راکان جبووری هەڵوێستی خۆی راگەیاند

0

نوچەنێت

پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك دەڵێت، ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی لە گەڵ ئەوەدان، کە رەوشی ئه‌منی كه‌ركوك له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی فیدراڵی عێراقدا بێت و دەشڵێت “له‌باره‌ی هه‌بوونی رێككه‌وتن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك هیچ زانیارییه‌كیان پێنه‌دراوه‌”. 

راكان سه‌عید جبووری، پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی شاری كه‌ركوك، رایگەیاند “هیچ زانیارییه‌كمان پێنه‌دراوه‌ له‌باره‌ی هه‌بوونی رێككه‌وتنێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌. هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاشكران، پرسی ئاسایش و سه‌قامگیری كه‌ركوك له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ند و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی فیدراڵی عێراقی ده‌بێت و ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێست و بۆچوونی ئێمه‌ بووه‌. هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان سه‌لماندیان له‌ماوه‌ی ساڵێك و نیودا پیشه‌گه‌رانه‌ كارده‌كه‌ن و كه‌یسی ئه‌منییان پاراستووه‌. ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ وردنین”. 

له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك، جبووری گوتی “دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك پارێزراو و سه‌قامگیره‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌. ئه‌گه‌ر تاوان هه‌بێت ٩٠%یان ته‌نیا كه‌تنی تاكه‌ كه‌سین و په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌. به‌شێك له‌ چه‌ته‌كانی داعش له‌ باشووری رۆژئاوای كه‌ركوك جموجۆڵیان هه‌بووه‌، به‌ڵام چوار رۆژ له‌مه‌وبه‌ر گورزێكی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌ و هه‌فته‌ی داهاتوو فیرقه‌یه‌ك له‌و هێزه‌ نوێیه‌ی هاتوونه‌ته‌ كه‌ركوك له‌ باشووری رۆژئاوای كه‌ركوك و زنجیره‌ چیاكانی حه‌مرین جێگیرده‌كرێن و تیرۆریستان كۆتاییان پێدێت”.

له‌سه‌ر چۆنیەتی رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشه‌وه‌، جبووری دەڵیت “دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر زۆربه‌ی پرسه‌كان رێككه‌وتووین و گرنگترینیشیان پرسی به‌ندكراوه‌كانه‌. سبه‌ی یه‌كه‌م ده‌ستپێشخه‌ری ده‌ستپێده‌كات به‌ڕاده‌ستكردنی یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی به‌ندكراوه‌كان و ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ندكراوه‌كان راده‌ست ده‌كه‌ین. ئه‌مه‌ ته‌نیا بێبه‌رییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بكرێن و ئه‌وانه‌یش كه‌ تاوانیان كردووه‌ و سكاڵایان له‌سه‌ره‌ راده‌ستی دادگایان ده‌كه‌ین و له‌وێشه‌وه‌ سزا دەدرێن. ئه‌و ناوانه‌ی، كه‌ پێمان ده‌درێن، له‌ رێگه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر بێبه‌ری بوون داوای راده‌ستكردنه‌وه‌یان ده‌كه‌ین”. 

بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی پێكهاته‌كان، پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك گوتی “لیژنه‌ی دیالۆگمان پێكهێناوه‌ له‌ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك له‌ په‌رله‌مانی عێراق كارده‌كه‌ن و چالاكییه‌كانیان له‌ به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك”.

راکان جبووری له‌باره‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركوكیشەوە گوتی “دوای په‌سندكردنی زۆری شایسته‌كانی كه‌ركوك، هه‌وڵده‌درێت له‌م ساڵه‌دا كێشه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن، به‌تایبه‌تی پرسی كاره‌با چونكه‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی كاره‌بامان هه‌بوو له‌ كه‌ركووك. ئێمه‌ش وه‌زیری كاره‌با و سه‌رۆكوه‌زیرانمان هێنایه‌ سه‌رخه‌ت. ئێستا دۆخه‌كه‌ له‌ جاران باشتره‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كاره‌بامان پێبدات، له‌كاتێكدا وه‌به‌رهێنه‌ران ئاماده‌ن، به‌ڵام كاره‌بامان پێناده‌ن. به‌منزیكانه‌ ئێمه‌ وێستگه‌یه‌كی ٢٨٠ مێگاواتی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر كار”. 

پارێزگاری بەوەوەکالەتی کەرکوک ئاماژەی بەوەشدا، کە له‌ ٤٥ رۆژی داهاتوودا، فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك ئاماده‌ ده‌بێت و ده‌كرێته‌وه‌. دەشڵێت “ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، به‌ڵام ئه‌نجومه‌ن كارانییه‌ و به‌بڕیاری ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌كار دوورخرایه‌وه‌ و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌سێكی به‌ته‌مه‌نی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری دارایی و كارگێڕی به‌ڕێوه‌ببات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com