ئایا ئێران جامی ژەهرەکە دەخواتەوە؟

0

نوچەنێت

ئایا ئێران توانای بەرەوڕوو بوونەوەی گوشارە سیاسی و ئابوریەکانی ئەمریکای هەیە، کە بە خولی نوێی سزاکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران دەناسرێتەوە؟

رۆژی ڕابردوو ٢٢ی ئەپریل، کۆشكی سپی بڕیارێکی نوێی دۆناڵد ترەمپی راگەیاند، کە بەو پێیە ئەمریکا کۆتایی بە مۆڵەتی مامەڵەی نەوت لە گەڵ ئێران دێنێ، کە لە ئەنجامدا چەند وڵاتێک کە دەیانتوانی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو درێژە بە کڕینی نەوتی ئێران بدەن.

دوو هەفتە بەر لەم بڕیارەش، واشنتۆن سوپای پاسدارانی ئێرانی بە فەرمی خستە لیستی تیرۆرەوە و بەم پێیە بەدەر لە سزاکانی سەر تاران، ئەمریکا دوو بڕیاری قورسی لە دژی ئێران دەرکردووە.

بەم دەستپێکە و بەم دۆخە کە ئێران تێی کەوتووە، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، کە ئێران چۆن و تا چ کاتێک دەتوانێ بەرەوڕووی ئەم گوشارە سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسیانەی ئەمریکا بێتەوە.

جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨ واتە پێنج مانگ بەرلە ئێستا رایگەیاند، کە واشنتۆن بە رادەیەک گوشارەکانی سەر ئێران توند دەکاتەوە، کە هاواریان بەرز بێتەوە. ئەمریکا بەردەوام رایگەیاندووە، کە ئامانج لە گوشاری رادەبەدەر بۆ سەر ئێڕان تەنها گۆڕینی رەفتاری رژێمی ئایەتوڵڵاکانە، نەک گۆڕینی خودی حکومەتەکە.

کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ئێستا نیشانی داوە، کە نە تەنها بەرامبەر بەم سزایانە رەفتاری خۆی نەگۆڕیەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدات بە رێگەی چالاک کردنی دیپلۆماسیەکەی لە گەڵ وڵاتانی ناوچە (تورکیا، قەتەر، عێراق) و بەهێزکردنی نفوز و کاریگەری خۆی لە یەمەن و سوریا، کێشە و گرفت لەبەردەم سیاسەتەکانی واشنتۆن بنێتەوە.

لە گەڵ ئەمانەش ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، کە لە گەڵ توندتربوونەوەی سزا و گوشارەکان، کە لە خۆیدا سەرچاوەکانی داهاتی رژێمی ئێرانی مەبەستە و رابەری کۆماری ئیسلامیش پێداگری دەکاتەوە، کە جارێکی دیکە ناکەونە دانوستان لە گەڵ ئیدارەی ئەمریکا، کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، ئایا ئێران بەرگەی ئەم گوشارانە دەگرێت؟ ئایا ئێران جارێکی دیکە راکێشی سەر مێزی دانوستان دەکرێت، وەک بۆ خۆیان دەڵێن جامی ژەهرێکی دیکە دەخۆنەوە؟

دانوستان لە گەڵ ئەمریکا

کۆماری ئیسلامی بیریوەرییەکی خۆشی لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ ئەمریکا نییە. لە ریسوایی مەک فارلینەوە بگرە تا دانوستان لە سەر ئازادکردنی بارمتەکانی ئەمریکایی لە لوبنان، تا دوایین ترینیان لە بابەتی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئێران لە چل ساڵی رابردوودا بە کردەوە دۆڕاوی ئەم دانوستاندنانە بووە. لە دوای دەرچوونی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، بە دوور دەزانرێت، کە جارێکی دیکە ئێران بیهەوێ لە گەل ئەمریکا بکەوێتە دانوستانەوە.

چاوخشاندنێک بە سەر چوار دەیە لە دیپلۆماسی ئێران نیشانی داوە، کە ئەم وڵاتە تەنها لە کاتێکدا مل دەدات بۆ دانوستان، کە کارتێکی گوشاری لە سەر بێت یاخود ئەوەی، کە لەو پەڕی لاوازی خۆیدا بێت. تەنها کارتێک، کە بە دەست ئێرانەوە ماوەتەوە، ئامادەبوونی سەربازی و راستەوخۆی ئەم وڵاتەیە لە کایەی شەڕی بە وەکالەت لە سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن.

توندتربوونەوەی قەیرانە سەربازیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەوەی سعودیە، ئیسرائیل و هاوپەیمانانی دژ بە ئێران رێکخستووە، نیگەرانی ئەم وڵاتانەیە لە ئامادەبوونی سەربازی ئێران لە چەند وڵاتی ناوچەکە. ئێران لە ٢٠١١ـە بە دواوە رێگەی لە کەوتنی بەشار ئەسەد گرت. لە یەمەن بە پشتیوانیکردنی لە حوسییەکانی ئەم وڵاتە، مەیدانی ململانێی سەربازی ئەم لایەنەی لە گەڵ سعودیە و هاوپەیمانانی بە جۆرێک هاوسەنگ کرد. لە فەلەستین و بە رێگەی پشتیوانیکردنی لە رێکخراوەکانی حزبوڵڵا و حەماس، رێگر بووە لە بەردەم پرۆسەی ئاشتی. توانای سەربازی حزبوڵڵای لە سنوورەکانی باکوری ئیسرائیل بەهێز کردووە و هاوکات لە عێراقیش پاڵپشتی سەرەکی هێزە میلیشیایەکانی وەک حەشدی شەعبییە. لە ئەفغانستانیش پەیوەندییەکی گەرم و گوڕی لە گەڵ تاڵیبانی ئەم وڵاتە هەیە.

بەهێزبوونی سوپای پاسداران

لە وەها هاوکێشەیەکدا، لە لایەک گوشارەکانی ئەمریکا تا دێ توندتر دەبێتەوە، ئەوروپا بە کردەوە توانای بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکانی سەر ئێرانی نییە و دەوڵەتی روحانیش توانای کردەیی کردنی بەڵێنەکانی نییە. لە ئەنجامدا چاوەڕوان دەکرێت توندڕەوەکان لە ئێران و لەوانە سوپای پاسداران هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەی پاوان بکەن. کاردانەوەی پەرلەمانی ئێران بەرامبەر بە دانانی ناوی سوپای پاسداران لە ریزی رێکخراوە تیرۆریستیەکان، نیشانی دا دەسەڵات تا دێ یەکدەست و پاوان دەکرێت؛ ئەویش بە هۆی سوپای پاسدارانەوە.

لە لایەکی دیکەوە بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتەکەی رۆبێرت مولێر، سەبارەت بە رەزامەندی کۆمەڵگای ئەمریکا لە سیاسەتەکانی ترەمپ، تا دێ ئێران تەنگەتاو دەکات. واتە رژێمی دەسەڵاتداری ئێران دەبێ بۆ ماوەی شەش ساڵی دیکە ململانێی ترەمپ بکات، کە ئامادە نییە یەک هەنگاویش بکشێتەوە. لەم ڕوانگەوە رژێمی ئایەتوڵڵاکان خۆیان بۆ ململانێیەکی توندتر ئامادە دەکەن

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com