ئێرانییەکان بۆ دوایین جار یادی شۆڕشەکەیان دەکەنەوە

0

نوچەنێت

٤٠ ساڵ بە سەر شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە سیستەمی وڵات لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی گۆڕدرا. لەم یادەشدا بەرپرسانی باڵای ئێران هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کرد و لەوەڵام دا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی “ئەگەر ئێرانییەکان بیانەوەێ هێرش بکەن بۆ دوایین جار یادی شۆڕشەکەیان دەکەن”.

حکومەتی ئێران بایەخێکی زۆر بە یادکردنەوەی ئەم شۆڕشە دەدات؛ یادکردنەوەی ئەمساڵیش لەکاتێکدایە، چەند ساڵێکە ژمارەیەک لە نەیارانی ئێران بانگەشەی ئەوەدەکەن: تەمەنی شۆڕشەکە ناگاتە ٤٠ ساڵ، بۆیە ئەمساڵ یادکردنەوەکە بایەخێکی زیاتری لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پێدەدرێت. 

شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە کۆمەڵێک بەڵێنی وەکو ئاو و کارەبای خۆڕایی، هەڵبژاردنی پاک و ئازاد، ئیسلامی راست و دروست، ژیانێکی بە شکۆ بۆ هەمووان هاتە سەرکار؛ بەڵام لە ماوەی ئەم چەند دەیەی رابردوودا بەتەواوی کار لە سەر جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە نەکراوە و ئێستاش بەشێکی زۆری خەڵک ژیانێکی سەختیان هەیە. 

ترەمپ و یادی ٤٠ ساڵەی شۆڕشی ئێران [١]

لە چلەمین ساڵیادی شۆڕشی ئێران، ترەمپ لە توویتەکەیدا، کە هاوکات بە هەردوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی: ٤٠ ساڵ گەندەڵی. ٤٠ ساڵ سەرکوت. ٤٠ ساڵ تیرۆر. رژێمی ئێران تەنیا بووەتە هۆی ٤٠ ساڵ شکست. خەڵکی ئێران لەمێژە لەنێو ناڕەحەتیدان و شایستەی داهاتوویەکی رووناکترن”.

لە وەڵامی توویتەکەی ترەمپدا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەمان هاشتاگی دۆناڵد ترەمپی بەکارهێناوەتەوە و بە ئینگلیزی وەڵامی ترەمپی داوەتەوە. 

زەریف لە توویتەکەیدا نووسیویەتی “٤٠ ساڵ لە شکست لەوەی کە پەسەندبکرێت، ئێرانییەکان هیچکات ناگەڕێنەوە بۆ ژێردەستەیی. ٤٠ ساڵ لە شکست لەوەی سیاسەتی ئەمریکا خۆی لەگەڵ راستیدا بگونجێنێت. ٤٠ ساڵ لە شکست لە ناسەقامگیرکردنی ئێران لە رێگەی خوێن و سامانەوە. دوای ٤٠ ساڵ لە بژاردە هەڵەکان، ئێستا کاتی ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ دووبارە بیر لە سیاسەتی شکستخواردووی ئەمریکا بکاتەوە”.

یادی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی و بەڵێنەکان [٢]

مایک پەمپئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا سەبارەت بە شکستی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەنووسێت: تەنانەت حەسەن ڕوحانی، سەرکۆماری کۆماری ئیسلامی، دان بە شکستی ٤٠ ساڵەی ئەو ڕژیمە دادەنێ. لە درێژەدا نووسیویەتی پێویست نەبوو ئەو جۆرە بێ بەڵام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەمووکات ئیدۆلۆژی لە خێر و خۆشی خەڵکی وڵاتەکەی بە باشتر زانیوە.

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا هاتووە: ئایەتوڵڵا خومەینی، ساڵی ٥٧ گووتبوی ستەمی رابڕدوو بەردەوام نابێ! ئەو تویتە بەڵێنەکەی خومەینی لە بەرامبەر ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دادەنێ و  بە ئاماژەدان بە ڕاپۆڕتی ڕیکخڕاوی مافەکانی مرۆڤ دەنووسێ: ئاماری لە ڕادەبەدەری قۆڵبەستکرانەکان، سزای قامچی و دەستبەسەر بوونەکان دەریدەخات دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بۆ سەرکووتی خۆپێشاندانی ئاشتیانەی خەڵک ئامادەن تا چ سنوورێک بچنە پێش.

ساڵی ٢٠١٨ ساڵی شەرم بۆ کۆماری ئیسلامی

ڕیکخڕاوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆڕتی ساڵانەی خۆیدا ساڵی ٢٠١٨ بۆ کۆماری ئیسلامی بە ساڵی شەرم نێودێر کرد ئەویش بە هۆی زۆربوونی لە ڕادەبەدەری ئاماری پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.

لە تویتێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە بەڵێنەکانی خومەینی سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی لە ئێراندا کراوە و بە ئاماژەدان بەوەی ئێرانی ئەوڕۆ یەکێک لە سەرکوتکراوترین ژینگەکانی کاری میدیایی هەیە باسی لەوە کردووە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەیان ڕۆژنامەوانی قۆڵبەست کردووە و هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکات.

کۆماری ئیسلامی خێرایی ئەنتەرنێتی کەم کردووە و دەستپێڕاگەیشتنی خەڵکی وڵاتەکەی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاساغ کردووە. هەڵاوسانى ئابووری و سەرکوت و لەنێوچوونی ژینگە و فەرهەنگ و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەرە دەسکەوتی کۆماری ئیسلامین. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بە ئاماژەدان بە بەڵینی خومەینی کە ساڵی ٥٧ گووتبووی ئێمە دەمانهەوێ بەختەوەری بۆ خەڵکی ئێران دابین بکەین هاتووە: گەندەڵی، ئاوسانی ئابووری، سەرکوت، مادەی هۆشبەر، لە نێوچوونی ژینگە و فەرهەنگ دەسکەوتی ڕژیمی خومەینی بووە.

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا یادی شۆڕشی ئێران [٣]

جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە پاش ئەوەی کە ملیۆنان کەس لە ڕێپێوانێكدا له‌چلەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشدا بەشدارییان کرد، لە پەیامێکدا بە دووبارەکردنەوەی بانگەشە دژە ئێرانییەکانی خۆی دوباره‌ نووسیویه‌تی، پاش چل ساڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە کردەوەدا بەبەڵێنەکانی بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە مافی هاوڵاتیانی خۆی بێهیوا بووە.

بۆڵتن وتیشی، چلەمین ساڵیادی دەسەڵاتداری ئێران تەنها پیشاندەری چوار دەیە شکست و بەڵێنی جێەجێ نەکراوە، کە دەبێت کۆتایی بە ئاوا دۆخێک بهێنرێت.

بۆڵتن هاوتای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یەکێک لەو سێ کەسە بوون، کە زۆرترین لێدوانی توندیان له‌مساڵدا به‌رامبه‌ر ئێران هه‌بووه‌.

ئێرانییەکان بۆ دوایین جار یادی شۆڕشەکەیان دەکەنەوە [٤]

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بۆنەی یادی چل ساڵەی شۆرشی ئێران، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، نەتەنیاهۆ هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئەگەر تاران بیهەوێ هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی، مانای وایە کە ئێرانییەکان بۆ دوایین جار یادی شۆڕشەکەیان دەکەن.

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تەل ئەبیب چاودێری جموجۆڵ و هەڕەشەکانی ئێران دەکات، بەڵام هیچ کات ناکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم هەڕەشانە.


سەرچاوەکان:

١ـ https://www.avatoday.net/ku/node/2153

٢ـ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=137871

٣ـ https://www.avatoday.net/ku/node/2153

٤ـ http://www.nuche.net/?p=133744

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com