ئایا چارەنووسی عەفرین لە کۆبانی دووبارە دەبیتەوە؟

0

نوچە

هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دووەم بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تا دێ زیاتر دەبێت. بەوشێوەی، کە بەرپرسانی ئەنقەرە ئاماژەیان پێکردووە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای تورک بۆ سەر کورد لە رۆژهەڵاتی فورات بەم زووانە دەستپێدەکات. هۆکای ناڕەزایی تورکەکان و هەڕەشەکانیان، ناردنی یارمەتی سەربازی ئەمریکايه‌ بۆ هێزە کوردیيەکان و دانانی ناوچەی ئارامە لە باکووری سوریا.

ئەمریکا لە ٢٠١٤وە، بە رێگەی هێرشی ئاسمانی، یارمەتی کوردی دا و رێگەی لە کەوتنی کۆبانێ گرت. ئەمە لە کاتیکدا بوو، کە سوپای تورک تا یەک کیلۆمەتری شارەکە پێشڕەوی کردبوو و چاوەڕێی دەکرد شارەکە بکەوێتە دەستی داعش و تەنانەت ئامادە نەبوو بەرەنگاری ئەم گروپە تیرۆرسیتیە ببێتەوە.

بەربڵاوبوونی پشتیوانيیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ببووە هۆکاری پێشڕەوی هێزەکانی رۆژئاوا کوردستان؛ بە جۆرێک، کە لە دوایین ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر داعش لە مانگی مارس، توانیان قەڵای پتەوی داعش لە شاری باغوز هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، تێکبشکێنن و دەستی بە سەردا بگرن، لێرەوە بوو، کە ئەم هێزانە یەک لە سەر چواری خاکی سوریایان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم سەرکەوتنانە، دەستیان دایە هەڵبژاردنی خۆجێی و هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەریان ساغ کردەوە، کە لە ڕوانگەی تورکیاوە هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی خاکی سوریا، ئەمەش نیگەرانی لای ئەنقەرە و شوێندانەری ئەم هەرێمە لە سەر کوردەکانی باکوری کوردستان دروست کردووە.

هەرچۆنێک بێت ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردیيەکان، بۆتە بەربەست لە بەردەم پلانی ئەنقەرە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکە.

ئەگەرەکانی هێرش بۆ سەر رۆژئاوا

بەرپرسانی باڵای تورکیا، لەوانە رەجەب تەیب ئەردۆغان و خلوسی ئاکار، سەرۆککۆمار و وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە، هۆشدارییان داوە بەم زووانە ئۆپەراسیۆنی دووەم بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەکەن، بەڵام تورکیا بە بێ رەزامەندی ئەمریکا و کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، ناتوانێ ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربخات، بە تایبەت کە دوو وڵات ئەندامی ناتۆن و تاکو ئێستا هاوپەیمانن.

تا دێ کێشە و ململانێکانی ئەنقەرە و واشنتۆن قووڵتر دەبێتەوە، دۆسیەی گولەن، نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لە مۆسکۆ و کڕینی سیستمی دژەموشەکی ئێس-٤٠٠ رووسی و هەروەها پشتیوانیيەکانی واشنتۆن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، خاڵى جێی ناکۆکييه‌کانی ئه‌و دوو لایەنن.

ژمارەیەک لە شارەزایان و چاودێرانی سیاسی هێرشی ئەنقەرە بە دوور دەزانن، دکتۆر یەزید سائق، لێکٶلەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا، دەڵێت: پێموانییە تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەیەک، کە ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە چاودێری دەکات.

ئایدین سلجان، دبلۆماتکاری پێشووی دەوڵەتی تورکیا ڕای وایە، کە ئەگەر هێرش رووبدات مانای وایە، کە ئەنقەرە و واشنتۆن بەریەککەوتنیان لە نێواندا دروست دەبێت، سلجان بە دەنگی ئەمریکای گوتووە، کە ڕەنگە ئەنقەرە دوای ئەوەی، کە سیستمی بەرگری موشەکی رووسیاى کڕی، واشنتۆن نەرمی نواند، بە هەمان روانینەوە پێی وابێت ئەمریکا بێ هەڵوێستە و بەم شێوه‌يە هەلەکە لەبار ببینێت بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەلاتی فورات.

بەڵام شارەزایانی وەک ماکس ئابرامز، لێکۆڵەر لە بواری میلیشیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیانوایە، کە جیاوازی و پێکناکۆکی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن، سەبارەت بە کوردەکان قووڵتر لەوەیە، کە بیری لێدەکرێتەوە. ئابرامز پێیوایە ئەم پێکناکۆکیەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگە و سیاسەتی جیاوازی دوو وڵات. ئایدین سلجان پێیوایە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووبدات، تورکیا پێدەچێ پەلاماری ناوچە عەرەب نشینەکان بدات، لەوانە تەل ئەبیز.

رۆڵی مۆسکۆ

رووسیا، کە لە ٢٠١٨وە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە، تاکو لە ئاسمانی سوریاوە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر هێزە کوردیيەکان، ئەم کەلێن و ناکۆکیەی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆنی بە قازانجی خۆی بەکار هێناوە و رۆلێکی بەرچاوی هەبووە لە سەرخستنی هێرشی سوپای تورک بۆ سەر عەفرین. هەر چەند ئاسمانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا و ‌هێزەکانی هاوپەیماندایە و پێدەچێت لە ئەگەری هێرشی تورکیا، دیسان مۆسکۆ بیهەوێ هەلەکە بقۆزێتەوە و بیخاتە خزمەت بەرژەوەندی خۆیەوە.

هەوڵە دبلۆماسیيەکان بۆ رێگرتن لە شەڕ

هاوکات لەگەڵ ئەمریکا، کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریای لە ئیدارەی ترەمپ ڕەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە، کە لەگەڵیان بکەونە گفتوگۆ و دانوستانەوە، نووسینگەی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتش لە واشنتۆن، هەوڵەکانی خۆی بۆ رێگرتن لە هێرشی تورکیا خستۆتە گەڕ. نوێنەری ئەم ئەنجومەنە، کە وەک باڵی سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەژمار دەکرێت، ئەم دواییانە لەگەڵ نێردەی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سوریا کۆبۆتەوە. تەنانەت داوای لە لۆبی و کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو کۆنگرێس و سیناتی ئەمریکای کردووە، هەوڵی سەقامگیرکردنی ناوچەکە بدەن و رێگە نەدەن قەیرانی سەربازی لەم ناوچەیە دووبارە بێتەوە.

شارەزایانی سەربازی دەڵێن، تورکیا چیدی لە توانایدا نییە، کە لە چەشنی ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوون، بەرەیەک بە درێژایی ٦٠٠ کیلۆمەتر دژ بە هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکاتەوە.

شارەزایەکی پەیمانگای کارنگی دەڵێت: رەوانەکردنی هێز لە لایەن ئەمریکاوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئاماژەیە بۆ هەوڵە جیدییەکانی  واشنتۆن بۆ پاراستنی کوردەکان، بە بۆچوونی ئەم شارەزایە، تورکیا بە ئەولەوییەتی یەکەم لە هەوڵدایە هەندێک ئیمتیاز لە ئەمریکا وەربگرێت، کە یەک لەوان دوور کەوتنەوەی هێزەکانی کوردی رۆژئاوایە لە سنوورەکانی، هەر بۆیە نابێ زۆر نیگەرانی ئەوە بین، کە سوپای تورک بیهەوێ ئۆپەراسیۆنی دووەمی خۆی دەستپێبکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com