ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرا کرا

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

بڕیارە سبەی (رۆژی سێشەممە ١٢-٢-٢٠١٩) كاتژمێر١٠ـی پێشنیوەڕۆ، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەنجا و دووهەمین کۆبوونەوە ئەنجامبدات، ئەندامێکی ئەو ئەنجومەنەش، دەڵێت “یاداشتێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەکەین، بۆ دیاری کردنی بڕی پاشەکەوتی موچەخۆران”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ڕەسول موراد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە تەوەرەی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند “كۆبوونەوەکە چوار تەوەر لەخۆ دەگرێت، یەکێکیان دەنگدانە دەبێت لەسەر جێگیركردنی (حسین محمود ابراهیم) قائیمقامی ڕانیە بەوەكالەت بۆ قائیمقامی هەمیشەیی، دوومیشیان دەنگدانەدەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر هەمواركردنەوەی پەیڕوەی ناوخۆی ساڵی ٢٠١٥ـی ئەنجومەن، تەوەری سێیەم بریتی دەبێت لە پێشنیاربۆ دیاریكردنی بڕی پاشەكەوتكراوی موچەی موچە خۆران، تەوەری کۆتایی بریتیی دەبێت لە گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیارەكانی چارەسەری كێشەی هاوڵاتیان، سەبارەت بە قەرزی سندوقی نیشتەجێكردن”.

ئەو ندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە تەوەری سێیەم زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی “مەبەست لەدیاری کردنی بڕی پاشەکەوتی موچە بۆ ئەوەیە دیار بێت هەر موچەخۆرێک چەندی وەک پاشەکەوت لای حکومەتە، تاکو ببێتە ماڵ لەسەری، بۆئەوەی دواتر بیداتەوە، ئەمەش جێگای دڵخۆشییە بۆ فەرمانبەران، دواشمان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و دهۆک کردووە هاوشێوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەمان یاداش ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەن”.

محەمەد ڕەسول ئاماژە بەوە دەکات، کە تەوەری کۆتایی سەبارەت بەقەرزی سندوقی نیشتەجێکردن، بڕگەیەکی ڕاوێژکاری دەبێت، کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆئەوەی بزانین چی بکرێت باشە بۆئەوەی سندوقی نیشتەجێکردن بەشێوەیەک بێت، کە هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێمیش لێی سودمەندبن.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com