پەرلەمانتارێک: حكومەتی نوێی هەرێم ئەرکی سوکترە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە حكومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، ئەرکی سوکتر دەبێت بەراورد بە حکومەتی ڕابردوو.

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٠-٧-٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان متمانەی بەخشییە کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێم و وەزیرەکانی کابینەکە لە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان، سوێندی یاسایییان خوارد، پاشان سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێم، لە وتارێکدا هێڵە گشتییەکانی کارکردنی چوار ساڵی داهاتووی ڕاگەیاند.        

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عوسمان کەریم، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ئەرکی حکومەتی نوێی هەرێم، ڕایگەیاند “حكومەتی نوێی هەرێم ئەرکی سوکتر دەبێت بەراورد بە حکومەتی ڕابردوو، چونکە حکومەتەکەی ڕابردوو ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی و ئابووری سەخت و شەڕێکی نەخوازراو بووەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم حکومەتە حكومەتێکی بەهێزتربێت و پێشمانوایە بتوانێت ئەو بۆشایییەی، کە لە حکومەتی ڕابردوو هەبووە پڕبکاتەوە”. 

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی گوتیشی “هەلومەرجی ئێستای هەرێم لەڕووی دارایییەوە باشتر بووە و لەگەڵ حکومەتی عێراقی ڕێککەوتن و دانوستاندنەکانمان بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئێستا لە حکومەتی عێراقەوە دێت، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم ئەو ٢٥٠ بەرمیل نەوتە ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکات، بۆئەوەی لانی کەم بتوانین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زامن بکرێت، کە ئەمە بەلامانەوە زۆر گرنگە”.                                                                                                              

عوسمان کەریم، سەبارەت بە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنەکان لەناو پەرلەمان، دەڵێت “ئەگەر ئەوان بتوانن بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن، دەبێتە پاڵپشتێکی باش و گەورە بۆ حکومەتەکە”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com