گۆڕان وەڵامی یەکێتی دەداتەوە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی چڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هەرکاتێک یەکێتی داواکاریییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی جێبەجێکرد لەگەڵیان دادەنیشین، بەڵام بەم میکانیزمەی ئێستا زۆر زەحمەتە.                                                           

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگی ئەمریکا رایگەیاندبوو، یەکێتی داوای لەگۆڕان کردووە، بەردەوامی بەڕێککەوتننامەی دەباشان بدرێت، کە لەنێوان ھەردوولا واژۆکراوە، ئاماژەی بەوەشکردبوو کە لەئێستادا حزبەکەی چاوەڕوانی وەڵامی گۆڕان دەکات.                                                                

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، جەعفەر خەیات ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی بۆ بەردەوامیدان بەڕێککەتنی دەباشان، ڕایگەیاند”بزووتنەوەی گۆڕان هەموو کاتێک دەستی درێژ بووە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان لەگەڵ سەرجەم حزبەسیاسییەکانی هەرێم، ئەمەش بەو مانایە نایەت کە یەکێتی هەرکاتێک پێویستی بە ڕێککەوتن بووبێت لەگەڵ گۆڕان کاری لەسەر بکات، هەرکاتێک ئیشی پێی نەما یان دۆخی ناوخۆی حزبەکەی باشتر بوو، خۆی لە ڕێککەتنەکان بخاتە سەرپشت، ئەو زەمانە بەسەر چوو”.                               

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی گۆڕان، جەختی لەوەکردەوە “حزبەی نایشارێتەوە، هەر شتێک بێت جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دادەنیشن گفتوگۆی لەسەر دەکەن، بەڵام ئێمە کۆمەڵێک ڕێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی هەیە لە حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەوان زۆربەی زۆری کادیرەکانی ئێمەیان نان بڕاو کردووە یان دەرکردووە یان دورخستووەتەوە”.                                                                                            

جەعفەر خەیات باسی لەوەشکرد، ئەوان بەداتا لایانە کە لەدوای هەڵبژاردنەوە لەماوەی چوار مانگدا نزیکەی ١١٢ کادیر و ئەندامی حزبکەیان لەلایەن یەکێتییەوە سزای سیاسی جۆراو جۆر دراون، وەک دوورخستنەوە، نان بڕین و نەقڵکردنیان بۆ شوێنی تر، هەروەها دەڵێت”دەیان پۆستی ئێمە لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەیە. بە بەتاڵی ماوەتەوە یان کەسی تریان لەشوێنی داناوە”.                                                                                         

گۆڕان دەیەوێت کارمەندە سزادراوەکانیان بگێڕنەوە شوێنەکانی خۆیان و پۆستە بەتاڵەکانیان ڕادەست بکرێنەوە ئەوکات دانیشتن ئاسان دەبێت. بەپێی قسەی بەرپرسەکەی گۆڕان ئەوە داواکری و مەرجی دانیشتنیانە” تائێستا ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە، هەرکاتێک یەکێتی ئەوانەی جێبەجێ کرد ئەوکات ئێمەش دەرگامان کراوە دەبێت بۆ دانیشتن و گفتوگۆ کردن لەگەڵیان، بەڵام بەم میکانیزمەی ئێستا زۆر زەحمەتە”.                                        

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com