رەخنە لەشێوازی هەڵدانەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان دەگیریێت

0

نوچە: تایبەت

دوای هەڵدانەوەی کۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە، کە روفاتی ١٧٠ کوردی تێدابوو، لیژنەی شەهیدان و ئەنفاڵکراوان رەخنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێت و دەڵێت، نابێ بەو شێوازە ساردوسڕە مامەڵە لەگەڵ کەیسی ئەنفاڵ دا بکرێت. دەشڵێت “کورد خۆی کەمتەرخەمە لەناساندنی ئەو تراژیدیا گەورەیە بە دونیای دەرەوە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، سوسەن محەمەد، سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی شێوازی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، رایگەیاند: ئێمە نوسراومان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، کە ئەگەر گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ هەڵبدرێتەوە، جیا لە لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێم و بەغدا، پێویستە نوێنەی یۆئێن و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کونسوڵگەرییەکان لە عێراق و تەواوی کەناڵە جیهانییەکان، کە لە هەولێر و بەغدا بوونیان هەیە، ئامادە بن.

سوسەن محەمەد پێیوایە، ئەگەر ئێمە بمانهەوێ کەیسی ئەنفاڵ بە جیهان بناسێنین، ناکرێ تەنیا چەند کەناڵێکی ناوخۆ بەشدار بن لە ئاست ئەو تراژیدیا گەورەیە. هەروەها ئەو شێوازە ساردوسڕە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسە نەبێت.

سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی دەشڵێت، کەمتەرخەمی کورد خۆی هۆکارە لە نەناساندنی کەیسی ئەنفاڵ بە جیهان. گوتیشی “لە ئەگەری هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەغدا دەکەین و لە شوێنەکەش ئامادە دەبین”.

لەبارەی ناساندنی کەیسی ئەنفاڵ بە دونیای دەرەوە سوسەن محەمەد گوتی “پلانمان هەیە سەردانی وڵاتانی دەرەوە بکەین بەتایبەت ئەوە وڵاتانەی رووبەڕووی جینوساید بوونەتەوە و هەروەها پەیوەنییەکانمان نوێ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئەوان بە چ مکانیزمێک توانییان دەنگی خۆیان بە دونیا بگەیەنین و ماف و ئیمتیازاتی خۆیان وەربگرن”. گوتیشی “ئێستا پەیوەندی هەیە و لە راستیدا پەیوەندییەکان لاوازن و دەبێ ئەو پەیوەندییانە پتەو بێت و لۆبی دروست بکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com