محەمەد مورسی کۆچی دوایی کرد

0

نوچەنێت

محەممەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دواییکرد. رێکخراوێکی نێودەوڵەتیش دەڵێت “کۆچی دوایی مورسی بە نەخۆشی پێشبینیکرابوو”.

بەگوێرەی زانیارییەکان، محەممەد مورسی، لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنیدا لەهۆش خۆی چووە و هەر لەوێ کۆچی دواییکردووە، کە گوماندەکرێت بە جەڵتەی دڵ بووبێت.

سارا ویتسن، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ  بەرپرسیارێتی کۆچی دوایی مورسی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی میسر و دەڵێت “مردنی محەممەد مورسی بە جەڵتە پێشبینیکراوبوو، لەکاتێکدا حكومەتی میسر شكستیهێنا لە ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆی و رێگەشی نەدەدا خێزانەکەی سەدانی بکەن”.

ئەو بەرپرسەی هیومان رایتس وۆچ، محەممەد مورسی بە “تەنیا سەرۆکی هەڵبژێردراو لە پرۆسەی دیموکراسی” میسردا ناودەبات و بە ئاماژەدان بە میدیاکانی میسر دەڵێت، بەجەڵتە مردووە.

محەممەد مورسی، لەدوای شۆڕشی خەڵکی میسر لە 2011 هەڵبژاردنی بردەوە و بووە یەکەم سەرۆکی مەدەنی ئەو وڵاتە. بەڵام لەدوای خۆپیشاندانەکانی 2013 لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری بەرگریی ئەوکات و سەرۆکی ئێستای میسر لەسەرکارلادرا و دەستگیرکرا.

دوای دەستگیرکردن و زیندانیکردنی لەگەڵ چەندین بەرپرس و سەتان ئەندامی ئیخوان موسلیمین، محەممەد مورسی جارێک حوکمی لە سێدارەدان و جارێکیش سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرچوو، بەڵام دواتر دیوانی باڵای میسر سزای لەسێدارەدانی محەممەد مورسی و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ئیخوان موسلمینی هەڵوەشاندەوە.

مورسی لە ساڵی 1951 لە پارێزگای شەرقیە لەدایکبووە. لە ساڵی 1979 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی پێنج منداڵ بوو. 

هەروەها لەسەردەمی دەسەڵاتی حوسنی موبارەك، سەرۆکی میسر، کە لە ساڵی (١٩٨١ – ٢٠١١) سەرۆک بوو، محەممەد مورسی بە تۆمەتی تیرۆر بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزادرابوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com