نێچیرڤان بارزانی: نابێت قوربانیانی ئەنفال و کەسوکاریان لەبیربکەین

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ ساڵیادی ٣١ ساڵەی ئەنفاڵە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو یادەدا رایگەیاند “نابێت قوربانیانی ئەنفال و کەسوکاریان لەبیربکەین. با ئەمڕۆ و سبەینێ و هەموو رۆژێک یادیان بکەینەوە”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی لە ساڵیادی ئەنفالدا بڵاوکردەوە و تێدا رایگەیاند “سەرباری ئاڵۆزی و سەختییەکی سیاسی وڵات، ساڕێژکردنی برینی ئەنفال و قەرەبووکردنەوەیان دەبێت کاری سەرەکی دەوڵەت و حکومەتی عێراق بێت. ئەمە بەرپرسییەکی ئەخلاقی و مێژووییە”. 

پرۆسەی ئەنفال لە ١٢ـی ئاداری ١٩٨٦دا، لە لایەن دەسەڵاتی بەعسەوە دەستیپێکرد و تاوەکو ٧ـی حوزەیرانی ١٩٨٩ بەردەوام بوو و تێیدا هێرشی زەمینی و بۆردوومانی ئاسمانی بۆ وێرانکردنی سیستماتیکی گوند و شارۆچکە و شارەکانی باشووری کوردستان بەکارهێندرا و لە ئەنجامیشدا زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و بێسەروشوێنکران. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٤ـی ئەپریڵی، وەک رۆژی یادکردنەوەی کۆمەڵکووژی ئەنفال دیاریکردووە. 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالدا 

جارێکی تر دوای زیاتر لە 30 ساڵ یادی قوربانیان و کەسوکاری شاڵاوی دڕندەی ئەنفال دەکەینەوە. ئەو شاڵاوەی هیچ سنوورێکی نەدەناسی؛ ئافرەت، پیاو، منداڵ و بەساڵاچوو؛ گرنگ لەناوبردنی ژیان بوو لە گوند، شارۆچکە و شارەکانی ئەم بەشەی کوردستان. سیاسەتی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بەرامبەر میللەتەکەمان جگە لە وێرانکاری و تۆقاندن و سەپاندنی دەسەڵاتی دێوەزمەی عێراق، ژیانی زیاتر لە 180 هەزار کەسی بەچەکی قورس و گازی کوشندە و کیمیابارانی ئاسمانیی کوردستان بەکۆتا هێنا. 

ئێمە وەک میلەتێک دەبێت بە ئەرکی خۆمان بزانین، کە نەک تەنیا یادی کیمیابارانی قوربانیانی ئەنفال بکەینەوە، بەڵکو هاوکاری تەواوی کەسوکاریان و ئاوەدانکردنەوەی زێد و باشترکردنی هەلومەرجی ژیانیشیان لە ئەستۆی ئێمەدایە. 

سەرباری ئاڵۆزی و سەختییەکی سیاسیی وڵات، ساڕێژکردنی برینی ئەنفال و قەرەبووکردنەوەیان دەبێت کاری سەرەکی دەوڵەت و حکومەتی عێراق بێت. ئەمە بەرپرسییەکی ئەخلاقیی و مێژووییە. 

بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی هاوشێوەی ئەنفال لە داهاتوودا دژی گەلەکەمان، جا لەژێر درووشمی نەژادپەرستی، نەتەوایەتی، ئاینی یان ئایدۆلۆژیای سیاسیدا بێت، ئێمە نابێت قوربانیانی ئەنفال و کەسوکاریان لەبیربکەین. با ئەمڕۆ و سبەینێ و هەموو رۆژێک یادیان بکەینەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com