هۆشداری یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندامێکی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، کە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پەیوەستە بەڕێککەوتنی حزبەکەی لەگەڵ پارتی و دەشڵێت “ئەگەر کۆبوونەوەکە لەکەرکوک نەکرێت ئەوان بەشداری ناکەن”.

ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک بە وەكالەت، كارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بڵاوكردەوەتەوە بێ ئەوەی، کە ئاماژە بە شوێنی کۆبوونەوەکە بکات، بەپێی کارنامەکە بڕیارە كاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی دوو شەممە ١٨-٢-٢٠١٩ دەستپێبکات، تیایدا ڕەوشی ئەمنی و ئیداری ئێستای پارێزگای كەركوک، گفتوگۆی لەسەر بكرێت، هەر بەپێی کارنامەی كۆبوونەوەكەش کۆبوونەکەی ئەنجومەن هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ‌ کەرکوک لە خۆناگرێت. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئازاد جەباری ئەندامی لیستی برایەتی لەپشکی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، سەبارەت بە کۆبوونەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕایگەیاند “کۆبوونەوەی ١٨-٢-٢٠١٩ـی ئەنجومەنی پارێزگای کەورک، کە بڕیارە بکرێت، پەیوەستە بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەگەر ڕێکبکەون ئەوا ڕنگە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک بەژداری بکەین، ئەگەر رێکنەکەون بەژداری ناکەین”.   

جەباری جەختیشی لەوەکردەوە، ئەگەر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک نەکرێت ئەوان وەک ئەندامانی یەکێتی بەشداری ناکەن، گوتیشی “ئەگەر کۆبوونەوەکە لە کەرکوک بکرێت، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگایە، بەڵام ئەگەر لە هەولێر بکرێت، کۆبوونەوەکە تەنها لە نێوان لیستی برایەتی دەبێت”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com