هۆشەنگ محەمەد: بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان لەکەمپەکان خراپە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بەڕێوەبەری سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە دۆخی  ئاوارەكانی عێراق لەناو کەمپەکانی هەرێم خراپە و پێویستییان بە ھاوكاری ھەیە.

لە دوای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، خەڵکێکی زۆر لە پارێزگاکانی خوارو ناوەڕاستی عێراق، بەهۆیەوە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوبەری سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان، سەبارەت بە دۆخی ژیانی ئاوارەکانی عێراق لە کەمپەکانی هەرێم، ڕایگەیاند “دۆخی ژیانی ئاوارەکان لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدان، زۆربەی خێوەتەکان کۆن بوونە و پێویستیان بە گۆڕین هەیە، ژێرخانی کەمپەکانیش وەکو جادە و ئاوەڕۆ بەشیوەیەکی کاتی درووستکراوە و کوالێتییان باش نییە، کارەبا لەناو کەمپەکان وەک پێویست نییە و هاوکاری ڕێکخراوەکانیش بەهۆی نەبوونی بودجە زۆر کەمبووەتەوە”.

هۆشەنگ محەمەد ئاماژە بەوەدەکات، کە حكومەتی عێراق ھاوكارییەكانی زۆر كەم كردووەتەوە بۆ ئەو ئاوارانەی لە كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن. دەشڵێت “وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق باس لەوە دەكات، كە لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بودجەیان بۆ تەرخان نەكراوە”.

سەبارەت بە خزمەتگوزاری لە کەمپەکان دەڵێت “حكومەتی عێراقی ئێستا تەنھا سەلـەی خۆراك بۆ ئاوارەكانی ئەو کەمپانە دابین دەكات، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ھاوكارییان كەم كردووەتەوە و باس لەوە دەكەن، کە بودجەیان لە بەردەست نییە و زۆرینەیان پڕۆژەكانی خۆیان لە ڕووی تەندروستی، پەروەردەیی، دەروونی و خزمەتگوزارییەوە لە كەمپەكان ڕاگرتووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com