داوادەکرێت هاوشێوەی سامانە سروشتییەکان گرنگی بەم وەزارەتە بدرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حکومەت گرنگی بە دەرچوانی زانکۆ، پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە بەرزەکان بدات و دەرگای دامەزراندنیان بەڕوودا بکاتەوە.  دەشڵێت “پێویستە هاوشێوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم گرنگییەکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بدرێت”. 

ڕۆژی چوار شەممە ١٠-٧-٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان متمانەی بەخشییە کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێم و وەزیرەکانی کابینەکە لە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان، سوێندی یاسایییان خوارد، پاشان سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێم، لە وتارێکدا هێڵە گشتییەکانی کارکردنی چوار ساڵی داهاتووی ڕاگەیاند.   

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عوسمان کەریم، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی کارەکانی حكومەت، ڕایگەیاند “کاری لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ئەوەبێت، کە پەرلەمانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، کۆمەڵێک یاسای تایبەت بە چاکسازی لە سەرجەم سێکەتەرەکانی حکومەتدا بخاتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش بتوانێت کارەکانی ڕێکبخاتەوە، هەموو ئەو یاسایانەشی کەواخزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات پەلەبکرێت لە هەمووارکردنەوەیان”.          

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی “دەبێت گرنگی بە دەرچوانی زانکۆ، پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە بەرزەکان بدرێت و دەرگای دامەزراندنیش بەڕوویاندا بکرێتەوە و ئەوانەشی تەمەنی خانە نشینییان تێپەڕاندووە خانەنیشین بکرێن، هەروەها هەلی دامەزراندیش بۆ کەسانی تر بڕەخسێندرێت کە بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە خوێندن تەواو بکەن”.        

هەروەها دەشڵێت “پێویستە هاوشێوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم گرنگییەکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بدرێت و لە لایەن حکومەتی هەرێم پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ بکرێت، بۆئەوەی بتوانین کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێم پێشبخرێت و پڕۆژەی گەورەو بچووک بۆ جووتیاران بڕەخسێنین”. ناوبراو داوشدەکات، کە حکومەت قسەکانی بکاتە کردار و ئەو بۆشاییەی لە نێوان خەڵک و حکومەت درووستبووە نەی هێڵێت، حکومەت هەوڵبدات ئەو کەسانەی، کە خاوەن پێداویستی تایبەتن ژیان و گوزەرانێکی باشتریان بۆ بڕەخسێنێت.          

سەبارەت بە بەرنامەی توانا سازی، عوسمان کەریم گوتی “دەبێت بەرنامەی تواناسازی بەشێوەیەکی دیکە بەگەڕبخرێتەوە، بۆئەوەی هەموو ئەو خاڵکانەی کە توانایەکی باشیان هەیە بتوانین سودیان لێوەربگرین دەبێت لە هەموو بوارەکاندا حکومەت بەئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێت”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com