داهاتووی حەشدی شەعبی بەرەو کوێ؟

0

نوچەنێت

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بڕیارێکدا سەبارەت بە حەشدی شەعبی رایگەیاند کە ٣٠ رۆژ مۆڵەتیان هەیە تاکو سه‌رجەم نووسینگە و لق و بازگەکانی خۆیان دابخەن؛ گروپێک، کە بە تەواوی لە ژیر هەیمەنە و هەژمۆنی ئێراندایە و لە رووی سیاسی، سەربازی و راوێژکارییەوە ساپۆرت دەکرێت.

میدیاکانی ئێرانی ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بە مانای بە فەرمی ناسینی حەشدی شەعبی لە ژیر چارتی سیاسی و ئیداری عێراق لێکداوەتەوە. بۆچوونێکی جیاوازیش هەیە، کە دەڵێت ئەم بریارەی سەرۆکوەزیران لە ژێر گوشار ئەمریکا دراوە، تاکو بەم رێگەوە دەسەڵاتی ئێران لە عێراق کەم بکرێتەوە.

عەبدولمەهدی بە ئاشکرا رایگەیاندووە، لە ماوەی سی رۆژدا یان دەبێ تێکەڵ بە سوپا و پیکهاتەی سیاسی عێراق بن یان ئەوەی، کە چەکەکانیان دابنێن و وەک گروپێکی سیاسی ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

سەرۆکوەزیران هەروەها هۆشداری داوە لە دوای کۆتایی ٣٠ رۆژەکە، کە ئەگەر سەرپێچی لە بڕیارەکە بکرێت، بە شیوەی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بە مانایەکی دیکە، سەرپێچی کردنی حەشدی شەعبی لەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران، بە واتای بەریەککەوتنی سوپای عێراق لە گەڵ ٤٠ گروپی میلیشیاییە.

بە پێی بەراوردەکان، ژمارەی هێزەکانی ئەندام لە حەشدی شەعبی، لانی کەم ١٥٠ هەزار کەسن.

سەرباری حەشدی شەعبی، چەندین گروپی چەکداری دیکەش هەن لەگەڵ ئەوەی ناویان لە چارتی حەشدی شەعبی نەهاتووە، بەڵام بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندان.

لە دوای بریارەکەی سەرۆکوەزیران، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر و کەسایەتی دەستڕۆیشتووی عێراقی رایگەیاند، کە ملکەچی بڕیارەکە دەبێت و دەیخانە بواری جێبەجێکردنەوە. سەدر رایگەیاند “سەرجەم بنکە و بارەگاکانی “سرایا السلام” دادەخات، کە وەک  لقی سەربازی سەدر هەژمار دەکرێت”. سەدر دەشڵێت “ئامادەیە ناوی رێکخراوەکەش بگٶڕێت”.

سرایا السلام، هەر لە سەرەتای دامەزرانی حەشدی شەعبییەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزرێندرا، بەڵام میلیشیاکانی ژێر فەرمانی سەدر هیچکات لەگەڵ  گروپەکانی ژێر چارتی ئەم رێکخراوە تێکەڵ نەبوون.

سەرئەنجام ناکۆکی و جیاوازی سیاسی سەدر لە گەل رەوتە سیاسیەکانی دیکەی شیعە وای کرد، کە لە فێبریوەری ٢٠١٧، سەدر پیشنیاری هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی خستە بەرباس.

سەدر پێیوابوو، کە ئەم گروپانە دەبێ بگۆڕدرێن بۆ کۆمەڵێک دامەزراوە و سەنتەری کولتووری و کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانە.

لەگەڵ ئەوەی، کە سەدر داکۆکی لەم پێشنیارەی خۆی نەکردووە ڕوون نییە، کە چارەنووسی گروپەکانی ژێر چارتی حەشدی شەعبی و هەروەها گروپەکانی دیکەی دەرەوەی ئەم رێکخراوە، کە بە ئاراستەی ئێران دەجووڵێنەوە، چی بە سەر دێ.

حەشدی شەعبی و چارەنووسی سیاسی

لە ساڵی ٢٠١٦، پەرلەمانی عێراق گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد، کە بەو پێیە هێزەکانی حەشدی شەعبی، وەک بەشێک لە سوپا و یەکە سەربازیيەکانی دیکەی عێراق بە فەرمی دەناسرێن. لەو کاتەدا، نوێنەرانەی سوننەی عێراق کاتی دەنگدانەکە، بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان کرد.

سەرباری پەسەندکردنی ئەم بڕیارە، حەشدی شەعبی وەک هێزێکی سەربەخۆ مایەوە و بە کردەوە بنکە و بارەگا، نووسینگە و بازگە سەربازیيەکانی خۆی پاراست. لەو ماوەیەشدا ژمارەیەک لەم گروپانە روویان کردە چالاکی سیاسی.

رەنگە بەرچاوترین نموونە بۆ ئەم گٶڕینی سیاسەتە، هاتنی هادی عامری، فەرماندەی سوپای بەدر بووە بۆ کایەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان. سەرکەوتنی عامری و ژمارەیەکی دیکە لە کاندیدەکانی هاوپەیمانی فتح المبین، دەستکەوتی سیاسی بۆ ئەم لایەنە بەدواوە بوو.

بەڵام ئێستا عادل عەبدولمەهدی داوای لە حەشدی شەعبی کردووە، کە بە فەرمی لە نێوان دوو بژاردە یەکیان هەڵبژێرن، یان چالاکی سیاسی بکەن یان پەیوەست بن بە سوپای عێراقەوە.

حەشدی شەعبی بەردەوام لە لایەن نەیارەکانیەوە وەک گروپێکی ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی ئێران هەژمار دەکرێت و هەر بەم هۆیەشەوە لە ناوخۆی عێراق دژبەری بۆ پەیدا بووە و هاوکات لەگەڵ گوشاری ئەمریکا و هیزەکانی دەرەکی بەرەوڕوو بۆتەوە.

ئەم دوایاینە و دوای قووڵبوونەوەی گرژی و ناکۆکیيەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، ئەمریکا کۆمپانییەکی سەر بە سوپای پاسدارانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە و هاوکات ئەبو مەهدی موهەندس، یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی خستە لیستی رەشەوە.

هەروەها ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە عێراق کردووە، کە سەرجەم گروپە میلیشاییەکان هەڵبوەشێنێتەوە.

بەم حاڵەشەوە روون نییە، کە ئەم بڕیارەی دەوڵەتی عێراق تا چ رادەیەک دەتوانێ ببێتە هۆی رەزامەندی ئەمریکا و تا چ رادەیەک دەتوانێ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هێزە و پانتای چالاکیيەکانی حەشدی شەعبی. گروپێک، کە واشنتۆن پێیوایە باڵی بە وەکالەتی ئێرانە لە ناوچەکە.

لە بەرامبەریشدا ئێران لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێکخراوە رەزامەندی نییە. بەڵام تاکو ئیستا میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران پشتیواناییان لە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران کردووە.

پرسیار لێرەدایە، کە عادل عەبدولمەهدی، تا چەند دەتوانێ هاوسەنگی لە نێوان داواکاری دژەکان واتە ئێران و ئەمریکا پێکبهێنێت؟ تەنیا کارێک، کە سەرۆکوەزیران کردوویەتی رازیکردنی نەیارانی گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبییە، رووداوەکانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەخاتەڕوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com