هێشتا چارەنووسی بەشێک لە رفێندراوەکانی ئێزدی دیار نییە

0

نوچە

پێنج ساڵ لەمەوبەر و دوای داگیرکردنی موسڵ لەلایەن ڕێخکراوی تیرۆریستیی داعش، ڕێکەوتی ٣ی٨ی ٢٠١٤  ئەو ڕێکخراوە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردە سەر قەزای شنگال و دەورووبەری و لە دوو ڕۆژدا یه‌ك هه‌زار و ٢٩٣ شه‌هید و ٦ هه‌زار و ٤١٧ كه‌س پیاو و ژن و منداڵی ڕفاند کە هێشتا چارەنووسی بەشێکی زۆریان ناڕوونە.

دواى تێپەڕبوونى پێنج ساڵ بەسەر کارەساتى شنگال کەسایەتيیە سیاسى و سەربازییەکانى کوردى ئێزدى نیگەرانن لەوەى کە کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەتی حکوومەتی عێراق بەبێ دەنگى بە دیار کەوتنى شنگالەوە مایەوە و ئێستاش بەبێ دەنگى وەستاون و کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەى شارەکە ناکەن و بوونی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە ڕەوشی ناوچەکەی بەره‌و ناسەقامگیری بردووە.

داعش کاتێ گەیشتنە شنگال، لە شارۆچکەکەدا، زۆر دڕندانە دەستی کردە کوشتنى بەکۆمەڵی منداڵ، پیاو، ژن و پیر و پەککەوتە و زیاتر لە شەش هەزار کچ و ژنى بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى لە عێراق و سووریا رفاند.

داعش دەستى لە هیچ تاوانێک نەپاراست و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کوردى ئێزیدى لە تەواوى سنوورى شارۆچکەى شنگال ئاوارەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و پەنابەرى وڵاتانى ناوچەکە بوون و ماوەى ئەو پێنج ساڵەدا زیاتر لە ٩٠ هەزار کوردى ئێزدى پەنابەرى وڵاتانى جیهانن و بەهۆى ناسەقامگیریى سنوورەکەیان و هەبوونى کێشەى سەربازى بە نیاز نین بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان”.


پەیامی نێچێرڤان بارزانی لە ساڵرۆژی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێنجەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات ئەو کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید بناسێنێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا نووسیویەتی “لە پێنجەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شنگال، ئێمە لە دڵەوە یادی ئەوانە دەکەینەوە کە بوونە قوربانیی دەستی دڵڕەقییەکانی داعش لە کوردستان و شوێنانی دیکە. پشوو نادەین تاوەکو تیرۆر لەناودەبەین و قوربانییانی رفێندراو دەگەڕێنینەوە. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ رێگریکردن لە کردەی هاوشێوە، ئەم کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید بناسێنێت”.

https://twitter.com/IKRPresident/status/1157396352936157184?s=20


پەیامی مەسروور بارزانی لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەدوای ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بەجینۆسایدناسانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دا، دەستخۆشی لە پەرلەمان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە لەئاستی جیھان و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی.

مەسروور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێ “ئەمڕۆ یادی کۆمەڵکوژییەکی گەورە دەکەینەوە، کاتێک پێنج ساڵ لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش شاری شنگال و دەورووبەریان داگیرکرد، لە ئەنجامدا خەڵکی دەڤەرەکە بەتایبەتی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، دووچاری کوشتنی بە کۆمەڵ و جینۆسایدکردن بوونەوە و بە هەزارانیان رفێندران و بە هەزارانیش ئاوارە و دەربەدەر بوون”.

لەبارەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی مەسروور بارزانی دەڵێت “ئێزدییەکان بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی دەیان فەرمانی قڕکردن بوونەتەوە کە هەموویان دەچنە خانەی جینۆسایدکردن، کە دواترینیان کۆمەڵکوژی شنگال بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و قوربانیدانانەش، ئێزدییەکان هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان کردووە و وەک بەشێکی رەسەنی گەلی کورد ماونەتەوە”.


پەرلەمانی کوردستان ٣ی ٨ بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی پەسەند کرد

ئەمڕۆ شەممە ٣ی٨ی٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ پەسەندکردنی پێشنیازى بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ئەنجامی دا و بە دەنگی ٨٧ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە پێشنیازی ناساندنی ٣ی ٨ بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، پەسەند کرا.

ئەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی کوردستان کە سێیەم دانیشتنی تایبەت بەو پێشنیازە بڕیارە بوو، لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە بڕگە و خاڵەکانی پرۆژەکە خوێندرانەوە و پاشان دەنگیان لەسەر درا.

لە کۆبوونەوەکەدا لە نێوان سێ پێشنیازدا سەردێڕی “بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ٣ی ٨ ی ٢٠١٤ وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژیی جینۆسایدی ئێزدییەکان” بە دەنگی ٦٥ پەرلەمانتار پەسەند کرا.

لە خاڵ و بڕگەکانی پێشنیازە بڕیارەکەدا بە وردی باس لە وردەکارییەکانی کراوە و هاوکات باسی قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی و ئاوەدانکردنەوەی سنووری شنگال لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کراوە.

ئاماری ئێزیدیەکان

نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی، هەفتەی پێشوو ئاماری نوێی قوربانیان و رزگاركراوانی ئێزدی بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی ئاماره‌كان‌:

– ژماره‌ی ئێزدییه‌كان له‌ عێراق: ٥٥٠ هه‌زار كه‌سه‌.
– ژماره‌ی ئاواره‌كان به‌ هۆی په‌لاماری داعشه‌وه‌: ٣٦٠ هه‌زار كه‌س.
– ژماره‌ی شه‌هیدانی رۆژانی یه‌كه‌می په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر شنگال: یه‌ك هه‌زار و ٢٩٣ شه‌هید.
– ژماره‌ی منداڵانی بێ باوك: ٢ هه‌زار و ٧٤٥ منداڵ.
– ژماره‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ی تا ئێستا ئاشكرا بوون: ٨٠ گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵن.
– ژماره‌ی مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ ئاینییه‌كان كه‌ ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌: ٦٨ مه‌زارگه‌.
– ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچيان كردووه‌ كردووه‌: زیاتر به‌ ١٠٠ هه‌زار كه‌س مه‌زنده‌ ده‌كرێن.
– ژماره‌ی رفێندراوه‌كان: ٦ هه‌زار و ٤١٧ كه‌س. ره‌گه‌زی مێ: ٣ هه‌زار و ٥٤٨  و ره‌گه‌زی نێر: ٢ هه‌زار و ٨٦٩ كه‌س.
– ژماره‌ی رزگاربووان له‌ ده‌ستی داعش به‌م جۆره‌یه‌:
كۆی گشتی: ٣ هه‌زار و ٥٠٩ كه‌س.
له‌و ژماره‌یه‌ش: یه‌ك هه‌زار و ١٩٢ كه‌سیان ئافره‌ت و ٣٣٧ كه‌سیان پیاون.
كچانی منداڵ: هه‌زار و ٣٣ منداڵ.
كوڕی منداڵ: ٩٤٧ منداڵ.
ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌: ٢ هه‌زار و ٩٠٨ كه‌س. له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌زار و ٣٢٣یان ئافره‌ت و هه‌زار و ٥٨٥ كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی نێرن.


هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و ٩٠٨ کەس لە کوردانی ئێزدی شنگال لە دەستی چەکدارانی تیرۆریستی داعشدا ناڕوونە

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگاکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی ئاشکرای دەکات، تاکو ئێستا سێ هەزار و ٥٠٩  کەس لەدەست تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بوو کە لەو ڕێژەیە یەک هەزار و ١٩٢ کەسیان لە ڕەگەزی مێ و ٣٣٧ کەسیشیان لە ڕەگەزی نێر بوون، هاوکات یەک هەزار و ٣٣ کەسیان منداڵی کچ و ٩٤٧ کەس لە منداڵەکانیش لە ڕەگەزی نێر بوون.

لە لێدوانێکی تایبەت به‌ نوچە، حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگاکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، لەبارەی دوایین ئامارەکانی رفێندرا و رزگارکراوانی ئێزدی راگەیاند: هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و ٩٠٨ کەس لە کوردانی ئێزدی شنگال لە دەستی چەکدارانی تیرۆریستی داعشدا ناڕوونە کە یەک هەزار و ٣٢٣کەسیان لە ڕەگەزی مێ و ١٥٨٥کەسیشیان لە ڕەگەزی نێرن.

حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە “لە جینۆسایدی شنگالدا دوو هەزار و ٧٤٧ کەس هەتیو و بێ دایک و باوک کەوتوون و نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیش کۆچیان کردووە و ڕێگەی وڵاتانی ئەورووپییان گرتووەتەبه‌ر، هەتا ئێستاش ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە لەگەڵ دەیان گۆڕی دیکەی تاکەکەسی، هاوکات ٦٨ مەزارگەی ئێزدیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لەناو براون.

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگاکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی گوتیشی ” شەش هەزار و ٤١٧ کوردی ئێزدی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ڕفیندران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com