سەرۆکی شارەوانی پاریس: سوپاس بۆ پێشمەرگە

0

نوچە: ئاژانسەکان

سەرۆکی شارەوانی پاریس دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هێزی پێشمەرگەی کرد لە لەنێوبردنی داعش. راشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو رێککەوتنێکی هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن لەنێوان هەولێر و پاریس واژۆدەکرێت.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئان هیداڵگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس کۆبووەوە.

ئان هیداڵگۆ، لە دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “ئێمە وڵاتی ئێوەمان خۆشدەوێت، من دووجار سەردانی هەولێرم کردووە. ئێوە لەجیاتی ئێمە شەڕی داعشتان کرد، سوپاس بۆ پێشمەرگە ئێمە لێرە ئازادین”.

هیداڵگۆ راشیگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو رێککەوتنێکی هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن لەنێوان هەولێر و پاریس واژۆبکرێت، لەڕێگەی ئەو رێککەوتنەوە پەرە بە پەیوەندییە ئابووریی و کلتورییەکانی نێوان پاریس و هەولێر دەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی لە توویتەر نووسیوویەتی “خۆشحاڵبووم سەردانی سەرۆکی شارەوانی پاریسم کرد لە ئۆفیسەکەی خۆی. باسمان لە هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و پاریس کرد. دڵخۆشم کە دەبینم هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوەی نۆتردام بە باشی بەڕێوەدەچن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتای ئەمساڵ ئاگر بەشێکی ئەو شوێنەوارە مێژووییەی وێرانکرد”.

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی ئیلیزێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەیاندا تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد. دواتر لەگەڵ جۆن ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە.

نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن بە کۆبوونەوەیەکی باش ناوبرد و سوپاسی رۆڵی فەرەنساشی کرد کە دوای گشتپرسی وایکرد جارێکی دیکە لەڕووی سیاسییەوە دەرگاکان بەڕووی کوردستاندا بکرێنەوە.

نێچیرڤان بارزانی ئاشکراشیکرد “لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق، بانگهێشتمانکرد سەردانی هەولێریش بکات، بە سوپاسەوە قبوڵیکرد”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com