عێراق، وڵاتی سێدارەی سیاسی

0

هەشت مانگ لەسەر وادەی بوونە سەرۆکوەزیرانی عادل عەبدولمەهدی، تێپەڕدەبێت، لە دوای ئەم ماوەیە، چۆن دەکرێ هەڵسەنگاندن بۆ کارنامەی سەرۆکوەزیران بکرێت؟ لێرەدا بۆ ئاسانکاری دەکرێ کاروکردەوە و کارنامەی  عادل عەبدولمەهدی، لە دوو بوار لێکبدرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

یەکەم، سیاسەتی دەرەوە

لە دوای پێکهێنانی کابینە، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار لە دابەشکارییەکی بە به‌رنامە، چالاکیيەکانی خۆیان دەستپیکردووە. بەم شێوەیەی کە سەرۆککۆمار وەک کەسێک کە لە سیستمی پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی کەمتر لە سەرۆکوەزیران، پەرەی بە پەیوەندیيەکانی دەرەوە داوە و بە ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکان و سەردانەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، وا دەنوێنی کە عێراقی دوای داعش سیاسەتێکی ڕوون و دیاریکراوی هەیە.

بۆ نموونە پێداگری سەرۆککۆمار لە سەر تێکەڵ نەبوونی عێراق لە ململانێ ناوچەییەکان، رێگەنەدان بە وڵاتانی بیانی بۆ کەڵک وەرگرن لە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران، هەروەها جەختکردنە سەر دەستپیشخەری عێراق بۆ هەر جۆرە مامەڵە و هاوکارییەکی ناوچەیی، بەشێک لەم سیاسەتانەن.

ڕوانگەی بەرهەم ساڵح ئەوەیە کە وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیا و ئوردن و سوریا، وێڕای وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری عێراق بەم گریمانەیە، کە عێراق دەبێ  قورسایی زیاتری لە هاوکێشەکانی ناوچەیی پێ بدرێ، لە دەورى یەک کۆببنەوە و پەرە بە هاوکاریيە سیاسی، ئەمنی و ئابوریيەکانیان بدەن.

لەم گۆشەنیگایەوە، گەشبینییەک لای بەرهەم ساڵح دروست بووە کە پێیوایە، عێراق دەتوانێ پردی پەیوەندی نیوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی بێت. هەر بۆیە دەبێ لە پێگەی ستراتیژی بەرهەم ساڵح بۆ چارسەری کێشە  وململانێکان کەڵک وەربگیردرێ و لە ئەنجامدا دەتوانێ کۆتایی بە قەیرانی ئێستای ناوچەکە بهێنێت.

ئەم ڕوانگەیەی بەرهەم ساڵح، دەنگی ئەرێنی و هاوفکری عادل عەبدولمەهدی لەگەڵە، بە جۆرێک کە سەردانەکانی زۆرتر بە ئاراستەی تەواوکردنی سیاسەتەکانی بەرهەم ساڵح هەژمار دەکرێت.

لە ڕوویەکەوە، جارێ زووە کە باس لە سەرکەوتوو بوونی ئەم سیاسەتە بکرێ کە بۆ  پەیوەندییەکانی دەرەوە دارێژراوە. وەڵامی ئەم پرسیارە کە ئایا عێراق دەتوانێ پێگەی ناوچەیی بۆ خۆی دەستەبەر بکات، وەڵامەکەی پێویستی بە کات هەیە.

هەر لەم ئاراستەیەدایە کە سەردانەکاکانی ئەم دوو بەرپرسەی عێراقی بۆ جێگیرکردنی ڕۆڵی ناوچەیی عێراق، زۆر جار لە ئەدەبیاتی میدیاکانی عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتی لای ئێرانیيەکان بە ترافیکی دیپلۆماسی وەسف دەکرێت، یەکیک لەم ترافیکە دبلۆماسیانە کە مانۆڕی زۆری لە سەر دەدرێ مەسەلەی نێوانگیربوونی بەغدایە  لە پەیوەندی لە گەڵ کێشە و گرژیيەکانی نیوان ئێران و بەریتانیا و سعودیە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئێران دەستی بە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانیادا گرت.

سیاسەتی ناوخۆیی، زەنگی مەترسی

عێراق لە بواری سیاسەتی ناوخۆیدا، رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفت بووه‌ته‌وه‌ کە تا دێ قووڵتر دەبنەوە.

بە تایبەت دەکرێ ئاماژە بە شکستی کارنامە  و پڕۆژەکانی حکومەت لە بابەتی ژێرخانی وڵات و خزمەتگوزاریيەکان بدرێت، کە تاکو ئیستا دەگوترێ ئه‌و کارنامەيه‌ قابیلی قبووڵی نەبووە.

ئەگەر چی سەرۆکوەزیران و کابینەکەی، لە کەسانی تیکنۆکرات پێکهاتوون  وبە باشی ئاگادار و شارەزای کاروباری پەیوەست بە دارایی و ئابوورین، بەڵام گوایە نەیانتوانیوە ئەم زانست و شارەزاییە تەرجەمەمە بکەنەوە بە میکانیزم و چارەسەر بۆ کێشە و گرفتەکانی ناوخۆی عێراق.

هۆکارێکی ئەم ناسەرکەوتووییە، بەساڵاچوونی سەرۆکوەزیرانە کە بڕیارەکان بە خێرایی نادرێ و لەوەش بترازێ  کەسێکی کۆنەپاریزی لی دەرهاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی لە مێژینە بەرەوڕوویە و چاره‌سەرکردنی  پێویستی بە بڕیاری خێرا و یەکلاکەرەوەیە. لە کاتێکدایە کە شەخسی سەرۆکوەزیران بە پشوودرێژی بەرنامە و ئایدیاکانی  دەباتە پێش، کە ئەمەش  لە دۆخی ئیستای عێراق نامومکینە  و لەگەڵ شکست رووبەڕوو دەبێتەوە.

کێشەکانی عێراق بە تایبەت ئەوەندەی پەیوەندی بە خزمەتگوزاری و ئاو و کارەبا لە وەرزی گەرما هەیە، بڕستی خەڵکی بڕیوە و زۆربەی ناڕەزایی و جوڵەکانی سەر شەقامیش کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بەم بابەتانەوە هەبووە.

ئەمە هەمان ئەو بابەتەی کە کاتی خۆی سەدام حسێن  لە دوای دەستگیرکردنی ئاماژەی پێدابوو، سەدام حسێن گوتبووی، خەڵکی عێراق لە وەرزی گەرما لە دژتان رادەپەڕن، چونکە تاقەتی گەرمای لەرادەبەدەریان نییە.

تاکو ئیستا دەرکەوتووە کە  تیمی دارایی عادل عەبدولمەهدی، توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە، ئەویش لە دۆخێکدا کە عێراق بە هۆی ساڵەها شەڕی ناوخۆوە ژێر خانە ئابوریيەکەی داڕماوە و پیویستی بە ئیدارەیەک هەیە کە کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بهێنیت.

گەندەڵی و هەڵاواردن، دوو بابەتی دیکەن کە بە  بەراورد لە گەڵ سەردەمی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی، زیاتر  پەل  وپۆی هاویشتووە و پشک پشکێنەی لایەنەکانی  چالاک لە پانتای سیاسەتی عێراقیش پەرەی بەم بێ سەروبەرەییە داوە.

ئەو حزب و لایەنانەی کە بەشێک لە وەزارەتەکانیان بە دەستەوەیە، تەنها هەوڵی بەرژەوەندی خۆیان دەدەن و ئەم دۆخە ئاڵۆزە بە بوونی ژمارەیەکی زۆری لایەن و حزب و قەوارەی سیاسی، تا دێ قووڵتر دەبێتەوە.

بە گوێرەی دوایین ڕاپرسییەک کە ئەنجام دراوە، تەنها ١٠%ی خەڵکی عێراق ڕایان لە سەر کاروباری سەرۆکوەزیران هەیە و ٩٠% دیکەش پێیانوایە کە لە کارنامەی سیاسی و ئابوری عادل عەبدولمەهدی بێ هیوان و دیدی ئەرێنییان سەبارەت بە کابینەی ناوبراو نییە، لەم ڕووەوە هەست بە ئاسایش ناکەن.

ئەم ڕادەیە لە ناڕەزایی تەنانەت بۆ ناو لایەنە سیاسی و کەسایەتیە ئایینیەکان  تەشەنەی کردووە، هەر بۆیە ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانی نصر بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، لە کابینەی حکومەت هیچ رۆڵێکیان نیيە.

رەوتی سەدر، وەک گەورەترین رەوتی پشتیوانی حکومەت، رایگەیاندووە تەنها یەک ساڵ مۆڵەتی داوە بە عادل عەبدولمەهدی کە توانای خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بسەلمێنی، یانی تەنها چوار مانگ دەرفەتی لەبەردەم ماوە.

عادل عەبدولمەهدی دەڵێت، ئەگەر کارنامەیەکی سەرکەوتوو پێشکەش نەکات دەست لە کار دەکێشێتەوە، بەڵێنێک کە لە پەیوەندی وەزارەتی دارایی و پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بردیە سەر.

لە سەر ێک عێراق وڵاتی لە سێدارەدانی سیاسییە و خەڵکی ئەم وڵاتە ناتوانن بۆ ماوەیەک درێژ شاهیدی کەم و کوڕی و هەڵە و دووبارەکردنه‌وه‌ى ئەزموونەکانی پێشوو ببن، بابەتێک کە ئەگەر سەرۆکوەزیران لێی غافڵ بێت، ڕەنگە ملی ببێ بە پەتێکەوە کە پێی دەگوترێ پەتی سێدارەی سیاسی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com