ئەنجومەنی وەزیران لە یەکەم کۆبوونەوەی شەش بڕیار دەردەکات

0

نوچە

ئەمرۆ (دووشەممە ٥-٧-٢٠١٩) کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەمین کۆبوونەوەیدا، چەند بڕیارێکی دەرکرد، وەک ئاشکراکردنی موڵک و ماڵی وەزیرەکان بۆ دەستەی دەستپاکی و نەهێشتنی دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجامدا. لەکۆبونەوەکەدا دوای روونکردنەوەی كارەكانى دەستبەکاربوونی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژدا دابڕێژن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “سبەینی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەى دەستوور”.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزيرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی دەوامی وەزیرەکان، خاوەن وەزيفەباڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نەهێشتنی رووتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو دامودەزگاکانی حکومەت خستەڕوو، دواتر بە کۆی دەنگ بڕیارەکان پەسندكران.

دەقی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەندبن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لەکاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێبهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەندبن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی یاسا ورێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.

پێنجەم: دەبێت رووتین لەداموودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی خێرا و ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان بەشێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com