ئامانجی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە چییە؟

0

نوچەنێت

لە رۆژانی رابردوودا،عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم سەردانی دەرەکی خۆی ئەنجام دا. بە تێپەڕینی پێنج مانگ و دوای ئەوەی کە عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە دەستەوە گرت، بە فەرمی سەردانی میسری کرد.

قاهیرە میوانداری دانیشتنێکی سێ قۆڵی بە بەشداری سەرانی عێراقی، میسری و ئۆردنی سازکرد. میسر لە چەند ساڵی ڕابردوودا میوانداری کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی داخراوی سەرانی عەرەبی کردووە، بە تایبەتی کە بەرپرسانی  ئەمنی و هەواڵگریيەکانی وڵاتانی عەرەبی بەشداری زۆربەی ئەم کۆبوونەوانە بوون.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ میسر، لە کاتێکدا بوو کە سەرچاوەکانی زانیاری باسیان لە پلانی هاوبەشی ئەم سێ وڵاتە بۆ چڕکردنەوەی هاوکاریيەکانیان لە رووی ئەمنی، سیاسی و بازرگانییەوە کردووە.

گرنگی ئەم کۆبوونەوەیە کە دەگوترێ شای ئوردن، رۆڵی نێوەندگێری تێدا بینیوە، لەم رووەوە کە بەر لە دەستپێکی کۆبوونەوەی عەرەبی-تونس ئەنجام دراوە، کۆبوونەوەیەک کە بڕیارە رۆژانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، پێشبینی دەکرێ ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییە دەرگا بە ڕووی قۆناغێکی نوێ لە هەواڵبەندی ناوچەیی وڵاتانی عەرەبی بکاتەوە، لەوانە هەوڵەکانی عێراق، میسر و ئوردن بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ باوەشی جیهانی عەرەبی، یەکخستنەوەی ناوماڵی عەرەبی و گەڕاندنەوەی عێراق  بۆ پێگەی ناوچەیی خۆی.

کاتی بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوە سێ قٶڵییە، بابەتێکی دیکەی جێی سەرنجە کە هاوکات بوو لە گەڵ تێکشكانی یەکجاری داعش لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و پاککردنەوەی  رۆژهەڵاتی فورات لە بوونی هێزەکانی داعش، ئەوە بوو کە هێزەکانی سوریای دیموکرات، کۆتایی خەلافەتی داعشی بە یەکجاری راگەیاند، لێرەوەیە کە زانیاریيەکان باس لە پلانی هاوبەشی  عێراق، میسر و ئوردن بۆ دانانی ستراتیژییەکی تۆکمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بناژۆخوازی دەکەن لە ناوچەکە، بە تایبەت کە ئەم سێ وڵاتە لە ٧ ساڵی رابردوودا لە گەڵ مەترسی و هەڕەشەکانی ڕەوتە تیرۆریستیەکان رووبە ڕوو بوونەتەوە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت.

ڕەنگە زوو بێت تاکو شرۆڤە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بکرێت، بەڵام بێ گومان هەڵگری ئاماژەیەکی روونە، ئەویش پێکهێنانی میحوەرێکی نوێیە کە سێ وڵات تیایدا بەشدارن. گەڕاندنەوەی هاوسەنگی کە چەقەکەی کەنداوە و لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا رۆڵی یەکلاکەرەوەی لە ناوەندەکانی بڕیار هەبووە، ئامانجێکی دیکەی ئەم هەواڵبەندیيە. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج، نزیکبوونەوەی بەغدا و قاهیرەیە لە یەکتر، کە ئەمە لە چەشنی خۆیدا رووداوێکی نوێ و جێی سەرنجە.

لێرەدا دوو خاڵ هەیە، کە دەبێ لە دوتوێی ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییە سەرنجی بخرێتە سەر:

یەکەم: ئایا کۆبوونەوەی سێ قۆڵی عێراق، میسر و ئوردن، ڕەنگدانەوەی ململانێی دنیای عەرەبی و ئێرانە، بە تایبەت کە عێراق بەشێکی گەورەی ئەم ململانێیە پێکدێنی و بۆتە گۆڕەپانی خودی ململانێکە؟ لە روانگەیەکی دیکەوە، ئایا ئەم کۆبوونەوەیە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران کە سەرکردایەتی بەرەی مقاومت(بەرگری)دەکات.

دووەم: ئایا نزیکبوونەوەی میسر و عێراق، سەرەتایەکە بۆ نزیکبوونەوەی میسر و ئێران؟ بە تایبەتی کە ئێستا عێراق بۆتە دەروازەیەکی سەرەکی تاران بۆ خۆدەربازکردنی لە قەیران و تەنگژەی ناوخۆیی؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە لە ئێستادا دژوارە، بەڵام دەکرێ  بگوترێ کە لایەنێکی ئەم کۆبوونەوەیە، گەڕاندنەوەی سوریایە بۆ باوەشی دنیای عەرەبی، سەرباری ئەوەی کە ئەمریکا گوشارێکی زۆری دروست کردووە تاکو بەربەست لە رێگەی گەڕانەوەی سوریا پێکبهێنێت.

ناونیشانی کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەی قاهیرە، کە پێدەچێت قورسایی بخاتەسەر هاوکێشەکانی ناوچەکە، نوێکردنەوەی هاوپەیمانی و دۆستایەتی عێراق و میسرە، بەڵام بە کام ئاراستە؟ ئەمە ئەوپرسیارە گرنگەیە کە دەبێ چاوەرێی وەڵامەکەی بین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com