ئەم بابەتە کار لە پەیوەندی پارتی و گۆڕان دەکات؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراقی ناتوانێت لەم بابەتەدا دەستوەردان لە کاروباری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات.                                                                                                       

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر پرسی موچە و نەوتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی کادیرانی پارتی لێکەوتەوە، ئەم لێدوانانەی پەڕلەمانتارانی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنیان هەیە بۆ چوارساڵی داهاتووی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان.                                                                                                                        

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، موحسین دۆسکی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی لێدوانی پەرلەمانتارانی گۆڕان لەبەغدا لەسەر پرسی بودجەی هەرێم، ڕایگەیاند”پەیوەندی ئێمە لەگەڵ گۆڕان، ئومێد بەخشبووە هەم لەگەڵ بزووتنەوەکە و فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، ئەو داواکاری و لێدوانانەی چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە جێگەی خۆیدا نەبوو، چونکە ئێمە هەموومان دەمانەوێت کورد لە بەغدا یەکڕیزبن، شەڕ بۆ مافی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە هەستدەکەین ئەم جۆرە داواکاری و  لێدوانانەی ئەوان ئەوە دەگەیەنێت، کە جارێکی تر ئیرادەی سەربەخۆی خەڵکی کوردستان تەسلیمی بەغدا بکەن”.                                                                                                                                        

هەوەها دەڵێت”ڕاستە بەپێی دەستور هەرێمی کوردستان بەشێکە لەعێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکومەتی سەربەخۆی خۆی هەیە، ئەو بەشە بودجەیەشی کە بەغدا دەینێرت بۆ هەرێم، تەنها پەرلەمانی کوردستان بۆی هەیە چاودرێری بکات و حکومەتی هەرێم دەتوانێت دابەشی بکات، بۆیە حکومەتی عێراق ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری حکومەتی هەرێمدا بکات”.                                                                                             

پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت”ئێمە هیوادارین ئەمجارە ئەو پەرلەمانتارانە، ماقولانەتر و ئاقڵانەتر لێدوان بدەن، چونکە یەکڕیزی کورد لە بەغدا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات، پەیامی ئەوان ئەوە بوو کە گەندەڵی لەهەرێمی کوردستان هەیە، ئێمەش دەڵێین گەندەڵی هەیە، بەڵام ئێمە ئومێدمان هەیە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم قۆناغ بەقۆناغ کێشەی گەندەڵی چارەسەر دەکات”.                               

موحسین دۆسکی ئاماژە بەوەدەکات، کە پڕۆژەیاسای چاکسازی هەیە و دێتە پەلەمانی کوردستان با فراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی پڕۆژەیاساکە پەسەند بکەن و دەنگی لەسەر بدەن “هەر هەنگاوێک لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم بنرێت، بۆ چاودێری کردنی گەندەڵی و دیاری کردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان پارتی پێشوازی لێدەکات”.                                                                                      

سەبارەت بەکاریگەری ئەم جۆرە لێدانانە لەسەر پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕان، پەرلەمانتارەکەی پارتی پێیوایە”لەو بڕوایەدانیم ئەم جۆرە لێدوانانەی پەرلەمانتارانی گۆڕان، کاریگەری خراپیان لەسەر رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، هەبێت، چونکە ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان واژۆکراوە”.                                                                                                                                                

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com