نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چیك کۆبووەوە

0

نوچەنێت

جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چیك، له‌ كۆبوونه‌وەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماده‌یى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ پراگ راگەیاند.

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (دووشەممە، ١٥-٤-٢٠١٩) نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ مارتن سمۆلێك، جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چیك، جه‌ختى له‌ خواستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى چیك كرده‌وه، پشتگیریى خۆى بۆ پرۆژه‌كانى خوێندنى زانكۆیى چیك له هه‌رێمى كوردستان و پلانى دامه‌زراندنى شارى ئه‌كادیمیى چیكى له‌ هه‌ولێر نیشان دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه كونسوڵى گشتیى چیك له‌ هه‌رێمى كوردستان ئامادەی بوو، ‌ جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چیك رایگه‌یاند ‌كونسوڵخانه‌ى گشتیى وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ پێدانى ڤیزا به‌تایبه‌تى بۆ كارسازان و بازرگانان و ئه‌و قوتابییانه‌ى ده‌یانه‌وێت له‌ كۆمارى چیك بخوێنن، هەروەها ئاماده‌یى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ پراگ ده‌ربڕى، “كه‌ مایه‌ى خۆشحاڵى و پشتگیریى سه‌رۆكوه‌زیران بوو”.

هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى چیك له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هەروەها دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵ و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدایان تاوتوێ كرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com