مەحموود عوسمان: نێچیرڤان بارزانی خاوەن ئەزمونە

0

نوچەنێت-تایبەت

نێچیرڤان بارزانی، تەنیا کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان. ئەزمونێکی باشی لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە. ئایا چوارساڵی سەرۆکایەتی ئەو لەم پۆستە چۆن دەبێت؟ ئایا وەک ئەوەی دۆخی کوردستان پێویستی پێیەتی، ئەزمونی رابردووی وا دەکات گەشبین بین پێی. ئەزمونی حکومەتداری و دیپلۆماسیەتی ئەو تاچەند یارمەتیدەری سەرکەوتنی دەبێ؟  

دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، دەڵێت “دەبێت چاوەڕوان بکەن بزانین چی دەبێت و نێچیرڤان بارزانی چی پێدەکرێت، ئەوکاتە بڕیاری لەسەر بدەین، چونکە شتەکان لەدەست ئەویشدا نییە، بزانین چۆن دەبێت و دەسەڵاتەکانی چۆن دەبێت، بابەتەکە تەنها سەرۆکی هەرێم نییە و بەس، بەڵکو سیستەمی حكومڕانی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە، کە چۆن دەبێت و دەتوانن چی بکەن”.

ئەو کەسایەتییە سیاسییە پێیوایە، هەر کەسێک بتوانێت شتێک بکات، کە زۆر گرنگ بێت و پێشتر نەکرابێت، بۆنمونە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس، زۆر سەرکەوتوو دەبێت؛ جا سەرۆکی هەرێم بیکات یان هەر کەسێکی تر، ئەوکاتە خەڵک حسابی سیاسیان بۆ دەکات. بەڵام بەو پێیەی نێچیرڤان بارزانی، ئەزموونێکی هەیە لەو مەجالەدا دەتوانێت تاڕادەیەک دەوری خۆی ببینێت، ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت، چونکە ئەو ماوەیەکی زۆر سەرۆکوەزیرانی هەرێم بووە و زۆر شت و خەڵک و وڵاتانی بینیوە و کاری کردووە، بە بۆچوونی من ئەزمونێکی زۆری هەیە، ئیتر بزانین تاچەند ئەتوانێت لەم پۆستە نوێیەدا ئەو ئەزموونانە بەکار بهێنێت، هیودارم سەرکەوتووبێت.    

مەحموود عوسمان، دەڵێت “هەموو ئەو لایەنانەی، کە دەچنە حکومەت ڕێککەوتنیان کردووە، پێویستە هاوکاربن و ئەو ڕێککەتنەی کردوویانە جێبەجێ بکەن، ئەو لایەنانەشی کە ئۆپۆزسیۆنن، ئەگەر حکومەت کارێکی باشی کرد دەبێت پاڵپشتی بکەن، ئەگەر کارێکی خراپیشی کرد ڕەخنەی لێبگرن، بەجۆرێک بەیوەندی لایەنەکان پەیوەندییەکی تەندرووست بێت، نەک هەمووی دژی یەک بن و هەمووشتێک بەخراپ دابنێن”.                                                     

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com