پۆستێکی فەیس بوکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەرپرسە شیعییەکانی هەژاند

0

نوچەنێت

دیپلۆماسی باڵیۆزخانەی  ئەمریکا لە عێراق، جارێکی دیکە توڕەیی و کاردانەوەی توندی لایەنە عێراقیەکانی بەدوای خۆیدا هێنا  وپێدەچێ، عێراق ببێتە مەیدانی ململانێیەکی سەخت لە نێوان دوو وڵات. هەندێ چاودێری سیاسی پێیان وایە، دوژمنایەتی تاران و واشنتۆن تا دێ تۆختر لە عێراق رەنگ دەداتەوە.

داستانەکە لە پۆستێکی فەیسبوکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەستی پێکرد. دوای بڵاو بوونەوەی ئەم پۆستە، دەسبەجێ لایەنە شیعە توندڕەوەکانی عێراق، ناڕەزایی و رەخنەی توندیان لەم پۆستە گرت. هاوپەیمانی فەتح و رەوتی حیکمە، لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا،پ ۆستەکەیەن ئیدانە کرد و رایانگەیاند، ئەم جۆرە لێداوان و هەڵوێستانەی ئەمریکا دژ بە نەریتی دیپلۆماسی و جۆرێکە لە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی عێراق.

هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری رایگەیاند، پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بێڕێزکردنی تەواوە بە مەرجەعیەتی عێراق. فەتح داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە سەرپەرشتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەم وڵاتە دەربکرێت.

هەر لەم پەیوەندیەدا، سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەیاننامەیەکدا گوتی، بەکارهێنانی عێراق وەک خاڵی دەستپێکی شەڕی میدیایی یان بازرگانی و سیاسی، پێشێلکردنی سەروەری ئەم وڵاتەیە.

لە لایەکی دیکەوە، فالح خەز عەلی، ئەندامی فراکسیۆنی پەرلەمانی بەدر، خوازیاری کۆتایی هێنان بە بێ باکی و گەمژەیی ئەمریکا بووە لە عێراق. دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، ئەم کردەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکای مەحکوم کرد.

هەر چۆنێک بێت هەڵکشانی شەڕی میدیایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەویش لە سەر خاکی عێراق، لایەنەکانی عێراقی و یەک لەوان موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدریشی نیگەران کردووە. هەر بۆیە پلانێکی ١٠ خاڵی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی دیپلۆماسی نێوان عێراق و بەحرەین ئامادە کرد.

سەدر لە راگەیێندراوێکدا وێڕای هۆشداری دانە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، خوازیاری چارەسەری کێشەکانی نێوان ئێران و سعودیە بوو. خاڵی شەشی پلانەکەی سەدر لە ناکاو قەیرانێکی دیپلۆماسی لە نێوان بەغدا و مەنامە پێکهێنا. سەرد لەم خاڵەدا خوازیاری کۆتایی هێنان بە شەڕ لە یەمەن، سوریا و بەحرەین و هەروەها دوو خستنەوەی سەران و حاکمانی ئەم وڵاتانە بوو. هەر ئەم  خاڵەش کاردانەوە  وتووڕەیی خالد بن احمد آل خلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەینی لێکەوتەوە.

بن احمد لە تویتێکدا نووسی، سەدر سەبارەت بە دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری ناوخۆی بەغدا هەڵوێستی وەرگرتووە و لە بری ئەوەی برینەکە بە دروستی دەست نیشان بکات و ڕووی قسەی لە ئێران بکات ،کە وڵاتەکەی داگیر کردووە،لاڕێی کردووە و بەحرەینی وەک بەردەنگی خۆی داناوە. دواتر سەدری بە گەمژەیەکی  هەژمونخواز وەسف کرد و لە خودا پاڕایەوە کە عێراق لە بەرامبەر ئەو و هاوشێوەکانی بپارێزێت.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین لە تویتێکی دیکە و بە هێنانەوەی قسەیەکی نەستەقی عەرەبی، موقتەدا سەدری وەک سەگ ناوبرد. ناوەۆکی ئەم قسەیە بەم شێوە بوو”چ زۆرن ئەو سەگانەی، کە بە هۆی هەیکەلی درشت و گەورەوە جوان دێنە بەرچاو”.

ئەم هێرش و بێڕێزیانەی وەزیری دەرەوەی بەحرەین، کاردانەوەی لایەنگرانی سەدر و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی بەدواوە بوو. وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە بەحرەین کرد، کە سنورێک بۆ خۆ دابنێ، دواتر باڵیۆزی بەحرێنی لە بەغدا بانگهێشت کرد.

ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی بە ئاماژەدان بەم ئاڵۆزیانەی کە گروپەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران لایەنێکی کێشەکەن، بە دووری نازانن کە کایەی توندتوتیژی ئەمریکا و ئێران لە سەر خاکی عێراق ئاراستەیەکی دیکە بەخۆوە بگرێت.

لە دیدی ئەم چاودێرانەوە، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی نەوتئ ئێران و رێگریکردن لە هەناردەکردنی، پەرە بە ئاڵۆزیەکانی واشنتۆن و تاران لە بەغدا دەدات.

هەر لەم بارەوە ئەیاد عەنبەر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆ کوفە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتووە، کە شەڕی پەیامەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەرە بەرە عێراق دەکات بە گۆڕەپانی بەریەککەوتنێکی جددی.

عەدنان سراج، سەرۆکی ناوەندی گەشەی میدیایی عێراق، لە بارەی ئەگەر بەریەککەوتنی ئێران و ئەمریکا لە عێراق هۆشداری دەدات. بە بۆچوونی عەدنان سراج، هەرچەند ئەمریکا راستەوخۆ نایهەوێ هێرش بکاتە سەر ئێران، لە گەڵ ئەوەشدا پێی وایە کە لە ئەنجامدا گەمارۆکان دەبنە هۆی بە چۆکداهێنانی ئەم وڵاتە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com