ئەبوبەکر کاروانی: لە کابینەی پێنجەمدا هەموان هەستیان بە مەترسییەکان دەکرد

0

نوچەنێت

کەسایەتی سیاسی و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، وه‌زیر له‌كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی كوردستان، ئەبوبەکر کاروانی، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت، باس لە ئاڵۆزییە سیاسییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، مەترسی لەسەر ئەزمونی هەرێمی کوردستان هەیە، به‌پێویستی ده‌زانێت بەرپرسان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و هەست بەو مەترسییە بکەن.

نوچەنێت: تاچەند مەترسی پەرتەوازەیی زیاتر هەیە لە کوردستان

ئەبوبەکر کاروانی: بەبڕوای من لەبەرئەوەی کێشەکان قوڵتربوونەته‌وه‌، بێ متمانەیی گەیشتۆتە ئاستێکی خراپتر لە جاران، بۆیە دەبێ حساب بۆ ئەوە بکەین، کە ئاستی پەرتەوازەییەکە زیاتر بێت، بەتایبەت کە خۆمان دەزانین مەترسی ئەوەهەیە هەندێ لە وڵاتانی هەرێمی و هەتا بەغداو هەندێ هێز، دەستوەربدەنە ئەو مه‌ترسییانه‌ی كه‌ هەیە بیانەوێ رەهەندی نوێی گەورەتریان پێ ببەخشێ.

ئێمە ئێستا لە دۆخێکداین، کە هێزەسیاسییەکان، یان هێزە گرنگە بنەڕەتییەکان متمانەیان بەیەکتر لاواز بووە. هەروەها ئامرازی ململانێکان گۆڕاون  بۆیە مەترسییەکان زیاتر بوون.

نوچەنێت: هۆکاری ئەو پەرتەوازەییە چییە ؟ وەکو جەنابیشت دەڵێی مەترسی زیاتر چاوەڕێ دەکرێ.

ئەبوبەکر کاروانی: بەبڕوای من رەگ و ریشەی لەو دابەشبوونەوەیه‌ کە لەناو شۆڕشەکانی کورددا دروست بووە، سنورێکی بۆدانەنراوە لەهەر ئەڵقەو سەردەمێكی مێژووی کورددا. لەدوای ئەو مێژووەوە دابه‌شبوونه‌كه‌ بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی پیشان دەداته‌وه‌، ئێستاش یەکێک لە ئەڵقەکانی ئەو ململانێ مێژووییەیە، لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەچاوی خۆمان دەیبینین، کە هێزە سیاسییەکان لە رێی گفتوگۆی سیاسییەوە، یان بڵێین لەرێی نمرە دانان و پلەی سیاسی بۆ یەکترەوە دەیانەوێ سزای یەکتر بدەن. دەیانەوێ دیدە تایبەتییەکانی خۆیان بسەپێنن و دۆخێکی نوێ بخوڵقێنن.

پێوەری نوێ بیهێننە کایەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و نفوز لەهەرێمی کوردستاندا، هەموو ئەوانەش لە چوارچێوەی نەبوونی دەستور و دامەزراوەی نیشتیمانی هه‌یمه‌نه‌ی حزبی سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، هەمووئەوانە کە یەکدەگرنەوە مەترسییەکان گەورەتردەبن.

نوچەنێت: چۆن لە هەوڵەکانی کاراکردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم وهەمواری یاسای سەرۆکایەتی دەڕوانی بەبێ یەکێتی، ئایا یەکێتی نایەتەوە پێشەوە یان پارتی و گۆران دەیانەوێ بەبێ یەکێتی ئەو کارە بکەن؟

ئەبوبەکر کاروانی: نەبوونی یەکێتی خراپە، لەبەرئەوەی کاتی خۆی باسمان دەکرد یەکێک لەو یاسایانەی، کە رەهەندی دەستورییان هەیە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە، ئەسڵ وایە هەموو هێزە سیاسییەکان بە تەوافق ئەو یاسایە هەموار بکەنەوە. لەدەرەوەی تەوافوق هەموارکردنەوەی یاساکە لەجیاتی ئەوەی ببێتەوە چارەسەری کێشەکان دەبێتەوە سەرچاوەی کێشەکان.

لەبەرئەوە لە هەموو حاڵەتەکان خەتاکە هەرچۆنێک بێ، یان کێ بەشی کەم و زۆری بەرکەوێ کاردەکاتە سەر پرەنسیپەکە. ئەو یاسایانەی کە رەهەندی نێشتیمانییان هەیە ئەسڵ ئەوەیە، کە بەتەواقف و هاودەنگی نیشتیمانی هەمواربکرێنەوەو دابڕێژرێنەوە.

نوچەنێت:هیچ مەترسییەک لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەبینی؟

ئەبوبەکر کاروانی: بەش بەحاڵی خۆم هەتا پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ لە کوردستان لە ئارادابن، هەست بە مەترسی دەکەم، کە لانی کەم لەسێ خاڵدا خۆی دەبینێتەوە:

یەکەم: پاشماوەکانی دووئیدارەیی.

دووەم، بوونی چەکداری حزبی، کە هێزەکانی حەفتاو هەشتان.

سێیەم: پەیوەندی هەرێمایەتی لەدەرەوەی بازنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

هەتا ئەم سێ ئەگەرە لە ئارادابن، بە دڵنیاییەوەو دەبێ لە دۆخی ئاسایشدا هەست بەمەترسی بکەین، لەبەرئەوەی لە دۆخی ئاساییدا، ناهێڵن پرۆسەی دووبارە بیناکردنەوەی هەرێم بەگویڕەی پێوسیت بچێتە پێشەوە. چ جای لەکاتی قەیران و بێ متمانەیی و بوونی ئیرادەی دەستوەردان لە هەرێمی کوردستان.

نوچەنێت: کاتێک کابینەی پێنجەم پێکهات، دۆخەکە هەندێک پێچەوانەی ئێستا بوو. دووئیدارەیی هەبوو و هەوڵی یەکخستنەوەی دەدرا، ئێستا یەک ئیدارەیەوە دەڵێن، دووئیدارەدروست دەبێت. بەرێزت لەو کابینەیە وەزیربوویت و ئاگاداری هەوڵەکانی، بۆیە دەپرسین چی وایکرد کابینەی پێنجەم لە بەدیهێنانی یەک ریزی تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بێت؟

ئەبوبەکر کاروانی: ئەو کابینەیە نموونەبوو بۆ کورد و بۆ عێراقیش، سەرەتایەک بوو دوای شەڕی ناوخۆ و دوای لێکدابڕانێکی زۆر و دوای ئاڵوگۆڕ لە عێراقدا، هاتبووە کایەوە.

کورد هەستی بە قۆناغێکی نوێ دەکرد، بۆیەکەمجار بوو لە هەرێمی کوردستاندا حکومەتێکی یەکگرتوو بەدی بێ، خودی دروستبوونی حکومەتێکی هاوبەش بە دەستکەوت دەزانرا، کەش و هەوای کابینەکە کەشوهەوایەکی ئیجابی بوو، بەو ئاراستەیە بوو کە رۆژ بەرۆژ هەنگاو بنێ بەرەو بەتەواوەتی سەرخستنی ئیرادەو ئیدارە لە هەرێمی کوردستاندا.

بەڵام بەداخەوە دوای ئەو کابینەیە حزبە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، ئەوەندە نەچوونە پێشەوە، کە کۆتایی بە پاشماوەی قۆناخی رابردوو بهێنن، بۆیە ئەوەی ئەو کابینەیە بناخەی بۆ دانا وردەوردە دوای ئەوە ئیزافەی تری بەدوادانەهات.

ئومێدەکان گەورەتر نەبوون، کە بتوانرێ بڕیارێکی ئازایانە بدا بۆ کۆتاییهێنان بە ئاسەوارەکانی شەڕی ناوخۆو ناکۆکی نێوماڵی کورد کە دەیان ساڵە بەردەوامە.

نوچەنێت: پەیوەندی ئێوە وەک وەزیرەکان و سەرۆکی کابینەی پێنجەم چۆن بوو، تا چەند ئەو پەیوەندییە هاوکاربوو لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان؟

ئەبوبەکر کاروانی: بەراورد بەو دابڕانەی، کە چەندین ساڵ بوو لە بەینی حزبەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی هەبوو، پەیوەندییەکی باشبوو، ئومێدی لێدەکرا رۆحیەتێکی باش بۆ ئیشکردنی بەتیم هەبوو.

بەڵام هەمووشیان وەزیرەکانی پارتی و یەکێتی هەستیان بە مەترسییەکان دەکرد، کە دەبێ قۆناخەکە بچێتە ئاستێکی ترەوە، بەڵام حزبەکان لە سنوریكی دیاریکراو زیاتر رێگەیان پێنه‌دەدان.

لە هەموو حاڵەتێكدا کەشوهەوای نێو ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان بەگشتی، کەشوهەوایەکی ئیجابی بوو، وا ئیشیان دەکرد کە لەداهاتوو دۆخەکە بەرەو باشتربچێ.

نوچەنێت: لە بەدیهێنانی یەکڕیزی سەرۆکوەزیر دەتوانێ رۆڵی هەبێ؟ لە کابینەی پێنجەم ئەو رۆڵە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

ئەبوبەکر کاروانی: سەرۆکوەزیران بەدڵنیاییەوە دەتوانێ رۆڵێ هەبێ، یەکەم لە کەمکردنەوەی هەستیاریە حزبییەکانی دەرەوەی حکومەت لەناو حکومەتدا، هەروەها لە دروستکردنی لانی کەم و مەعقولی ژیانی ئیشکردن بە تیم و نەگوێزانەوەی کێشەکانی دەرەوەی حکومەت بۆ ناو حکومەت.

ئەگەرچی ناتوانێ بەسەرهەمووکێشەکاندا سەرکەوێ لەبەرئەوەی مەکتەب سیاسییەکانی حزبەکان و سەرۆکی حزبەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی بڕیار دەدەن چیبکەن و چێ نەکەن. تەنانەت چەند کێشە بۆ حکومەت دروست بکەن و چەند کارئاسانی بۆبکەن.

بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا سەرۆکی حکومەت و حکومەت دەتوانێ رۆڵێکی ئیجابی بگێڕی، یارمەتی یەکێتی و پارتی و حزبەکانی تریش بدات بەوەی، کە زەمینەی گفتۆگۆیەکی باشتریان بخاتە بەردەم، هەستیارییان لەنێوانیاندا کەم بکاتەوە، تا بەچاوێکی گەشبینی زیاترەوە بڕواننە کارکردن و بێ متمانەیی نێوانیان کەمتربێتەوە.

دەبێ بشزانین حکومەت ئەگەرچی ناتوانێ لەبەرئەوەی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی لەبەردەستدا نییە، کۆنتڕۆڵی نیشتیمان و هێزە چەکدارەکانیشی بەتەواوی لەبەردەستدا نییە، بۆیە ناتوانێ بەتەواوی رۆڵی خۆی ببینێ. بەو جۆرەی کە لەدۆخێکی ئاساییدا پێویستە، بەڵام دەتوانێ رۆڵێکی یارمەتیدەر بگێڕێ، بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان لەهەرێمی کوردستان و لێك تێگەیشتن قوڵ بکاتەوە.

نوچەنێت: ئایا لە کابینەی پێنجەم سەرۆکوەزیران ئەو رۆڵەی هەبوو؟

ئەبوبەکر کاروانی: سه‌رۆكی حكومه‌ت دەیویست ئەو رۆڵەی هەبێ، بەدڵنیاییەوە نەیدەتوانی هەمووی ئەوەی کە پێویستە بیکات، بیكات، لەبەرئەوەی ئاسایش و هێزە چەکدارەکانی لە ژیر دەست و کۆنترۆڵیدا نەبوو.

لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو رۆحیەتەی پیشان دەدا، کە دەیویست رۆڵێکی وابگێڕی، رەنگە لە هەندێ رووشەوە توانیبێتی ئەو رۆڵە بگێڕێ، ئه‌گه‌ر لە هەندێ رووی ترەوە نەیتوانیبێت، ئه‌و رۆڵه‌ ببینێت هۆكار ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ دەسەڵاتی راستەقینە لای حزبەکان بوو لە هەمووروویەکەوە، بەتایبەتیش بەدەستەوە گرتنی دەرامەتەکان و ئاراستەکردنی روداوەکان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com