حکومەتی هەرێم لە وەرگرتنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری خۆشدەبێت

0

نوچەنێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە وەرگرتنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری لە هاوژینی شەهیدان و بێسەروشوێنبووانی شەڕی دژی داعش خۆشبێت.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەژمارە 9/4/3633 کە لە 11-4-2019 دەرچووە و واژۆی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، هاوژینی شەهیدان و بێسەروشوێنبووانی شەڕی دژی داعش لەدانەوەی قەرزی پێشینەی هاوسەرگیریی دەبەخشرێن.

هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، هاوژینی شەهیدان و بێسەروشوێنانی شەڕی دژی داعش کە قیستی یەکەمی پێشینەی سندووقی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و قیستەکانی دیکەیان وەرنەگرتووە، لە قیستی یەکەم دەبەخشرێن و لەکاتی ئاساییبوونەوەی بارودۆخی داراییشدا قیستەکانی دیکەشیان پێدەدرێت و بەهەمان شێوە لەدانەوەی پێشینەکانیش دەبەخشرێن.

دەقی نووسراوەکە:

رێنمایی دارایی ژمارە (8)

وەزارەتی دارایی و ئابووری
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری
ب/ دیراسات و ڵێکۆلینەوە و بەدواداچوون
ژمارە 9/4/3633
رێکەوت: 11/4/2019 
بۆ گشت وەزارەتاکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت

پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 161 لە 9-1-2017 تایبەت بەو پێشینانەی کە وەرگیراون لەلایەن هاوسەری (شەهیدان و بێشەروشوێنانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هاوڵاتایانی خۆبەخش و فەرمانبەرانی راژەی شرستانی) و لە سەنگەرەکانی دژبە تیرۆریسانی داعش گیانیان بەخت کردووە یان بێسەروشوێن بوون، وەکو قەرزەکانی (هاوسەرگیری، خانووبەرە و سندوقی نیشتەخێ بوون)بڕیاردرا بە:

یەکەم/ هاوسەری شەهیدان و بێسەروشوێنکراوانی جەنگی دژ بە تیرۆریسانی داعش کە پێشینەی هاوسەرگیریان وەرگرتووە، بەهەمان شێوەی هەردوو فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 7626 لە 27-11-2014 و 8075 لە 19-10-2015 کە بە رێنماییەکانمان ژمارە (3 و 9و 13)ی ساڵی 2015 جێبەجێکراوە لە دانەەوی قەرزی پێشینەی هاوسەرگیری دەبەخشرێن.

دووەم/ هاوسەری شەهید و بێسەروشوێنانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش کە قیستی یەکەمی پێشینەی سندوقی نیشتەجێبووةیان وەرگرتبێ و قیستەکانی تری وەرنەگرتووە، لە قیستی یەکەم دەبەخشرێت و لەکاتی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی دارایی قستەکانی تریشیان پێ دەدرێت و بەهەمان شێوە لەدانەوەی پێشینەکان دەبەخشرێن.

سێیەم/ ئەو هاوسەری شەهید و بێسەروشوێنانەی جەنگی دژ تیرۆریستانی داعش کە داواکاری پێشینەی خانووبەرەیان پێشکەش کردووە و رەزامەندیان وەرگرتووە، دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخی دارایی هەرێم پێشینەکانیان بۆ خەرج دەکرێت و بەهەمان شێوە لە دانەوەی پێشینەکان دەبەخشرێن.

چوارەم/ ئەم رێنماییە لە رێککەوتی دەرچوونیەوە کاری پێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەەوە.

بۆ ئاگاداریتان و کار پێکردنی.. لەگەڵ رێزدا.
رێباز حەملان
وەزیری دارایی و ئابووری

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com