هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکگرتووی ئیسلامی هیچ کاندیدێکی نابێت بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و دەنگ بە هیچ کاندیدێکیش نادەن.

لە دوای پەسەندکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و کاراکردنەوەی دامەزراوەکە، ڕۆژی یەکشەممە ١٢-٥-٢٠١٩ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، دەرگای خۆ پاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە و دەرگای خۆپاڵاوتن تا ڕۆژی ١٥-٥-٢٠١٩، بەو مەرجانەی، کە لە ماددەی پێنجەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراودا هاتووە، بەردەوام بێت. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بوونی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، ڕایگەیاند “یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هیچ کەسێک کاندید ناکات بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و فراکسیۆنەکەشمان لە پەرلەمان دەنگ بەهیچ کاندیدێک نادات بۆ ئەو پۆستە”.                                                                                           

هەڵەدنی، گوتیشی “سیستەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم نەبووەتە پەرلەمانی و کۆی یاسای هەموواری سەرۆکایەتی هەرێم و کاراکردنەوەی دامەزراوەکەمان ڕەتکردووەتەوە، چونکە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم زۆرن و ملکەچ نییە بە لێپرسینەوەی پەرلەمانی. هەروەها مەرجی بڕوانامە، دەستلەکارکێشانەوە لەکاری حزبی و دەنگدانی سێ لەسەر چواری پەرلەمانتاران هیچ کامێک لەوانە نەهاتوونەتەدی”. 

سەبارەت بە بەشداری کردنی فراکسیۆنەکەیان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان، دەڵێت “ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و دەنگ بە نەخێر دەدەین”.                                                  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com