سەرۆکوەزیرانی عێراق: پێویستمان بە رێککەوتنی نوێ لە گەڵ هەرێم نییە

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆرباشە و دیداری گرنگیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئەنجامداوە و دەشڵێت “میکانزمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رێكکەوتنی لەسەر هەیە و پێویست بە رێكکەوتنی نوێ ناکات”. 

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای ئەوە هات، کە رۆژی ٧-٢-٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كۆبووه‌وه‌ و جەختیان لە “بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا کردەوە”.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند “دیداری گرنگمان لەگەڵ برایانی کوردستان هەبووە، لەوانەش برامان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، دۆخەکە زۆر باشە و پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشە”.

لەبارەی میکانزمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ٢٠١٩، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی “بەڵێ میکانزمی هەناردەکردنی نەوت هەیە، میکانزمی هەناردەکردنی نەوت رێكکەوتنی لەسەر هەیە و پێویست بە رێكکەوتنی نوێ ناکات و پێویستە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت، ئەمە لەسەری رێكکەوتووین، ئەوەی تایبەتە بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە، ئەوا بەدەست وەزارەتی داراییە و رێنمیایی دەرچووە و دەست بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە کراوە، ئەمە بۆ هەموو یەکە داراییەکانە”.   

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی دۆخی کەرکوکی کرد گوتی “هەموو ئەوانەی لەبارەی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دەگوترێت راست نین، دۆخی کەرکوک جێگیر و سەقامگیرە، بەپێچەوانەوە دۆخی ئەمنیمان لە کەرکوک بەهێزترکردووە، هەموو بۆشاییەکمان داخستووە، کە دەکرێت تیرۆر وەک دەرفەت بیقۆزێتەوە، ئێستا بارەگای کۆنترۆڵی یەکگرتوو هەیە بۆ یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان، کە ئەمە لە رابردوودا نەبوو، دۆخی کەرکوک سەقامگیرە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەندێک بۆشایی ئەمنی هەبوو ئێستا پڕکراونەتەوە، لەنێوان پارێزگای کەرکوک و سەلاحەددین ناوچەیەک هەبوو پێشتر هێزی سەربازی لێ نەبووە، ئێستا هێزی سەربازی لێیە”.

عادل عەبدولمەهدی گوتیشی “گورزی گرنگ لە داعش دەوشێنین لە حەمرین و لە هەر شوێنێک هەست بکەین بوونی چەکدارانی داعش هەیە، شەو و رۆژ بەدواوەیانین و رێگەنادەین هیچ دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ جێگیر بوونیان و چالاکی ئەنجام بدەن، پێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێت، زانیارییەکان ئاماژە بە پاشەکشەی داعش دەکەن”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com