لەبەرچی یەکێتی بە بەشداری گۆڕان لە حکومەت رازی نییە

0

نوچەنێت

دوای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە ٢٥-٩-٢٠١٨  هێشتا  ئاسۆى  پێکهێنانى  کابینەى  نۆیەمى  حکومەتى هەرێمى کوردستان دیار نییە، گفتوگۆکانیش بۆ پێکهێنانى حکومەت تەنها لە نێوان “پارتى و
 گۆڕان و یەکێتى” ئەنجامدراون بەبێ ئەوەى ئەنجامی کۆتایی دیار بێت پارتى دیموکراتى کوردستان، کە براوەى  یەکەمی هەڵبژاردنە بە بەدەستهێنانى ٤٥ کورسى،  تا ئێستا  چەند  کۆبوونەوەیەکى  بەجیا لەگەڵ هەریەک لە  یەکێتى و گۆڕان ئەنجامداوە.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان لەسەر رێگەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، رەتکردنەوەی بەشداری گۆڕانە لە حکومەت لەلایەن یەکێتییەوە، بەڵام پەیوەندییەکانی گۆڕان و پارتی زیاتر لە ئەوەی یەکێتی بیری لێدەکردەوە چوونەتە پێش، بۆیە دەبێ یەکێتی قبووڵی بکات، کە گۆڕان بەشداری دەکات، چوونکە وێڕای را پێچەوانەکان، سەرکردایەتی گۆڕان سوورە لەسەر بەشداری کردن و پارتیش نەک لاری نییە، بەڵکوو بەلایەوە بەشداری گۆڕان گرنگە.

“گۆڕان درزی خستە ناو پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی” [١]

لە هەڵبژاردنەكانی رۆژی ٢٥-٧-٢٠٠٩دا، بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان وەك 
هێزێکی تازەی خاوەن قورسایی بە ٢٥ كورسی پەرلەمانەوە دەركەوت،  دوای جیابوونەوەی نەوشیروان  مستەفا بوو، كە جێگری یەكەمی تاڵەبانی لەناو یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند. 
بەڵام بە گوتەی چاودێرانی سیاسی گۆڕانیش نەتوانێ رۆڵی  كاریگەری خۆی ببینێ.

 یەكێتی بەبێ جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی خۆی، سیاسەت دەكات. لەو ماوەیەشدا شێوازی
 قسەكردنی سەركردەكانی ئەو حیزبە بەرامبەر هاوپەیمانە ستراتیژییەكەیان (واتە پارتی)
 گۆڕاوە، بەتایبەتی لە مانگی رابردوو.

یەكێتی تووشی شۆك بووە 

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٧ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی
 ستراتیژی واژۆكرد، كە بەپێی قسەی جەعفەر ئیبراهیم، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی، زۆربەی بەندەكانی
 لەلایەن مام جەلالەوە داڕێژراون. بەڵام بە گوتەی شاڵاوی عەلی عەسکەری دوای مام جەلال یەکێتی
تووشی شۆک بووە. هەروەها هەڵوێستی بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بەرانبەر بە پارتی گۆڕاوە.

ئاسۆ عەلی، كە پێش دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو، ئێستاش رەخنە لە
 یەكێتی دەگرێ و دەڵێ ئەو حیزبە دیموكراسی نییە “ئەگەر یەكێتی  حیزبێكی دیموكرات بووایە،
 تێیدا دەمامەوە. پارتیش، ناوی پارتی دیموكراتە، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا دەیبینم، ئەوە شێوازی
 دیموكراسی نییە لە حوكمڕانیدا. گۆڕانیش هێشتا لە مەیداندا تاقینەكراوەتەوە كە بزانرێ چۆنە”. 

ئەو چاودێرە سیاسییە باسی جیاوازی نێوان گۆڕان و یەكێتی دەكات “گۆڕان جیاوازە لە  یەكێتی، چونكە  بەشێكی  زۆری هەڵسووڕاوانی گۆڕان وازیان لە دەسەڵاتیان هێناوە  و بوونەتە ئۆپۆزسیۆن”.  ئێستاش “لەناو یەكێتیدا هەستدەكرێ یەكدەنگی نییە و جیاوازی هەیە، بەڵام لەڕووی فیكر و پێشینەی 
سیاسییەوە لە گۆڕانەوە نزیكن”. 

نزیكی گۆڕان لە یەكێتی 

زۆرجار هەندێ كەس باسی ئەوە دەكەن كە گۆڕان و یەكێتی تەنیا ناویان جیاوازە و هەركاتێك بیانەوێ دەتوانن
 لەیەكتر نزیك ببنەوە. بەتایبەتی لەدوای رێككەوتنی دەباشان ، لە مانگی ئابی ٢٠١٢دا. لە یەكەم دیداری
 نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، دوای جیابوونەوەی ئەوەی دووەمیان لە یەكێتی، ئەوان لە دەباشان
 رێككەوتن كە دەستووری كوردستان بگەڕێتەوە پەرلەمان و سیستەمی حوكمڕانی بكرێتە پەرلەمانی،
 بەڵام شاڵاوی عەلی عەسكەری پێیوایە “گۆڕان لە یەكێتییەوە نزیك نییە، بەڵكو گۆڕان بۆ ئەوەی
 لەگەڵ یەكێتی دابنیشێ مەرجی هەیە”.

وا بڕیاربوو كۆبوونەوەی باڵای نێوان گۆڕان و یەكێتی پێش جەژنی نەورۆز ئەنجامبدرێت، بەڵام نەكرا.
 ئێستا گۆڕان مەرجی پێشوەختی هەیە بۆ كۆبوونەوەكە. بزووتنەوە گۆڕان بەفەرمی و لەڕێگەی نامەیەكەوە
 بۆ یەكێتی رایگەیاندووە كە ئەگەر بیانەوێ كۆبوونەوەكە بكرێت، دەبێ پابەندبوونی خۆیان بە رێككەوتنی
 دەباشانەوە رابگەیێنن. ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ “هێندەی من ئاگادارم، یەكێتی بڕیاریداوە
 وەڵامی نامەكەی گۆڕان نەداتەوە”.  

گۆڕانكاری لە هەڵوێستی یەكێتیدا 

ئاسۆ عەلی دەربارەی هەڵوێستی ئێستای یەكێتی، بەبێ تاڵەبانی، دەڵێ “ئێستا لەڕووی دروشم و ئامانجەوە
 نزیكبوونەوەیەكی زیاتر دەبینین لەنێوان یەكێتی و حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆندا، لەسەر مەسەلەی دەستوور
 و ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە. ئەو تۆنی دەنگەی جاران یەكێتی لەگەڵ پارتی قسەی پێدەكرد،
 گۆڕاوە. ئەو گۆڕانكارییەش كە دروستبووە بەمانای ئەوە نییە كە یەكێتی رێككەوتنی لەگەڵ لایەنێكدا كردووە،
 بەڵكو ئەوەیە كە یەكێتی بەخۆیدا چووەتەوە”. 

بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ لە كوردستان فەرمانڕەوای راستەقینە پارتییە و یەكێتی دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نییە.
 پێشتریش مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، بە (رووداو)ی راگەیاندبوو: “قسەكانی بەرپرسانی گۆڕان بۆ هاندانی ئەندامانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەدژی پارتی، بەداخەوە
 ئێستا هەندێك لە ئەندامانی لە ئاستی باڵای یەكێتی باس لەوە دەكەن، كە یەكێتی لە رێككەوتنی ستراتیژی
 زەرەری كردووە و كەوتنە سەر ئەو شەپۆڵە. ئەو شەپۆڵەی گۆڕان و هەندێك لایەنی دیكە دروستیانكرد”. 

شاڵاو عەلی عەسكەری، لەبارەی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان حیزبەكەی و پارتی دەڵێ “بە راشكاوانە دەیڵێم،
 یەكێتی بەهۆی رێككەوتنی ستراتیژییەوە ئینشیقاقی كرد. پارتی جیابوونەوەی تێدا روونەدا و بەهێزتریش بوو”.
 بەقسەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی: “ئێمە نازانین، گۆڕان دەڵێ یەكێتی كەوتووەتە  ژێر كاریگەری
 پارتی و پارتیش دەڵێ یەكێتی لە گۆڕان نزیكە و كەوتووەتە ژێر كاریگەریی گۆڕان، بەڵام یەكێتی ناكەوێتە
 ژێر كاریگەری گۆڕان. 

گۆڕان لە درز خستنە نێوان یەکێتی و پارتی سەرکەوتوو بوو

پێش نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، ئەوە تەنیا یەكێتی نەبوو كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا 
ئاسایی كردەوە. بەڵكو، لەدوای خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، پارتی بەر لە یەكێتی پەیوەندییەكانی
 لەگەڵ گۆڕان بەرەو پێشەوەبرد. ئاسۆ عەلی، لەبارەی پەیوەندی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و بزووتنەوەی
 گۆڕان، دەڵێ: “پارتی و یەكێتی زۆرجار گۆڕان  وەك كارتی گوشار بەرامبەر یەكتر بەكاردەهێنن.
 گۆڕانیش مەبەستی خۆی هەیە  لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو حیزبەدا،  كە ئەویش درز خستنە نێو  پەیوەندییە كۆنكرێتییەكەی نێوان پارتی و یەكێتییە. لەوەشدا سەركەوتوو بوو”. 

شاڵاو عەلی عەسكەریش هۆی هەبوونی درزی لە پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتیدا بۆ خۆیان گەڕاندەوە:
“گۆڕان درزی نەخستووەتە نێوان پارتی و یەكێتی، بەڵكو خۆیان درزیان  خستووەتە نێوان خۆیان و
 لە مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزبدا، كە دادەنیشن لەجیاتی ئەوەی باسی كاری جدی بكەن،
 گرنگی بەوە دەدەن و دەڵێن كە بۆ ئەمڕۆ قۆزی بخۆین یان ماسی خۆشترە. تەنیا موجامەلەی یەكتر دەكەن. 
ترسی ئەوەم هەیە ئەو موجامەلەیە دۆخی كورد لە هەر چوار پارچەكە خراپ بكات”. 

گۆڕان هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی پۆستی کابینەی هەشتەمە [٢]

بزووتنەوەی گۆڕان جارێكی دیكە داوای لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە ئەو پۆستانەی رادەست بكاتەوە،
 كە بەپێی رێككەوتننامەی دوو ساڵ بە دوو ساڵی نێوانیان بەریدەكەوێ و تاوەكو ئێستا یەكێتی نەیداوەتێ.
 پارێزگاری سلێمانیش، كە لەسەر پشكی بزووتنەوەكە ماوەی ساڵێكە دەستبەكار بووە، دەڵێ جێگری
 سەرۆكی حكومەت رەزامەندی دەربڕیوە ئەو پۆستانە بدرێنەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان.

هەرچەندە ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەكانیان لەوە خراپترە باسی
 رێككەوتنە ئیدارییەكەی نێوانیان بكەن، بۆیە جارێكی دیكە بە فەرمی داوای لە یەكێتی كردووە ئەو پۆستانەی
 بداتەوە، كە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بەپێی رێككەوتنی نێوانیان
 بەریكەوتووە و هێشتا وەرینەگرتوون.

ئەو پۆستانەی، كە مافی گۆڕانن و لە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتیدا هەن، بەڵێن درا پڕبكرێنەوە
 و لەڕێگای حكومەتی خۆجێییەوە كێشەكان تێپەڕێنین، ئەوانە ژمارەیان ٣٣ پۆستە و بڕیارمان داوە بە
 كەسانی شارەزا و پسپۆڕ و شیاو پڕبكرێنەوە، هەموو ئەو پۆستانە بە پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
 پڕدەكرێنەوە”. 

رۆژی ٩-١٢-٢٠١٤ بە ئامادەبوونی سەركردە باڵاكانی گۆڕان و یەكێتی، لە مەراسیمێكدا واژۆ لەسەر رێككەوتن
نامەیەكی ئیداری كرا كە بە رێككەوتننامەی دوو ساڵ بە دوو ساڵی نێوان ئەو دوو لایەنە ناودەبرێ بۆ
 دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، بەڵام 
لەوكاتەوە بە بەردەوامی بزووتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و یەكێتی تۆمەتبار دەكات، بەوەی
 رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە.

بەپێی ڕێككەوتنەكە، لە سلێمانی و هەڵەبجە دەبوو بزووتنەوەی گۆڕان ٤٣ پۆست لە بەڕێوەبەری گشتی و
 قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و جێگری پارێزگار وەربگرێت، بەڵام هێشتا ٣٣ پۆستی دیكەی پێنەدراوە،
 كە گرنگترینیان پێكدێن لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان،
 بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ
 كاروباری كارگێڕی، هەروەها قائیمقامی هەڵەبجە و قائیمقامی سەیدسادق. 

زیاتر لە ساڵێكە هەڤاڵ ئەبوبەكر دەستبەكار بووە و هێشتا بزووتنەوەی گۆڕان چاوەڕێی پۆستەكانیەتی. 
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ: “ئێمە لە دوو  رێككەوتننامە لەگەڵ  یەكێتی شكستمان هێنا 
و  خۆشباوەڕ بووین بەوەی یەكێتی ئەو پۆستانە رادەست بكات”.
 ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، گوتیشی:
“یەكێتی تاكلایەنە ئەو رێككەوتنەی بۆ مەبەست  و بەرژەوەندیی  خۆی بەكاردەهێنا و جێبەجێی نەدەكرد. 
هەڵەی ئێمەش ئەوەبوو، كە بڕوامان بە یەكێتی كرد، هەرچەندە بەشێك لەو پۆستانە گۆڕان خۆی وەرینەدەگرتن
 بەهۆی مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێمەوە”. 

دوای تێپەڕبوونی نزیكەی دوو ساڵ بەسەر ئەو رێككەوتنە ئیدارییەدا و بەدیاریكراوی لە ١٧ی ئایاری ٢٠١٦
، بزووتنەوەی گۆڕان چووە نێو رێككەوتننامەیەكی سیاسی  دیكە لەگەڵ  یەكێتی، كە بە رێككەوتننامەی
 دەباشان ناسراوە و بە ئامادەبوونی تەواوی سەركردە باڵاكانی ئەو دوو لایەنە لە ماڵی تاڵەبانی واژۆ كرا.
 هەرچەندە گۆڕان دوو هێندەی رێككەوتنی یەكەم لەوەش نائومێد بوو. 

نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەكۆی هەڵەبجە، دەڵێ ژمارەیەك
 پۆست لەنێوان ئەوان و یەكێتی وەك كێشە ماونەتەوە “بەشی زۆریان یەكێتی ئامادە نییە بیداتە ئێمە و
 بەشێكیشی خۆمان وەرماننەگرتوون”. لەو پارێزگایە جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و قایمقامی هەڵەبجە،
 پشكی گۆڕانن “بەڵام نایدەن هەرچەندە چەند جارێك داوامان كردووە”. 

پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی بۆخۆیان مشتومڕی گەرم و بێزاركەری چوار ساڵی رابردوو بوون، ئەوەش
 بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ساڵی ٢٠١٤ كە زۆرتر لە شەش مانگ گفتوگۆ و
 دانوستاندن لە نێوان یەكێتی و گۆڕان، نزیك بوو لەوەی پێكهێنانی ئیدارەی لۆكاڵی بە بنبەست بگات بەهۆی
 رێكنەكەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی پارێزگاكە و هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵ و پارتیش
 ئامادە نەبوون فراكسیۆنی زۆرینە لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی دروستبكەن، تاوەكو كێشەكە گەورەتر نەبێ. 

رێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رەتیدەكاتەوە یەكێتی ئەو
 پۆستانەی نەدابێتە گۆڕان و دەڵێ “ئەوان خۆیان یان بەهۆی كێشەی ناوخۆیی وەریاننەگرتووە، یان بەهۆی
 مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێم نەیانویستووە”.
 بەشێك لەو پۆستانە پۆستی ئیدارەی ناوچەكانن وەك ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەڵام لە یاساكانی 
ئەنجوومەنی وەزیراندا چ یاسایەك هەیە ئیدارەی گشتی و جێگری ئیدارەی تێدابێ تاوەكو مەرسوومی
 دەستبەكاربوونی بۆ دەربكات؟”. 

سێ راى جیاواز لەناو بزوتنەوەى گۆڕان هەیە  [٣]

لە ناوەڕاستى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر پرسى
 سەرۆکایەتى هەرێم رێگرى کرد لە سەرۆکى پەرلەمان بۆ چونە ناو هەولێرو دواتر سەرجەم وەزیرەکانى 
گۆڕان لە کابینەکە “دەرکران”، ئەوەش گرژى و ئاڵۆزى گەورەى بەدواى خۆیدا هێناو تا تەواوبوونى
 کابینەکە رێگە نەدرا سەرۆکى پەرلەمان جارێکى دیکە مومارەسەى دەسەڵاتەکانى بکاتەوە. 

لە ئێستادا سێ راى جیاواز لەناو بزوتنەوەى گۆڕان دروست بووە: 

رایەک پێى وایە پێویستە گۆڕان ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشدارى حکومەت نەکات.

رایەکى تر لەگەڵ ئەوەدایە کە گۆڕان بەشداریی بکات، بەڵام گرەنتى تەواو لە پارتى وەربگرێت

بۆ جێبەجێکردنى ئەنجێنداى کارەکانى.

راى سێیەم لەگەڵ ئەوەدایە کە بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانیی کوردستان رێکبکەون و

پێکەوە بڕیارى بەشداریی کردن لە حکومەت بدەن، ئەمەش لەو روانگەیەى ئەو دوو هێزە جێنفوزى

جەماوەرییان یەکە و پێکەوە دەتوانن هاوسەنگى هێز لە هەرێمى کوردستان دروست بکەنەوە.

جێگرى سەرۆکى جڤاتى گشتى بزووتنەوەى گۆڕان، ساڵح ژاژڵەیی راگەیاندووە، “لەناو بزووتنەوەى گۆڕان
 ڕاى جیاواز هەیە لەسەر بەشداریی کردن یان نەکردنى بزووتنەوەکە لە حکومەتى داهاتوو، چونکە هێشتا 
نازانرێت گۆڕان داواى چى پۆستێک دەکات و پارتى چى پۆستێک دەداتە گۆڕان”. 

لەبارەى رێککەوتنى یەکێتى و گۆڕان و هەنگاونان بە ئاراستەى پێکەوە بەشداریی کردنیان لە حکومەت
 ساڵح ژاژڵەیی دەڵێت، بێگومان ئەوە باشترە، هەرچەندە پێشتر لەگەڵ یەکێتى رێککەوتنمان هەبوو، کۆمەڵێک 
لەناو یەکێتى رێککەوتنەکەیان تێکدا، بەڵام ئەگەر ئێمە بتوانین زۆر باشە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە،
 کە هەردووکمان جێنفوزمان هەیە لەناوچەکەو دەبێتە هۆى زیاتر پاراستنى هێمنى و ئارامى ئەم سنوورە،
 دوەمین ئەوەیە کە دەتوانین بە هێزێکى گەورەترەوە بەشداریی حکومەت بکەین و بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو
 تر دەبین. 

ساڵح ژاژڵەیی وتیشى : من لەگەڵ بوونى ئەو هەموو حزبە نیم، پێموایە دوو لایەن هەبێت و پێشبڕکێى یەکتر
 بکەن بۆ بەرژەوەندى خەڵکى نەک بۆ شەڕو هەراو ناکۆکى، نەک وەک ئێستا پارتى خۆى بە هێزێکى گەورە
 دەزانێت و لەولاشەوە هێزەکانى دیکە پارچە پارچە بوون، بۆیە ئەگەر رێککەوتن لەنێوان یەکێتى و گۆڕان و
 لایەنەکانى دیکە بکرێت زۆر باشترە. 

رەهبەر سەید برایم ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: ئەگەر یەکێتى
 و گۆڕان بە یەک پاکێج بەشدارى حکومەت بکەن، بەدڵنیاییەوە دەتوانن باشتر ئامانجەکانی دەنگدەرانیان
 بهێننە دى و ئاشتى و ئارامى و خزمەتگوزارى زیاتریش هەم لە هەرێمى کوردستان و هەم لە جێنفوسى 
فراوانى خۆیان جێبەجێ بکەن. وتیشى : هەرچەندە هێشتا هیچ بڕیارێکى لەو شێوەیە نییە، بەڵام ئەگەر
 هەنگاوێکى لەو شێوەیە بنرێت، زۆر گرنگ دەبێت. 

هەنگاوێکى لەو شێوەیە بنرێت، زۆر گرنگ دەبێت. 

گۆڕان باشترە بیر لە ڕێکەوتن و ئارامی لەناو قەڵەمڕەوی یەکێتی بکاتەوە [٤]

سلێمان عەبدوڵڵا یونس، لە وتارێکدا لەژێر ناونیشانى “پەنجەمۆری مامجەلال و کاک نەوشیروان،
بەسەر میراتێکی ھاوبەشەوە” نوسیویەتى :
“گۆڕان؛ پێش ئەوەی کێبڕکێی یەکێتی بکات، بۆ بەشداری کردن، لە حکومەتی پارتی، باشترە بیر لە 
ڕێکەوتن و ئارامی بکاتەوە لەناو قەڵەمڕەوی یەکێتی!”،”یەکێتی؛ پێش ئەوەی بەڕێکەوتن لەگەڵ  پارتی، 
بیر لە پەراوێزخستنی گۆڕان بکاتەوە، باشترە ڕێ لە پەڕاوێزخستنی خۆی بگرێت لەڕێگای بەئاکام گەیاندنی
 رێککەوتنی نێوان خۆی و گۆڕانەوە”.

هەروەها نوسیویشیەتى “گۆڕان؛ بەڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی،  زۆرایەتی بنکە جەماوەریەکەی، کە داینەمۆی
 بەردەوامیەتی، براوە دەبێت و بەڕێکەوتنیش لەگەڵ پارتی بەشێک لەسەرکردایەتیەکەی سودمەند دەبێت. 
یەکێتی بەڕێکەوتن لەگەڵ گۆڕان، ھاوسەنگی ھێز لەکوردستان و ھەستانەوەی قەڵەمڕەوەکەی مسۆگەر دەکات
 و بەڕێکەوتن لەگەڵ پارتی و پشتکردنە دیفاکتۆی گۆڕانیش، لەشەراکەتی ڕاستەقینە، دورتر دەکەوێتەوە!”. 

بۆ یەکێتی و گۆڕان، چەسپاندنی بەھاکان و ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و حکومەتێکی دادپەروەر، کە بنەمای
 گوتاری ھاوبەشیانە، پەیوەستی کۆتاھێنانە بە دابەشکاریەکانی ناو جوگرافیا و جەماوەرە ھاوبەشەکەیانەوە.
 ئەوەش نەخشەڕێگایەک بوو، مامجەلال و کاک نەوشیروان، وەک میراتی سیاسی نوسراو، بەپەنجە مۆری
 خۆیانەوە، بەناوی رێکەوتنی دەباشانەوە بەجێیانھێشت!. 

یەکێتی رازیی نەبووە بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی [٥]

بڕیاربوو لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی سێقۆڵی بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان بەڕێوەبچێت. بەڵام ئەندامێكی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، یەکێتی تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی سێقۆڵی پارتی، گۆڕان و یەکێتی بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکومەت پەسند نەکردووە.

دکتۆر رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “کۆبوونەوەی سێقۆڵی پێشنیازی پارتی بووە، گۆڕان رازی بووە بەو پێشنیازە، بەڵام هێشتا یەکێتی رازیی نەبووە بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی”.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: “رێککەوتنی نوێی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی چوار ساڵی حکومەت و ئەولەویەتەکانی حکومەتی نوێیە”.

پارتی چەند گەڕێکی دانوستاندنی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ئەنجامداوە، لەگەڵ گۆڕان نزیکتر دەردەکەوێ، بەڵام
لەگەڵ یەکێتی هێشتا لە یەکدی دوورن. پارتی داوای لە یەکێتی کردووە پەلە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت.

ئەنجام:

بەگوتەی شارەزایانی سیاسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەوڵی بنکۆڵکردنی گۆراندایە، بەڵام لە ژێر سێبەری ریککەوتن و لە لایەکی دیکە وە دژایەتی دەکات بەشداری حکومەت بێ، کە ئەمە بەو مانایە گۆڕان لە داهاتوو ناجار بە قبووڵکردنی ئیرادەی خۆی بکات، چونکە یەکێتی بەڕێکەوتن لەگەڵ گۆڕان، ھاوسەنگی ھێز  لەکوردستان و ھەستانەوەی قەڵەمڕەوەکەی مسۆگەر دەکات.

لە لایەکی دیکەوە لە کاتێکدا خۆدی یەکێتی کێشەی باڵباڵێن تەنگی پێهەڵچنیوە، و لکاتی قوڵبوونەوەی کێشەی نێوان گۆڕان و پارتی هەڵوێستی یەکێتی روون نەبوو و گۆڕان پەراوێز کەوت لەکاتێکدا لە گەرمەی رێککەوتن بوون. بۆیە باشترین بژاردە بۆ گۆڕان ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و رێککەوتنیەتی لە گەڵ پارتی، بۆ دەرباز بوون لەو کەش و هەوا قەیراناویی و گۆشەگیریەی رووبەڕووی بووەتەوە. لە بیریشمان نەچی پارتی بۆ رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان بێ مەیل نییە و هەوڵیشی بۆ دەدات. تاکوو بژاردەکانی لە زۆنی بەرانبەری (سەوز) زیاتر بن.

بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی چەندین قۆناغ و ئەزموونی دژوار، کە بە کاریگەری نەرێنی لەسەر خودی بزووتنەوە هەبوو بووەوە، بۆیە ناتوانە وەک سەرەتای دروستبوونی قورسایی هەبێ و دەبێ چاوی لە سەر رێککەوتن بێ نەک بەربەرەکانێ توندی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لەیەک کاتدا (پارتی و یەکێتی) وەک:

  • تێکچوونی پێوەندی و رێککەوتنی لە گەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لێکەوتەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا (دوورخستنەوەی چوار وەزیری گۆڕان لە حکومەت و رێگری کردن لە یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن پارتییەوە).
  • کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.
  • نەگەیشتنە ئەنجامی رێککەوتنی دەباشان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان، کە بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆکی کۆچکردوو کرا (مام جەلال و نەوشیروان مستەفا).
  • دابەزینی رێژەی دەنگدرانیان لە ٢٤ کورسییەوە بۆ ١٢ کورسی.
  • دامەزراندنی نەوەی نوێ.

سەرچاوەکان:

١ـ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/020420135

٢ـ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/13082018

٣ـ http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=65063&babet=4&relat=1024

٤ـ http://www.xendan.org/detailwtar.aspx?jimare=2511&nuser=1015

٥ـ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/290120199

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com