نێچیرڤان بارزانی ئەولەویەتی کاری حکومەتی داهاتووی راگەیاند

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەدوای کردنەوەی پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار لە هەولێر (مێتێکس)، رایگەیاند “بره‌ودان و پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتيارى يه‌كێك له‌ ئه‌وله‌ويه‌ته‌‌كانى داهاتووى حكومه‌ت ده‌بێت”.

مێتێکس، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر بە کۆمپانیاکان بناسرێت تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکەن و ٢٥٠ کۆمپانیا لە ٢٠ وڵاتی جیهانەوە بەشداری پێشانگەکە دەکەن. لەو وڵاتانەی کۆمپانیایان لە پێشانگەکە بەشدارن، ١٠ وڵات عەرەبین، پێنجیان وڵاتی ئەروپی و ئەوانی دیکەش کۆمپانیای تورکی و ئێرانی و چەند کۆمپانیایەکی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار لە گوتاریکدا رایگەیاند، هه‌رێمى كوردستان زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار و مادده‌يه‌كى خاوى زۆر باشى گه‌شتيارييه‌، ده‌كرێ زۆر زياتر له‌وه‌ى كه‌ هه‌يه‌ بقۆزرێته‌وه‌ و بكرێته‌ ناوه‌ندێكى ديارى گه‌شتيارى له‌سه‌ر ئاستى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. هاونیشتمانییانیش “هيچ كێشه‌يه‌كیان له‌گه‌ڵ بير و فه‌لسه‌فه‌ى گه‌شتياريدا نييه‌”.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیران باسی لەوە کرد “ئه‌گه‌ر دۆخى سه‌ختى چه‌ند ساڵى رابردوو نه‌بوايه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پلانێكى فراوانى بۆ بره‌ودان و پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرد”.

پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار، گەورەترین کۆمپانیای گەشتیارییە بە بەشداریی دەیان کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستانە کاتژمێر ١٠ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە ١٧-٣-٢٠١٩) لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان کرایەوە.

دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز

به‌يانيتان باش، هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن بۆ پێشانگه‌ى گه‌شتياريى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. به‌خێرهاتنێكى تايبه‌تى به‌ڕێز عبدالامير الحمداني وه‌زيرى ڕۆشنبيرى و گه‌شتيارى و شوێنه‌وارى عێراقى، به‌ڕێزان سه‌رۆكى ليژنه‌ى ڕۆشنبيرى و گه‌شتيارى و شوێنه‌وار له‌ په‌رله‌مانى عێراق، باڵيۆزان، ديپلۆماتكاران، كونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى فڕۆكه‌وانيى مه‌ده‌نيى عێراق و هه‌موو ئه‌و كۆمپانيا و وه‌به‌رهێنه‌ر و ميوانه‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاتوون و به‌شدارييان له‌م‌ پێشانگه‌يه‌دا كردووه‌.

خۆشحاڵم كه‌ ئه‌م به‌يانييه‌، به‌شداريى ئه‌م چالاكييه‌ ده‌كه‌م. هيوادارم پێشانگه‌كه‌تان سه‌ركه‌وتووانه‌ كاره‌كانى به‌ڕێ بكات و ئه‌نجامێكى باشى لێ بكه‌وێته‌وه‌. ببێته‌ هۆكارێك بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ بوارى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان. سوپاس بۆ وه‌زاره‌ت و وه‌زيرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار خاتوو نه‌ورۆز مه‌ولوود، بۆ هاوكارى و پشتگيرييان له‌م چالاكييه‌.

سوپاسى ڕێكخه‌رانى پێشانگه‌ى گه‌شتياريى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست “ميدل ئيست تۆريزم ئێكسپۆ” و ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانيى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ده‌سته‌، به‌ڕێز مه‌وله‌وى جه‌بار ده‌كه‌م.

به‌ڕێزان

هه‌رێمى كوردستان زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار و مادده‌يه‌كى خاوى زۆر باشى گه‌شتيارييه‌. ده‌كرێ زۆر زياتر له‌وه‌ى كه‌ هه‌يه‌ بقۆزرێته‌وه‌ و بكرێته‌ ناوه‌ندێكى ديارى گه‌شتيارى له‌سه‌ر ئاستى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. زۆرترين ئه‌و توخمانه‌ى تێدايه‌ كه‌ بۆ گه‌شتيارييه‌كى پێشكه‌وتوو پێويستن. له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ر چوار وه‌زرى ساڵ ده‌رفه‌تى گه‌شتيارى هه‌يه‌.

سروشتێكى سه‌رنجڕاكێش، ده‌شت و دۆڵ، گرد و شاخ و چيا، چه‌م و ڕووبار و كانى، دارستان و سه‌دان شوێنه‌وارى مێژوويى، هه‌موو توخمه‌ پێويسته‌كانى گه‌شتيارى له‌ هه‌ر چوار وه‌رزه‌كه‌ى كوردستاندا فه‌راهه‌من. له‌ هه‌موويشى گرنگتر ئاماده‌يى و ژينگه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى خه‌ڵكدۆست و ميوانپه‌روه‌رى كوردستانه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ حه‌زى له‌ خۆشى و له‌ ژيان، له‌ ئارامى و ئاشته‌وايى يه‌. خه‌ڵكێكه‌ هيچ كێشه‌يه‌كى له‌گه‌ڵ بير و فه‌لسه‌فه‌ى گه‌شتياريدا نييه‌.

ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌يه‌ ئه‌و بواره‌ به‌ باشترين شێوه‌ به‌كار بهێنرێت و بقۆزرێته‌وه‌. هيوادارم ئه‌م پێشانگه‌يه‌ بتوانێت له‌مڕووه‌وه‌ خزمه‌تێكى باش پێشكه‌ش بكات و وه‌به‌رهێنه‌ران هان بدات بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى له‌ بوارى گه‌شتياريدا له‌ هه‌رێمى كوردستان. ببێته‌ هانده‌رێك بۆ هاتنى زياترى گه‌شتياران بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌مساڵ و له‌ ساڵانى داهاتوودا. وا بكات هه‌رێمى كوردستان ببێته‌ خاوه‌نى باشترين خزمه‌تگوزاريى گه‌شتيارى و ڕووگه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى گه‌شتياران له وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى.

بێگومان ئه‌گه‌ر دۆخى سه‌ختى چه‌ند ساڵى ڕابردوو نه‌بوايه‌، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پلانێكى فراوانى بۆ بره‌ودان و پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرد، هه‌ر له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ و فراوانكردنى ژێرخانى گه‌شتيارييه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ پێشكه‌شكردنى باشترين خزمه‌تگوزاريى گه‌شتيارى له‌ هه‌موو بواره‌كانى گه‌شتياريدا.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ پله‌ى يه‌كه‌م و به‌ شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى پشت به‌ كه‌رتى تايبه‌ت ده‌به‌ستێت بۆ بنياتنانى كه‌رتى گه‌شتيارى. كه‌رتى تايبه‌ت ده‌توانێت بۆ بنياتنانى ژێرخانێكى تۆكمه‌ و فراوانى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بگێڕێت. ده‌بێ دۆخ و به‌سه‌رهاته‌كانى چه‌ند ساڵى سه‌ختى ڕابردوو ببنه‌ په‌ند و وانه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان. ده‌بێ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ين كه‌ هه‌رێمى كوردستان زۆرترين داهاتى خۆى نه‌ك له‌ نه‌وت و سامانه‌ سروشتييه‌كان، به‌ڵكو له‌ كه‌رته‌كانى ديكه‌ى گه‌شتيارى، كشتوكاڵ و پيشه‌سازييه‌وه‌، دابين بكات.

له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه‌ لێره‌دا‌ ئه‌م بۆنه‌يه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم دووباره‌ داوا له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمايه‌دارانى بيانى و ناوخۆيى بكه‌م تاكو بێن كار و وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى گه‌شتياريى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن. به‌ دڵنياييه‌وه‌ ده‌ڵێم: زه‌مينه‌ى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان هێنده‌ له‌باره‌، ده‌كرێ له‌ چه‌ند ساڵى داهاتوودا ببێته‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى گه‌وره‌ى قازانج بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران، هه‌روه‌ها بۆ هه‌رێميش ژێرخانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى گه‌شتيارى بنيات بنرێت كه‌ ببێته‌ يه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ركييه‌كانى داهات، سه‌دان هه‌زار ده‌رفه‌تى كاريش دابين بكات.

هه‌رێمى كوردستان ته‌نيا به‌ هه‌بوونى سێ كه‌رتى به‌هێزى گه‌شتيارى، كشتوكاڵ و پيشه‌سازى ده‌توانێ خۆى له‌ مه‌ترسى و ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانى پشتبه‌ستن به‌ ته‌نيا كه‌رتى نه‌وت ڕزگار بكات. بۆيه‌ دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارييه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات تا ڕێگه‌ى به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى گه‌شتياريدا خۆش بكات و وا بكات سه‌رمايه‌ى زۆر گه‌وه‌رى بيانى و ناوخۆيى له‌ كه‌رتى گه‌شتياريى هه‌رێمى كوردستاندا به‌گه‌ڕ بخرێت. بره‌ودان و پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتيارى يه‌كێك له‌ ئه‌وله‌ويه‌ته‌‌كانى داهاتووى حكوومه‌ت ده‌بێت.

ده‌زانين هه‌ندێ جار ياسا و ڕێنماييه‌كان، هه‌ندێ جاريش ڕۆتين و ڕێكاره‌كان و كارگێرييه‌كى سست و له‌سه‌رخۆ، وايانكردووه‌ وه‌به‌رهێنه‌ر دوودڵ بێت، يان دوور بكه‌وێته‌وه و نه‌وێرێت وه‌به‌رهێنان بكات! به‌ڵام لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ هه‌موو لايه‌ك دڵنيا بكه‌مه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى چاكسازييه‌كانيدا هه‌رچى پێويسته‌ ده‌يكات بۆ نه‌هێشتنى كه‌موكوڕييه‌كان و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو زه‌مينه‌يه‌كى باشتر بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا فه‌راهه‌م ده‌كات.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سياسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ڕۆڵێكى گه‌وره‌ بداته‌ كه‌رتى تايبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتنان و بره‌ودان به‌ هه‌موو كه‌رته‌كانى ژيان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌يه‌كى كارا هاوبه‌ش و به‌شدار بێت. به‌دڵنياييه‌وه‌ له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا، ئه‌و به‌شدارى و هاوبه‌شييه‌ى كه‌رتى تايبه‌ت بۆ پێشخستنى هه‌رسێ كه‌رتى گه‌شتيارى، كشتوكاڵ و پيشه‌سازى، گه‌وره‌تر و فراونتر ده‌بێت.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

ئێمه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌ڕوانينه‌ داهاتووى په‌يوندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا. ده‌مانه‌وێ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو هه‌موو كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عێراق له‌ چوارچيوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكه‌ين. هيوادارين باشبوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، هانده‌رێكى ديكه‌ بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمايه‌داران تاكو ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بقۆزنه‌وه‌. ئه‌وان ده‌توانن لێره‌وه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانى ديكه‌ى عێراقيش هه‌نگاو بنێن و سنوورى وه‌به‌رهێنانيان فراوانتر بكه‌ن.

هه‌ر له‌باره‌ى عێراقه‌وه‌، له‌ كاتێكدا به‌ره‌و جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌چين و به‌ هه‌زاران خوشك و براى عێراقيمان له‌ شار و ناوچه‌كانى ديكه‌ى عێراقه‌وه، هه‌روه‌ها له‌ سنووره‌كانى وڵاتانى دراوسێوه‌‌ بۆ سه‌يران و گه‌شتوگوزار ڕوو له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، داوا له‌ ده‌زگا ئه‌منييه‌كان و له‌ هه‌موو ده‌زگا په‌يوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌رده‌وام ئه‌وپه‌ڕى هاوكارى نيشان بده‌ن. له‌ ده‌روازه‌ و فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ زه‌رده‌خه‌يه‌كى جوان و به‌ ڕوويه‌كى گه‌ش و مامه‌ڵه‌يه‌كى كوردستانييانه‌ى نه‌رم و خۆش، به‌گه‌رمى به‌خێرهاتن و پێشوازى له‌ ميوانانى ئازيزى كوردستان بكه‌ن.

كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و ئاشته‌واييى گه‌لى كوردستان، ده‌بێ به‌ هه‌موو كار و مامه‌ڵه‌كانى كارمه‌ندان و ئه‌فسه‌ران و كاربه‌ڕێكه‌رانى ڕێگه‌ و ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ ديار بێت. ئه‌وه‌ى دێته‌ كوردستان ده‌بێ هه‌ست بكات به‌ ئارامى له‌ وڵات و له‌ ماڵى خۆيه‌تى. خوشكێك، برايه‌كى ئازيز له‌ هه‌ر ناوچه‌ و شارێكى ديكه‌ى عێراقه‌وه‌ بێته‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ هه‌ست بكات كه‌ ڕێزلێگيراوه‌ و هاتنى بۆ كوردستان مايه‌ى خۆشحاڵى يه‌.

وه‌ك ده‌زگا په‌يوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت پێشبينييان كردووه‌ و پلانيان بۆ داناوه‌، ڕاسته‌ قه‌ره‌باڵخى دروست ده‌بێت و لايه‌نه‌ ئه‌منييه‌كانيش بۆ سه‌لامه‌تيى هه‌مووان ئه‌ركى خۆيان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌تا بكرێت ده‌بێ هاوكارى و ئاسانكاريى زياتر پێشكه‌ش به‌ ميوانانى كوردستان بكه‌ن. هه‌روه‌ها داواش له‌ سه‌يرانى و هاووڵاتيانى خۆشه‌ويست ده‌كه‌م له‌ كاتى گه‌شت و سه‌يرانه‌كانياندا، ژينگه‌ى كوردستان بپارێزن.

له‌ كۆتاييدا، دووباره‌ به‌خێرهاتنى هه‌مووتان ده‌كه‌م، ده‌ستخۆشى له‌ ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى كوردستان و “ميدل ئيست تۆريزم ئێكسپۆ” ده‌كه‌م بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م پێشانگه‌يه‌. هيوادارم ده‌رگايه‌كى ديكه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى گه‌شتياريدا له‌ هه‌رێمى كوردستان بكاته‌وه‌ و زۆر گرێبه‌ست و ڕێككه‌وتنى كار و وه‌به‌رهێنانى تێدا ئيمزا بكرێت. پێم وايه‌ گرنگه‌ ئه‌م پێشانگه‌يه‌ ببێته‌ نه‌ريت و پێشه‌نگه‌يه‌كى ساڵانه‌ و به‌رده‌وام بێت.

هيواى سه‌ركه‌وتن و ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم
سوپاستان ده‌كه‌م.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com