داهاتووی عێراق بەرەو کوێ دەبەن؟

0

نوچەنێت

روانگەیەکی گشتی  ئەوەیە کە لە ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە بەریەککەوتنێک لە نێوان ئێران وئەمریکا، بە پلەی یەکەم عێراق دەبێتە گۆڕەپانی شەڕەکە، بێگومان ئەمە ڕاستییەکی تاڵە و هەوڵی عێراقيیەکان بۆ جێگیرکردنی دۆخەکە ئاماژەیەکە بۆ ئەم  ڕاستییە. لەم روانگەوە ئەگەر چی عێراق بۆ خۆی لە کێشە و مشتومڕی ناوخۆییدایە، بەڵام هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزیيەکانی نێوان تاران و واشنتۆن خستۆتە گەڕ و بە ئاشکرا و نهێنی هەوڵی نێوانگیریکردن دەدات.

لە ٨ی مەی رابردووەوە تا ئێستا، نیگەرانییەکانی بەغدا سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم نگەرانیانە کاتێک گەیشتە لوتکە، کە ئێران و ئەمریکا راستەوخۆ هەڕەشەی هێرشێان لە یەکتر دەکرد. لە ئێستادا دەکرێ بڵێین، عێراق نیگەرانترین وڵاتە و لە هەر ئەگەرێکدا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت. ئەم راستیە لە لێدوان و هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی بە باشی خۆی نواند، بەڵام پرسیار ئەمەیە، بۆ عێراق لە میانی بارگرژیيەکانی تاران  واشنتۆن بەو ڕادەیە نیگەرانە؟

هەموو پلانەکانی گەشەپێدان  وئاوەدانکردنەوەی عێراق، لە گرەوی ئاڵۆزیەيکانی ئێران و ئەمریکادایە.

کاتێک بۆ یەکەمین جار،عادل عەبدولمەهدی، لە شەوی ٢٥ی ئۆکتۆبەر ناوی وەک سەرۆکوەزیران هاتە ئاراوە. زۆریەک لە شارەزایان و رەوت  ولایەنە سیاسییە ناوخۆیی و بیانیەکان، ئەمەیان بە خاڵی گۆڕانکاری لە مێژووی نوێی عێراق لێکدایەوە، کە دەتوانێ لە دوای ١٥ ساڵ ئەزموونی شەڕ و ئاڵۆزی و بێ سەروبەرەیی،عێراق بەرەو کەناری ئارامی ببات و پلانی دژەگەندەڵی ئیداری و دارایی سەربخات.

بەم ئاراستەیە بوو کە ترافیکی هاتووچۆی سەران و دبلۆماتکارانی وڵاتانی جیهان بۆ عێراق دەستی پێکرد. ئەوان پێیانوابوو کە عێراق بۆ جارێکی دیکە، وەک ئەکتەرێکی شوێندانەر و بەهێز دێتەوە ناو کایەی سیاسی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە تایبەت لە دوای سەردانە چاوەڕواننەکراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٧ی دیسەمبەری ساڵی رابردوو بۆ عێراق، دەرکەوت کە ئەم وڵاتە بۆتە گۆڕەپانی دیپلۆماسی وڵاتانی جیهان، بە هەموو ئایدیۆلۆژی  وبەرژەوەندیەکی جیاوازەوە، بە جۆرێ کە بەغدا ببووە شوێنی سەردانکردنی دژەکان. دواتر عەبدوڵڵای دووەم شای ئۆردن دوای دە ساڵ جارێکی دیکە سەردانی بەغدای کردەوە، شای ئیسپانیا دوای چل ساڵی هاتە بەغدا، ئینجا نۆرە گەیشتە سەرۆککۆماری ئێران، دواتریش سەرۆکوەزیرانی ئوردن، ئیتاڵیا، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئێران، تورکیا، قەتەر و هتد.

لە لایەکی دیکەوە و لە پەیوەندی لەگەڵ کەرتی ئابووری و -وزە هەواڵی دڵخۆشكار بەڕێوەیە، بە پێی بەراوردی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠ بە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی خۆی بۆ ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژدا، لە دوای وڵاتانی ئەمریکا، سعودیە و رووسیا دەبێتە چوارەمین وڵاتی هەناردەکەری نەوتی جیهان. ئەم بەراوردانە کاتێک بەهێزتر دەبن، کە باس لەوە دەکرێ دوو کۆمپانیای گەورەی نەوت و گازی رووسیا رادەی وەبەرهێنانی خۆیان تا چەند بەرابەر زیاتر دەکەن لە عێراق.

هەموو ئەم ئاماژانە بە ڕوونی دەریدەخەن، کە عێراق لە دوای چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆيی و شەڕی دژ بە تیرۆر پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە و ئەم قۆناغەش بە قۆناغی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابوری دەناسرێتەوە. ئەمە بەو مانایەشە هەر وڵاتێکی بیانی بتوانێ هەیمەنەی خۆی بە سەر عێراقدا زاڵ بکات، بەرژەوەندی ئابوری لەم وڵاتە باڵادەستە.هاوکات وەک خاڵێکی لاوازیش سەیر دەکرێ و پاساو و بیانوو بۆ دەستوەردانی دەرەکی لەم وڵاتە.

شكست هێنان لەم دۆخەی ئێستا و سەرنەکەوتنی ئەم پلانانە بە هۆی شەڕ و بەریەککەوتنی تاران و واشنتۆن، بە مانای شكستی عادل عەبدولمەهدی و پرۆسەی بووژانەوەی عێراقە. لەم سۆنگەیەوە عێراقیيەکان و لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆکوەزیران زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە نیگەرانی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com