزانی کە رێبەری شۆڕشی ئێران، لە کۆتاییدا بە چ ئاراستەیەک دەچێتە پێش.

بەم هۆکارە سۆڤیەت سیاسەتێکی دووربینانەی لە بەرانبەر شۆڕشی ئێرانی گرتەپێش، بە هیوای ئەوەی کە هێزە چەپەکان و بە تایبەت حزبی تودە، لە ماوەیەکی زەمەنی بتوانێ ئاراستەی دژە رۆژئاوایی شۆڕش و رژێمی بەدەستهاتوو لە شۆڕشەکەدا بەهێز بکەن.

ئەم رووداوە لە بنەڕەتدا دووری ئێرانی لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەپاراست،  بەبێ ئەوەی هەستیاری رۆژئاوا بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت زیاد بکات.

پشتیوانی ئێران لە گرووپە جیهادییەکان

لەم کاتەدا هێرشی سوپای سوور، بۆ سەر گروپە توندڕەوەکانی ئەفغانستان، یەک ساڵ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، کە گوایە بەمەبەستی لەسەر کارلادانی “حفیظ‌ الله امین”، رێبەری حزبی خلق ئەفغانستان لە دەسەڵات، ئەنجام درا، بەڵام لە لایەن رۆژئاوا و جیهانی ئیسلام، بەواتای پەرەپێدان بە دەسەڵات و قەڵەمڕەوی لێکدرایەوە، زەمینەی هاوکاری ئێران و ئەمریکای دژی رووسیای لەو دەورەیە فەراهەمکرد، ئێرانیش بە پشتیوانی توند و تەواو لە گروپە جیهادییەکانی ئەفغانستان، لەم بابەتە بە شێوەی کرداری لە تەنیشت ئەمریکا، میسر، سعودیە و پاکستان راوەستا.
 

هەڵوەشاندنەوەی حزبی تودە و بێ هیوایی سۆڤیەت
داگیرکردنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایەن خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی ئیمام “پیروان خط امام” بووە هۆی کشانەوەی لیبڕاڵەکان لە دەسەڵات، ، بەڵام زۆری نەکێشا حزبی تودە بە داڕێژەری پلانی کودەتا دژی رژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی تۆمەتبار کرا و بەشێک لە رێبەرانی دەستگیر و زیندانی و بەشێکی دیکەیان لە وڵات هەڵهاتن. {(١٩٢٠ – ١٩٨٣) بەهۆی دژایەتیان لەگەڵ شەڕی ئێران و عێراق، تۆمەتی کودەتایان درایەپاڵ و بە قەدەغەکراو هەڵوەشێنرایەوە راگەیێندران.

نە شرقی نە غربی

کاتێک شۆڕشی ئێران سەرکەوتنی بە دەستهێنا، ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای “نە شرقی نە غربی” داڕێژرا. ئەمەش بە بنەمای هاوکارییە نوێیەکانی ئێران لەگەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دانرا.

ئەوەش بووە هۆی ئەوەی، کە یەکێتی سۆڤیەت بە هێزێکی زۆرترەوە بە ئاراستەی یەکێک لە کارتە مێژوویی و هەروەها هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە فرۆشتنی چەک، وەک دەستوەردانی سیاسی گرنگ رووی تێکرد؛ کارتێک، کە دەورانی پەهلەویش بەکاریهێنا.

رێککەوتننامەیەکی پانزە میلیار دۆلاری ئێران و سۆڤیەت

لە ساڵی ١٩٨٩، رێککەوتننامەیەکی پانزە میلیار دۆلاری لە نێوان ئێران و سۆڤیەت واژۆ کرا، بابەتی رێککەوتننامەکە پەرەپێدانی هاوکاری بازرگانی و فراوانکردنی سەرمایەگوزارییەکان بوو.

لەم رێککەوتننامەیەدا، دوو تا چوار میلیار دۆلار بۆ هاوکاری سەربازی و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی دیاری کرابوو. بوونی ئەم رێژەیە، ئاماژەیە بەوەی کە مامەڵەی سۆڤیەت لەگەڵ ئێران، ئایدۆلۆژی نەبووە و لەسەر بنەمای ئابووری بووە، ئەمەش گرنگترین پرس لە پەیوەندی نێوان ئێران و سۆڤیەت بوو، لەبەر ئەوەی مامەڵەی بەر فراوانی کەلوپەلی سەربازی، هێمایە بۆئەوەی ئێران بۆ باشکردن و بەرەوپێشبردنی هەیکەلی سەربازی خۆی، سەرکەوتوو نەبووە لەوەی سەرنج و هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا بەلای خۆیدا رابکێشێ.

هەڵوێستی فرانسوا میتران
 فرانسوا میتران، سەرۆکۆماری ئەوکاتی فەرەنسا، لە وەسفی شۆڕشی ئێران گوتبووی، ئەم شۆڕشە، ئێرانی لە بازنەی رۆژئاوا دەرکرد، بەڵام پەیوەستیش نەبوو بە بلوکی شەرق (سۆڤیەت)؛ لەم رووەوە باڵانسی هێزی جیهانی بەهۆی ئەم شۆڕشەوە تێکنەچوو.

نامەی خومەینی بۆ گوڕباچۆف {٣}

رێبەری ئێران (ئایەتوڵڵا خومەینی)،لە یەکەم رۆژی ساڵی ١٩٨٩دا  نامەیەکی بۆ گوڕباچۆف نارد. لەم نامەیدا لەبارەی مردنی کۆمۆنیزم هۆشداری دەدات وجەخت لە سەر پێویستی دوورکەوتنەوەی سۆڤییەت لە رۆژئاوا دەکات و دەڵێت:

بەڕێز گوڕباچۆف، بۆ هەموان روونە، کە لەمەو بەدواوە دەبێ کۆمۆنیزم لە مۆزەخانەکانی مێژووی سیاسی جیهان بەدوایدا بگەڕین؛ لەبەر ئەوەی مارکسیزم وەڵامدەرەوەی هیچ پێداویستییەک لە پێداویستییەکەی واقعی ئینسان نییە؛ تەنیا مەکتەبێکی ماددییە و بە ماددیاتیش ناتوانرێت کۆمەڵگەی بەشەری لە قەیرانی بێ بیروباوەڕی بە مەعنەویەت، کە بنەڕەتی ترین ناخۆشی کۆمەڵگەی بەشەری لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات دەر بهێنێ.

داوای لە رێبەی سۆڤیەت کرد، سیاسەتی دژە مەزهەب کۆتایی پێ بهێنێت و سەبارەت بە ئیسلام موتالەعە (خوێندنەوە لەو بوارە) بکات. هەروەها لەم نامەیەدا ئاماژە بە بەشێک لە ئەندیشەکانی فەیلەسوفەکان و عرفای موسڵمانان (پیاوانی دانا و زانا) دەکات.

خومەینی لە بەشێکی دیکە نامەکەیدا لەبارەی گۆڕانکاری حزبی لە سۆڤیەت دەڵێت، هەرچەند لەوانەیە لە چوارچێوەی بیر و بڕیاری نوێی ئێوە تەنیا شێوازێک بۆ چارەسەری کێشەکانی حزب، لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە گرفتی خەڵکەکەتان بێ، بەڵام بە هەمان رێژەش ئازایەتی پێداچوونەوە لە بارەی مەکتەبێک (فکری)، کە ساڵەهای ساڵ شۆڕشگێڕەکانی جیهانتان لە چوارچێوەیەکی ئاسنین زیندانی کردووە، قابیلی ستایشکردنە.

 خومەینی لە نامەیەکی دیکەیدا ئاماژەی بە کوشتاری خەڵکی ئەفغانستان لە لایەن هێزەکانی سۆڤیەتەوە نەکردبوو، بەڵام هۆشداری دابوو بە گوڕباچۆف، کە مەبادا گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەی رووخانی رژێمی داخراوی سۆڤیەت و بە روونی بە ئاراستەی رۆژئاوایی بچێتە پێش “کێشەی سەرەکی وڵاتی ئێوە مەسەلەی ملکیەت، ئابووری و ئازادی نییە، کێشەی ئێوە بێ باوەڕی واقعییە بە خودا”.

کاردانەوە و وەڵامی سۆڤیەت

بۆ راگەیاندنی وەڵام، شاندێک لە سۆڤیەت گەیشتە ئێران و رۆژی ٢٢-٢-١٩٨٩،  ئەدوارد شواردنادزە (وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت)، وەڵامەکەی لە بەردەم خومەینی خوێندەوە:
گوڕباچۆف، زیاتر لەوەی لە وەڵامەکەی خۆی گرنگی بە کێشمەکێشی ئایدۆلۆژی خومەینی نیشان بدات، ئەم هەلەی بۆ وەبیرهێنانەوەی موناسەباتی ستراتیژی سۆڤیەت بەکارهێنا، “ئێمە راشکاوانە پێشوازی لە کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق دەکەین، بۆ هاوکاری ئێوە لە ئاراستەی بەهێزکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک و تەواوی جیهان ئامادەین. ئامادەیی بەرفراوانی سەربازی لە کەنداوی فارس جێگەی نیگەرانی ئێمەیە. مەبەستم ئامادەیی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە، ئەم واقيعە زۆر مەترسیدارە و دەبێ ئەوە کۆتایی پێ بهێنرێت”.

بە پێچەوانەی خومەینی، گوڕپاچۆف مەسەلەی ئەفغانستان دێنێتە بەرباس و دەڵێت “ئێمە دەمانەوێت لە بابەت چارەسەری دادپەروەرانەی کێشەی ئەفغانستانیش لەگەڵ ئێوە هاوکارییەکی باشمان هەبێت، بهێڵین خەڵکی ئەفغانستان چارەنووسیان خۆیان دیاری بکەن بە بێ دەستوەردانی دەرەکی”. ئەم دیدارە ئاخرین دیداری گشتی خومەینی بوو، دوای سێ مانگ کۆچی دوایی کرد.

ئەم خاڵانەی دەبووە مایەی رەزامەندی مۆسکۆ لە ئێران:

– دژایەتی بەردەوام لەگەڵ ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا.

– پەیوەندی روو لە گەشە لەگەڵ وڵاتە رادیکاڵەکانی وەک (کوبا، لیبیا، سووریا و کۆریای باکوور).

– سەرکۆنەکردنی وڵاتانی میانڕەوی عەرەبی، بە هۆی هاوکاریان لەگەڵ ئەمریکا.

– دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل.

ئامانجی سۆڤیەت لە ئێران {٤}

شۆڕشی ئێران، بە لە ناوبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و رێگەنەدان بە دانانی بنکەی ئەمریکا بەمەبەستی دژایەتی یەکێتی سۆڤیەت، ئیمتیازێکی ستراتیژيی گەورەی دا بە مۆسکۆ، پاراستن و راگرتنی ئەم ئیمتیازە ئامانجی بنەڕەتی سۆڤیەت بوو.

مۆسکۆ تێگەیشت، کە ئامادەیی سەربازی لە ئەفغانستان لەگەڵ دژایەتی توندی خومەینی رووبەڕوو بووەتەوە، هەروەها نزیکی لە عێراق لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێران، ناسازگاری ناوخۆیی و گومانی ئێرانی سەبارەت بە نیەتی کۆتایی سۆڤیەت، بوونە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران.

یەکێتی سۆڤیەت بەردەوام ستراتیژی خۆی، کە دژی بەرژەوەندی ئەمریکا داڕێژرابوو دەگرتەپێش، بەو پێیەش پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئێران دەبردە پێش. دوای سەپاندنی گەمارۆی ئابووری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوایی بە سەر ئێراندا، لە کاتی داگیرکردنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە تاران، لە نوڤەمبەری ساڵی ١٩٧٩، سۆڤیەت ئارەزوومەندانە بە هانای ئێرانەوە چوو بە مەبەستی گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و لە بواری تەکنیکییەوە هاوکاری ئەم وڵاتەی کرد.

لە دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق، سۆڤیەت بێ لایەنی خۆی راگەیاند، کە ئەمەش عێراقی توڕە کرد، لەبەر ئەوەی پەیماننامەی دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرابوو. (هاوکارییە یەک لە داوی یەکەکان بۆ عێراق، بووە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران). بەڵام ئەوان بەردەوام جەختیان لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ ئێران دەکردەوە و بەرامبەر بە هێرشە دنەدەرانەی ئێران، هەمیشە بە خۆپارێزییەوە وەڵامیان دەدایەوە.

سۆڤیەت حزبی تودەی هاندەدا، تاکو سەرەڕای سەرکوتکردنیان بەرامبەر رژێمی ئێران وەفادار بمێننەوە؛ بەو هیوایەی ئەم بابەتە ببێتە هۆی باشبوونی پەیوەندی ئێران و سۆڤیەت و، هاوکاتیش پارێزگاری لە حزبی تودە بکات.

سۆڤیەت، هەڵوێستێکی هاوشێوەی لەبەرامبەر کەمینەکانی ئێران گرتە پێش، تا کاتێک، کە خومەینی لە ئاراستەی دژە ئیمپریالیستی بەردەوام بوو؛ پشتیوانی لە هیچ جۆرە چالاکییەکی دژی رژێم نەدەکرد.

سۆڤیەت هەوڵی دەدا لە رێگەی سەرمایەگوزاری، هەژموونی خۆی لە ناو ئێران و بەتایبەت رێکخراوەکان جێگیر بکات، هەروەها پڕوپاگەنده‌ و زانیاری هەڵەی بەکاردەهێنا تاکو وێنایەک لە ئەمریکا پیشان بدات، کە خوازیاری رووخاندنی رژێمی خومەینییە و سۆڤیەتیش وەک پارێزەری ئێران بناسرێ و ئەوانەی دیکە بێ متمانە بن، بەڵام ئەمانە هەمووی پێچەوانە بووە و لە کۆتاییدا بە دژەکردەوەی نەرێنیانە رووبە ڕووبووە، هەموو هەوڵەکانی مۆسکۆی بۆ باشترکردنی پەیوەندی هەردوولایەن لە ناوبرد.

ئەو هۆکارانەی ئێرانی لە سۆڤیەت دوور دەخستەوە:

– شەڕی ئێران و عێراق (هاوکاری سۆڤیەت بۆ عێراق).

– پەیوەندی ئێران لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەو وڵاتانی لایەنگری رۆژئاوا بوون (تورکیا و پاکستان).

– ئامادەیی سەربازی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، دژی گرووپە جیهادییەکان.

– شای ئێران لە ئەپریلی ١٩٧٨ دژی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆمونیستەکان لە ئەفغانستان بوو، هەروەها رژێمی خومەینیش نە تەنیا دەستوەردانی سۆڤیەتی لە ئەفغانستان، لە دیسەمبەری ١٩٧٩ ئیدانەکرد، بەڵکو پشتیوانییەکی توندی لە گروپە جیهادییەکان کرد و رێگەی پێدان لە خاکی ئێران چالاکی بکەن؛ بە گوێرەی بەڵگەنامە  و راگەیاندنەکانی سۆڤیەت، ئێران بەشێک لەو گروپانەی پەروەردە و پڕچەک کردووە.

ئامانجی سۆڤیەت لە هاوکاری عێراق دژی ئێران [٥]

بە شێوەی گشتی ئامانجەکانی سۆڤیەت لە یارمەتیدانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، دەتوانرێ لە چەند دەستکەوتێکی گشتیدا کۆبکرێتەوە:

١- فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی بە عێراق، بۆ بەدەستهێنانی داهات لەم رێگەیەوە.

٢ـ پێش شۆڕشی ئیسلامی، عێراق سەر بە بلۆکی رۆژهەڵات (سۆڤیەت) و ئێران سەر بە بلۆکی رۆژئاوا (ئەمریکا) بوون، سۆڤیەت پێیوابوو بە سەرکەوتنی عێراق بە سەر ئێراندا، ئێران دەچێتە ناو گروپی وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات.

٣ـ دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت، دەیانویست لە رێگەی رووخاندنی ئێران (شۆڕشی ١٩٧٩)، هێز و رۆحیەتی ٦٠ میلیۆن موسڵمانی رووسیا لاواز بکات و پێش لە بەهێزبوونیان بگرێت.

٤ـ لاوازکردنی گروپە دژبەرەکانی (جیهادییەکان) ئەفغانی و بێ بەشکردنیان لە یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەلارێدا چوونی رای گشتی لە تاوانەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان.

٥ـ نمایشکردنی چەکە پێشکەوتووەکانی سۆڤیەت لە شەڕی ئێران و عێراق، بۆ بە دەستهێنانی پشکێکی زیاترلە بازاڕی جیهانی.

هەر شۆڕشێک دژی بەرژەوەندی ئەمریکا بێ، ئاوێکە لە ئاسیاوی ئێمە دەکرێ [٦]

لە وتوێژ لەگەڵ رۆژنامەی  ئیعتمادی ئێران، لێکۆڵەر و نوسەر و مامۆستای زانستە سیاسییەکان، ”ئیلاهە کولایی” لە بەشێکی دا دەڵێت “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رووسەکان لە شۆڕشی بەلشەفی لەو بڕوایەدا بوون، کە هەر شۆڕشێک، بەرژەوەندی ئەمریکا بکاتە ئامانج، ئاوێکە، کە بە ئاسیاوی ئێمەدا دەڕێژرێت. شۆڕشی ئێرانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆیان هەڵدەسەنگاند، بەڵام کاتێ سەرکردەکانی حزبی تودە لە تاران دەستگیرکران، تێگەیشتن، کە ئاراستەی شۆڕشی ئیسلامی نە رۆژهەڵاتە و نە رۆژئاوایە. (نە شرقی نەغربی تنها جمهوری اسلامی). لێرەوە بوو کە  ناڕەزایەتی جیدی لە دەوڵەتی سۆڤیەت سەبارەت حەقيقەتی شۆڕشی ئیسلامی دروست دەبێت.

ئەم بابەتە دواتر لە پرسی ئەفغانستان، رەنگدانەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بوونی سوپای سور لە ئەفغانستان، کە هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا بوو و دواتر پشتیوانی ئێران لە جیهادیيەکانی ئەفغانستان، کە لەبەرانبەر سوپای سور خەباتیان دەکرد، بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، لە کاتێکدا سۆڤیەت شۆڕشی ئێرانی بە ئیمتیازێکی تایبەت لە بەرانبەر ئەمریکا دادەنا”.

گوڕباچۆف چەکی سپی واژۆکراو دەداتە رەفسەنجانی [٧]

باڵیۆزی ئێران لە سۆڤیەت: گوڕباچۆف چەکی سپی واژۆکرای بە هاشمی رەفسەنجانی دا (مانگی ٦ ـی ١٩٨٩)

ئەمین فەرەجوڵڵاهی، یەکەم باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە سۆڤیەت، (١٩٨٦- ١٩٩٠)، دەڵێت “لە کۆبوونەوەی باڵا و لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت، گوڕباچۆف، لاپەڕەیەکی بە هاشمی رەفسەنجانی(سەرۆکی ئەو کاتی پەرلەمانی ئێران) پیشاندا، کە لە خوارەوەی واژۆ هەموو ئەندامانی پولیت بورو- مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیست-سۆڤیەت و سەرەوەی لاپەڕەکە سپی بووـ و گوتی “من هەموو واژۆکانم وەرگرتووە. ئێوە لەبەشی سپی هەرچیتان دەوێ بینووسن و ئێمەش بە ئێوەی دەدەین، ئەمڕۆ پەسەندمان کرد، کە ئێوە هەر چەکێکتان بوێت پێتان بدەین”.

ئەنجام:

یەکێک لەو هۆکارانەی حزبی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەر لایەنەکانی دیکە دا زاڵکرد و گەیاندییە دەسەڵات، پشتیوانی حزبی تودەی ئێران بوو، کە یەکێک بوو لە حزبە جەماوەرییە بەهێزەکان و بە پێچەوانە ئایدیای ئەوان چەپیش بوون، بەڵام کەوتنە داوی دروشمە سەرەتاییەکانی خومەینی و هەروەها دژایەتی ئەمریکییەکان بۆ بەرژەوەندی سۆڤیەت، گرنگیان بە جیاوازی ئایدۆلۆژی خۆیان لەگەڵ ئیسلامییەکان نەدا. ئیسلامییەکان بەتایبەت (حزبی کۆماری ئیسلامی ئێران)، تاکو ئامانجی خۆیان پێکا لە دوورخستنەوەی هەژموونی ئەمریکا و راگرتنی دەستوەردانی رووسیا، تاکو بەهێزتر بوون، دواتر هەژموونی رووسیاشیان لە ئێران بە کوشتوبڕ و راوەدونان و هەڵوەشاندنەوەی حزبی تودە، کەم ڕەنگ کردەوە کە بە  گەورەترین حزبی چەپ و مارکسیستی مێژووی هاوچەرخی ئێران دەناسرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە بە دوور کەوتنەوەی ئەمریکا لە ئێران و  سزادانی ئەم وڵاتە، رووسیا بیری لەدەستوەردان نەکردۆتەوە، هەروەها بەهۆی جیاوازییە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان سۆڤیەت و ئێران، ئێران توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات.

سەرچاوەکان:

[١] http://ensani.ir/fa/article/10942

[٢] http://www.bbc.com/persian/iran/2009/02/090204_ir_ussr_revolution.shtml

[٣]  https://fa.wikipedia.org/wiki/

[٤] http://tarikhirani.ir/fa/news/30/bodyView/5921/0/.html

[٥] https://fa.wikipedia.org/wiki

[٦] http://www.ccsi.ir/vdcauyn6.49nai15kk4.html

[٧] http://tarikhirani.ir/fa/news/30/bodyView/2675/

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com