کۆبوونەوەکانی ١٨ـی مانگ لەسەر ئەم بنەمایە دەبێ

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چارەنووسی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پەیوەستە بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی.  

لە دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ٥-٢-٢٠١٩ هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕۆژی ١٨-٢-٢٠١٩ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە شاری هەولێر ئەنجامبدرێت. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند “یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەی ڕابردوویان سێ خاڵیان دیاریکردووە، لە هەمووشیان گرنگتر ئەوەیە، کە گەیشتنە بە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ ڕەنگ ڕێژکردنی ڕێککەتننامەی نێوان هەردوولامان، بۆئەوەی بتوانین چوار ساڵی داهاتووی حکومڕانی هەرێمی کوردستانی لەسەر بینا بکەین”.    

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی جەختیشی لەوەکردەوە، کە گەشتن بەدەرەنجامێکی باشی ئەم ڕێککەوتنە دەتوانین لە خاڵی دووەم و سێیەم قوڵبینەوە و گفتوگۆی لەسەر بکەین، بۆیە تا لەخاڵی یەکەم نەگەینە ئەنجام، نازانین دانیشتنەکان چۆن دەبن. گوتیشی “واتە چارەنووسی کۆبوونەوەکانی پەڕلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پەیوەستە بەناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتییەوە”. 

گەزنەیی راشیگەیاند “ئێمە گەشبینین بەوەی، کە ڕێککەتنەکە لەکاتی خۆیدا واژۆ دەکرێت، دڵنیاشین هەردوو کۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەبێ کێشە لە ١٨ـی ئەم مانگەدا بەیەکەوە ئەنجامدەدرێت”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com