هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەسەر دواکەوتن لە پێکهێنانی کابینەی نوێ

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنیت “دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئاساییە، بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان وادەخوازێت، کە کاتی تەواو بدرێتە پرۆسەی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە مێژوونووس و نووسەری ناسراوی کوردی خورسان ” کەلیمووڵڵا تەوەحوودی” نووسەری کتێبی ” کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان” گوتارێکی پێشکەش کرد، و لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی بارودۆخی ئێستای کوردستانی کردو رایگەیاند “لەم رۆژانەدا، کە زیاتر لە ٦ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی گشتی لە کوردستان تێدەپەڕێت، خۆتان دەزانن گلەیی زۆرە لەسەر ئەوەی پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە، هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە لایەنە سیاسییەکان دواجار هەر دەبێت بگەنە رێککەوتن”.

نێچیرڤان بارزانی، هەروەها رایگەیاند: “با ئێمە وا تێنگەین کە دیموکراسی هیچ کێشەی نییە، لە دیموکراسیدا ئەوەی کەمی هێناوەو ئەوەی زۆریشی هێناوە وەکو یەک مافیان هەیەو قسە دەکەن، بۆیە دەبێت ئێمە پشوومان درێژ بێت و لایەنەکان کاتی تەواویان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: “ئەم دواکەوتنە ئاساییە، بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان وادەخوازێت، کە کاتی تەواو بدرێتە پرۆسەی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، چونکە ئێمە دەمانەوێت سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەبایی و ئاشتەوایی و بوژانەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی هەبێت بۆ وڵاتەکەمان، دەمانەوێت لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش لایەنە سەرەکییەکانی بەشداری لە حکومەتدا بکەن، پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەهێز و دواڕۆژێکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان بونیاد بنێین”.

نێچیرڤان بارزانی، هەروەها گوتی “ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، کە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆییمان هەبێت، هەروەها پاراستنی تەبایی لەگەڵ دەوروبەردا، ئێمە بە پشتیوانی ئێوە هەوڵدەدەین گرژی و ناتەبایی لە داهاتوودا روونەدەنەوە، دڵنیابن رۆژانی خۆشتر چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکەن، هەموومان بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی داهاتوویەکی باشین و پێکەوە هەنگاو دەنێین بەرەو کوردستانێکی بەهێز بۆ هەموو لایەک”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com