روونکردنەوەی پۆلیس لەبارەی هەڵگرتنی چەک

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایدەگەیەنێت، یەكێك لەو كێشانەی، كە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان دەبێتەوە، هەبوونی هەموو ئەو چەكەیە لەناو شاردا.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ (چوارشەممە ١٣-٢-٢٠١٩)، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند “مەبەست لە چەكە قورسەكان ئەوەیە لە هەندێ‌ شوێن چەكی قورس هەیە و پێویستە بە زووترین كات ئەو كەسانە ئەو چەكانە ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو شوێنانەی دەوامی لێدەكەن بكەن، جا چ سەربازی بێت، یاخود هێزی ئەمنی، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی دیاری كراوە، ئێمە دەست بەسەر ئەو چەكانەدا دەگرین و ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگەیان دەكەین”.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر سەبارەت بە چەكی كیڵاشینكۆف و دەمانچە ڕوونیكردەوە “دوو مەبەست هەیە لەو بڕیارە، لە یاسای عێراقیدا هەبوونی چەك و چەكهەڵگرتن هەیە، بەپێی یاسا ئەوانەی چەك هەڵدەگرن، دەبێت مۆڵەتی یاساییان هەبێت، سەبارەت بەوەی کە هەندێ‌ کەس لە ماڵان چەكیان هەیە، بەڵام هەڵیناگرن، لێژنەیەك پێكدەهێنرێت لە پۆلیس و ئاسایش چەند شوێنێك دیاری دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پێویستە هەموو ئەو كەسانەی چەكیان لە ماڵەوە هەیەلە ماوەی شەش مانگدا سەردانی ئەو شوێنانە بكەن و فۆرمێك پڕ بكەنەوە كە ناوناویشانی كەسەكە و جۆر و ژمارەی چەكەكەی تۆمار بكات”.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی “هەر كەسێك لە هەر پلە و پایەیەك بێت، بەبێ‌ مۆڵەت چەك هەڵبگرێت، دەست بەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە، سەبارەت بەو كەسانەی كە چەكیان هەیە و مۆڵەتیان نییە، بەڵام لە ماڵەوەی دایدەنێن، لەو ماوەیەدا هەر هاووڵاتییەك چەكەكەی تۆمار نەكات ئەوا بەپێی مادەی 21ی چەك ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و سزا دەدرێت، بۆیە ماوەی شەش مانگ دیاری كراوە بۆ ئەوەی بتوانرێ‌ كۆنترۆڵی هەموو ئەو چەكانە بكرێت و كاتیش هەبێت بۆ تۆماركردنی”.

بەڕێوەبەری پۆلیس باسی لەوەش كرد، کە “لە دوای ئەو شەش مانگە، ئەو چەكەی تۆمار كراوە ئەگەر بێت و هەر تاوانێكی پێ بكرێت، ئەوا لە ئەستۆی ئەو كەسەیە كە چەكەكەی بەناوەوە تۆمار كراوە، بازاری چەك لەژێر كۆنترۆڵدایە، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا بە سیستەمێكی نوێ‌ بەڕێوە دەبردێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com