تا ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە لەسەر دابەشکردنی ئەم پۆستانە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تائێستا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمان و تەواوکردنی کابینەی حكومەت نەکراوە. 

بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر چەند پۆستێکی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تا ئێستا نەتوانراوە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری و دادی عێراق یەکلایی بکرێتەوە، ئەمەش وای کردووە کابینەکەی حكومەتی عێراق بە تەواو نەکراوی بمێنێتەوە. هاوکات ململانێی لایەنەکانیش ڕێگرە لەبەردەم هەڵبژاردنی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق.      

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ناسر هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە دیاریکردنی لیژنەکانی پەرلەمان، ڕایگەیاند “تا ئێستا لە نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە لەسەر دابەشکردنی لیژنەکان، چاوەڕێ دەکەین لەکۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئەو بابەتە بەتەواوی یەکلایی بکرێتەوە و لیژنەکان دیاری بکرێن”.    

هەرکی ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی لیژنەکانی پەرلەمان دیاری کراون و سەرۆک و جێگرەکانیشی هەڵبژێردراون، گوتیشی “لە پشکی فراکسیۆنە کوردییەکانیش تائێستا تەنها لیژنەی دارایی، یاسایی و بەرگری و ئاسایش دیاری کراون”.            

سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت “تاکو ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە لەسەر تەواو کردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی و ڕۆژ بەڕۆژ دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، کێشەکە لەنێوان لایەنە شیعەکانە لەسەر وەزیری ناوخۆی عێراق”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com