ئەمریکا دوای سەرکەوتنی هەسەدە: شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ بەرپرسی کاروباری سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر داعش لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات، گوتی شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت.

دوای زیاتر لە 40 رۆژ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی باغۆز، ئەمڕۆ (شەممە 23-3-2019) هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکەوتنی بە سەر داعش راگەیاند.

لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا لە پارێزگای دێرەزوور، ویڵیام رۆیبەک رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی وڵات جەختیان کردووەتەوە، کە لە هەر شوێنێک پێویست بکات، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش ئەنجامدەدات. گوتیشی، بێ هەوڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و قوربانی هەسەدە نەیاندەتوانی ئەو سەرکەوتنە بەسەر داعش بەدەستبهێنن.

دەقی پەیامەکەی بەرپرسی کاروباری سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:

“پیرۆزبایی لە خەڵکی سووریا و بەتایبەتی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەین بەبۆنەی تێکشاندنی خەلافەتی داعش و رزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا. ئەمە هەنگاوێکی گەورەبوو لە شەڕی دژی داعشدا و هەروەها پابەندبوونی گەورەی هاوبەشە لۆکاڵی و هاوپەیمانانمانیش بوو بۆ تێکشاندنی داعش. ئەمریکا بە شانازییەوە لەنێو 79 ئەندامەکەی هاوپەیمانان پشتگیری لەم شەڕە کرد. ئێمە ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لەبیرناکەین کە قوربانیێکی زۆرمان بۆی دا. ئێمە بێ پابەندی و یەکێتی هاوپەیمانان، هەروەها قوربانی هاوبەشە سوورییەکانمان ئەمەمان بەدەستنەدەهێنا کە هەزاران کەس ژیانیان بەخشی تاوەکو دەستبەسەر خاکی خۆیان دا بگرنەوە و لە هەمانکاتیشدا پارێزگاری لە وڵاتانی هاوپەیمان بکەن. ئێمە رێز لە قوربانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەو سەرکەوتنە دەگرین، هاوخەمی لەدەستدانی ژیانی چەندەها کەسیشین کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا گیانیان لەدەستدا. ئێمە رێز لە ئازایی ئەوان دەگرین، رێز لە ئازایی هێزەکانی عێراقیش دەگرین کە لەوبەرەوە ئەوانیش شەڕی داعشیان دەکرد. لە کاتێکدا ئێمە داعشمان لە سووریا و لە عێراق لە بواری هەبوونی ناوچەی ژێر دەسەڵاتییەوە تێکشکاندووە، هێشتا کاری زۆر ماوە بیکەین بۆئەوەی تێکشکاندنی داعش یەکجاریی بێت.

ئێمە بە روونی گوتوومانە کە ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە. داعش هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و ئەمریکا و هاوبەش و هاوپەیمانانمان. ئێمە پشتگیری بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناو سووریا دەکەین تاوەکو دڵنیابین ئەم تێکشاندنە درێژە دەکێشێت. سەرۆک ترەمپ و وەزیر پۆمپیۆ جەختیان کردووەتەوە کە ئەوەی پێویستبێت دەیکەن لە سووریا و لە سەرتاسەری جیهاندا. پێویستە پشتگیریش لە هەوڵی نەتەوەیەکگرتووەکانیش بکەین لەژێر بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش کە بە تەنیا رێگەچارەی سیاسییە بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانی سووریای دەزانین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com