لەم جەژنە پێشوازی لە گەشتیاران جیاواز دەبێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو پێشوازی لە گەشتیاران دەکەین، لەسەرجەم بازگە و خاڵەکانی پشکنین ڕێنمایی لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان بە گەشتیاران دەدرێت.    

ساڵانە لە بۆنە و جەژنەکاندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و باشوری عێراق، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان، ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک ئامادەکاری بۆ جەژنی قوربان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی ڕاسپاردووە کە بەباشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەن و کارئاسانییان بۆ بکەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، سەبارەت بە ئامادەکارییان بۆ ڕۆژانی جەژن، ڕایگەیاند “بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لەڕۆژانی جەژنی قورباندا، بەپێی ئەو پلانەی، کە هەمانە دەمانەوێت پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بکەین و ئامادەکاری تەواویشکراوە بۆ ئەم مەبەستە. هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکانمان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان و هاوینەهاوارەکانی هەرێم، ژمارەیەک لیژنەیان پێکهێناوە، بۆ بەدواداچوونی کارەکان و زامانکردنی گیانی گەشتیاران لە شوێنە گەشتیارییەکان”.

نادر ڕۆستی گوتیشی “کارمەندانی ئێمە لە بەڕێوبەرایەتییەکان لە ڕۆژانی جەژندا، کە پشووی فەرمییە، لە خزمەتی گەشتیاراندا دەبن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کە لە ئێستادا لیژنەمان پێکهێناوە، لە بازگەکان و خاڵەکاندا بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران و پێشکەشکردنی بروشۆر و ژمارە تەلەفون و ئاشناکردنی گەشتیاران بە خزمەترگوزارییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا”.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، ئێمە پێشتر و ئێستاش پلانی تایبەتی خۆمان هەبووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، بەڵام پاڵپشتی و ڕاسپاردنی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش کاریگەری و هێزی تایبەتی خۆی دەبێت بۆ سەرکەوتنی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێم. گوتیشی “جەژنی ڕەمەزان زیاتر لە ٢٥٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم کردووە، بۆ ئەم جەژنەش چاوەڕوان دەکەین، کە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بەرزبێتەوە”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com