توندوتیژی بنەماڵەیی لە عێراق

0

نوچە: جەزیرە

هەر وەک ئێران، کۆمەڵگای عێراق، لە گەڵ قەیرانی توندوتیژی بنەماڵەیی بەرەوڕویە. بۆشایی یاسایی هۆکارێکە لە بەردەم لێپێچینەوە لە گەڵ ئەو کەسانەی، کە دژ بە ژنان توندوتیژی ئەنجام دەدەن، هاوکات بەستەرێکیشە بۆ دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوەکانی پەیوەست بەم بوارە، تاکوو داوای مافەکانی ژنان بکەن.

کەناڵی جەزیرە لە راپۆرتێکی خۆیدا، کە سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنانی عێراق بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە قوربانیانی ئازار و دەستدرێژی و توندوتیژی بنەماڵەیی لەم وڵاتە، بێ پشت و پەنا ماونەتەوە، بە بێ ئەوەی یاسایەکی رێگریکارانە هەبێت، کە ببێتە بەربەست لە بەردەم گەندەڵی دەزگای دادوەری و ناعەداڵەتی و ئەو نایەکسانیەیەی، کە بەرەوڕووی قوربانیەکان دەبێتەوە.

چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە عێراق، بۆ ساڵانێکی دوورودرێژە، کە لە هەوڵدان گوشار بخەنە سەر پەرلەمانی عێراق، تاکوو یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانی ئەم وڵاتە پەسەند بکات.

عێراق ساڵانێکە سەرقاڵی شەڕ و ململانێی ناوخۆیی و بەریەککەوتنی سەربازیە، بە جۆرێک، کە تاکوو ئێستا بە تەواوی سەقامگیر نەبووە. هاوکات دانیشتوانەکەی بە دوای ئاشتیدا دەگەڕێن و دەیانهەوێ وڵاتێکی ئاوەدان و پڕ لە دادپەروەری بنیات بنێنەوە. لەم نێوەدا ژنان زۆرترین هیوایان هەڵچنیوە و ئومێد دەکەن رۆڵ و پێگەی ئەوان لە دۆخی سیاسی وڵات لەبەرچاو بگیردرێ و مافەکانیان دەستەبەر بکرێت، بەڵام بەدیهاتنی مافەکانی ژنان و دەستەبەربوونیان لە کۆمەڵگای نەریتی و پیاوسالاری عێراق بۆتە بابەتێکی دژوار و دوور لە چاوەڕوانی.

یاسای  سزا لە عێراق رێگەی بە پیاو داوە، کە ژنانی خۆیان تەمبێ بکەن. لە ئێستادا هیچ یاسایەک بۆ بەتاوان ناسینی توندوتیژی بنەماڵەیی لەم وڵاتە بوونی نییە. بۆ ماوەی دە ساڵە، کە گروپەکان و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان گوشار دەخەنە سەر پەرلەمان تا یاسایەک پەسەند بکات، کە لە ئەنجامدا یارمەتی بە گۆڕینی ئەم دۆخە بکات، بەڵام هەر جارە و بە پاساوێک رەوتی پەسەندکردنی یاساکا بەربەست کراوە.

یەکێک لە قوربانیانی توندوتیژی بنەماڵەیی، کە بە هۆی گوشار و ئازاردانی پیاوەکەی تووشی نەخۆشی درێژخایەنی دەروونی بووە، دەڵێت: یاساکانی عێراق ماف بە ژنان نادات، دەیان جار هەوڵم داوە لێی جیا ببمەوە، بەڵام هەموو جارێک پێم وابوو بەم زووانە بڕیارە بمرم.

بەڵام ئازاردانی پیاوەکە، تەنها هۆکار نەبوو، قوربانیەکە بە هۆی چەند هاوسەری بوونی پیاوەکە، چەند جار ناچار بووە ماڵەکە بەجێ بهێڵی و لە ئیدارەی پۆلیسی سکاڵای لە سەر تۆمار بکات، بەڵام ئەنجامەکەی بوو بەوە، کە  پیاوەکە دژ بە بنەماڵەی قوربانیەکە سکاڵای تۆمار کرد و بەوە تۆمەتباری کردن، کە هاوسەرەکەیان ڕفاندووە. تەنانەت تۆمەتی تیرۆریست بوونی خستە پاڵ خێزانی بنەماڵەی ژنەکە و بە هەڕەشە ژنەکەی ناچار کرد، کە سکاڵاکەی وەربگرێتەوە و بگەڕێتەوە سەر ژیانی پڕ لە مەینەتی خۆی.

لێنا ناوی قوربانیەکەیە. لە ئەنجامدا لە لایەن دادگاوە مەحکوم کراو و سزای ١٦ مانگ زیندانی بە سەردا سەپا. بە گوتەی لێنا سیستمی دادوەری عێراق تاوانبارە و لە بەرزترین بەرپرس و دادوەر بۆ خوارەوە، تۆمەتبار دەکات.

بە گوتەی لێنان ئەو ژنە عێراقیانەی، کە خوێندەوارییان نییە یان بێ کارن یان ئەوەی، کە منداڵیان هەیە، ناچارن هەموو شتێک تەحەمول بکەن. ئێمە لە کۆمەڵگای عێراق یاسایەک شک نابەین، کە پێش بە ئازار و دەسترێژی و ئەتک کردنی ژنان لە لایەن پیاوەکانەوە بگرێت، یاسایەک بوونی نییە، کە پێی بگوترێ هێڵی سوور و بەربەست بێت لە بەردەم توندوتیژی پیاوان.

توندوتیژی بنەماڵەیی بۆتە قەیرانێکی گشتی

سەبارەت بە توندوتیژی بنەماڵەیی لە عێراق هیچ ئامارێکی نوێ لە بەردەستدا نییە، دوایین ئامار و داتاکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢. بە گوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٢، لە هەر پێنج ژنی عێراق، یەکیان بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە. چالاکانی مەدەنی دەڵێن، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی، کە لە بەردەستیاندایە، رێژەی توندوتیژی بنەماڵەیی تا دێ بەرز دەبێتەوە.

هانا ئێدوار، چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنان دەڵێت: ژیان و داب و نەریتەکان، بە تێکڕا دژ بە ژنان و کچانی عێراقیە. ئێدوار توندوتیژی بنەماڵەیی بە قەیرانێکی نیشتمانی وەسف دەکات و دەشڵێت “ناسەقامگیری سیاسی، هەژاری، شەڕ و بەریەککەوتن، نەریتەکانی رابردوو و نەبوونی یاسایەکی دادپەروەرانە، هۆکارە سەرەکیەکانی هەڵکشانی توندوتیژی بنەماڵەیین.

بە گوتەی ئەم چالاکوانە، گەندەڵیش تەنگی بە قوربانیانی توندوتیژی بنەماڵەیی هەڵچنیوە، ئەمساڵ لە هەوڵداین یاسایەک بۆ چەسپاندنی مافەکانی ژنان پەسەند بکەین، ئەمە تەنها ویستی کۆمەڵگای مەدەنی نییە، بەڵکوو دەوڵەتیش پێداگری لە سەر دەکات. هاوکات زۆریەک لە ژنانی عێراق، کە لە چەشنی لێنا بوونەتە قوربانی، چاوەڕوانن ئەو توندوتیژیانەی، کە دژ بەوان بەڕێوەچووە، وەک تاوان بناسێندرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com