گرنگی پاڵپشتی سەرۆکی هەرێم بۆ حکومەت چییە؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پاڵپشتی سەرۆکی هەرێم بۆ حکومەتی نوێ، وادەکات کاروباری ناوخۆ ڕێکبخات و تابلۆی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر جوان و ڕێکوپێک پیشانی ڕای گشتی نێودەوڵەتی بدات.

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٠-٧-٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان متمانەی بەخشییە کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێم و وەزیرەکانی کابینەکە لەناو هۆڵی پەرلەمان سوێندی یاسایییان خوارد، دواتر سەرۆک وەزیرانی نوێ لە وتارێکدا هێڵە گشتییەکانی کارکردنی چوار ساڵی داهاتووی ڕاگەیاند. دواتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێرای پیرۆزبایی کردن لە سەرۆک وەزیرانی حكومەت و ستافەکەی لە حکومەت، پاڵپشتی تەواوەتی خۆی بۆ دەربڕی.      

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد سەعدەدین ئەنوەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێم بۆ حكومەتی نوێی هەرێم، رایگەیاند: پاڵپشتی و هەماهەنگی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کابینەی نوێی، دوولایەنەیە: 

یەکەم: لە ناو ناوخۆیی هەرێم، وادەکات هەماهەنگی باش هەبێت لە ناو دەزگاکان و کاروباری کارگێڕی و دارایی، بەو هۆیەشەوە بەڕێوەبردنی هەرێم ڕێکخراوەیی تر و مونەزەمتر دەبێت.  

دووەم: وادەکات تابلۆی هەرێمی کوردستان جوانتر بکات، کە دەبینن هەموو دەزگاکان و لایەنە پەیوەندی دارەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ یەک هەوڵدەدەن سیستەمی سیاسی و کارگێڕی هەرێم ڕێکبخەن.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، ئاماژە بەوەەکات، لە ڕابردوودا لە ناوخۆی هەرێم کێشەی سیاسی هەبوو، تەنانەت هاتبووە ناو پەرلەمانیشەوە، بەڵام ئێستا حكومەت و پەرلەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ یەک کاردەکەن و سەرۆکایەتی هەرێمیش پاڵپشتی حكومەتی هەرێم دەکات.                                                        

سەعدەدەین زیاتر گوتی”بەو پێیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ئەزموونێکی باشی هەبووە لە بەڕێوەبردنی حکومەت، پەیوەندیییە دیپلۆماسیییەکان و نێودەوڵەتییەکان، کە نوێنەرایەتی هەرێم دەکات لە عێراق ئاستی نێودەوڵەتی، لەگەڵ ئەوەشدا، کە پاڵپشتی حکومەتی هەرێم دەکات، ئەوە تەواوکەری یەکتری دەبێت، بەم هەنگاوەش کاروباری ناوخۆی هەرێم ڕێکدەخرێت و تابلۆی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر جوان و ڕێکوپێک پیشانی ڕای گشتی نێودەوڵەتی دەدەین”. 

سەبارەت بە پەیوەندی دامەزاراوەکانیش، لە وڵاتانی پێشکەوتوو ناو براو جەختیکردەوە و دەڵێت “لە هەموو وڵاتێکدا سێ دامەزراوەی گرنگ هەیە، کە دەبێت هەماهەنگییان لەگەڵ یەکدا هەبێت، بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی و کارگێڕی لە وڵاکەدا پێشبکەوێت، ئەویش دەسەڵاتی یاسادانانە کە پەرلەمانە، دەزگای جێبەجێکردن کە حکومەتە و لەسەرووی هەمووشیانەوە دامەزراوەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیە و نوێنەرایەتی قەوارەکە دەکات”.                       

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com