عێراق چۆن بووەتە مەیدانی هێرشەکانی ئیسرائیل؟

0

ساڵ و نیوێک بە سەر کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی تێپەڕ دەبێت. کشانەوەیەک، کە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، ئێران و ئەمریکای بەرەو قۆناخێکی بێ وێنە لە ململانێ و تەنگژەی ناوچەیی ئاراستە کرد.

دوای ئەم بڕیارە بوو، کە ناکۆکیيەکانی دوو وڵات گەیشتە لووتکەی خۆی، بە جۆرێک، کە لە مێژووی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا وێنەی نەبووە. ئەم ئاڵۆزیانە تا دێ بوارێکی گشتگیرتر بەخۆوە دەگرێت و سەرتاسەری ناوچەی کەنداوی تەنیوەتەوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، شەش جار هێرش کراوەتە سەر کەشتیە نەوتهەڵگرەکان لە ئاوەکانی کەنداو، هێڵی بۆری نەوتی سعودیە کراوەتە ئامانج، چەندین جار هێرش کراوەتە سەر بنکە و سەربازگەکانی حەشدی شەعبی لە سەر خاکی عێراق، بە هۆی تەقینەوەی جبەخانەکانەوە لە عێراق بە دەیان کەس کوژراو و برینداربوونە، کە دەگوترێ زۆربەیان ئەندامانی حەشدی شەعبی و راوێژکارانی سەربازی ئێرانی بوونە. کۆی ئەم ئەم روودوانە پێمان دەڵێن، بێجگە لە ئاوەکانی کەنداو، لوبنان، سوریا و عێراقیش بوونەتە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و بەریەککەوتنی هێزەکان، کە زۆر جار بە شەڕی بە وەکالەت دەناسرێنەوە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەمەیە، کە عێراق چۆن بوو بە مەیدانی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە؟

دەوڵەتی عێراق، تاکو ئێستا بە فەرمی نە ئەمریکا و نە ئیسرائیلی تۆمەتبار نەکردووە. بەڵام ژمارەیەک بەرپرس و سەرچاوەی ئەمنی ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە، کە کۆی ئەو تەقینەوە و هێرشانە، کە ڕاستەوخۆ حەشدی شەعبی تێدا کراوەتە ئامانج، دەستی ئیسرائیلی تێدایە. هەر چۆنێک بێت باسکردن یان شاردنەوەی ئەم ڕاستیيە و وردەکاری هێرشەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی، هیچ لەو گوشارانەی سەر کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ناگۆرێت.

سەرۆکوەزیران بۆ خۆی سەردانی شوێنی ڕووداویکی کردووە و بەرپرسان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە لە سەر چۆنیەتی ئەم هێرشانەی سەر حەشدی شەعبی، لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدەن.

دەوڵەتی عادل عەبدلمەهدی لەو کاتەوە، کە ئیدارەی کاروباری عێراق دەدات، لەگەڵ کێشەیەکی گەورە بەرەوڕوویە، ئەویش پێکهێنانی باڵانس و هاوسەنگی لە نێوان دوو هاوپەیمانی سەرەکی خۆی واتە ئەمریکا  و ئێران بووە. هاوکات هەولی ئەوە بووە، کە عێراق نەبێتە مەیدانی ململانێی ئەم دوو ڕکابەرە گەورەیە.

کەنالی العربیە، کە سەر بە سعودیەیە، رایگەیاندووە، کە زۆرترین زیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ئێرانی و حزبوڵڵای لوبنان بووە. هەروەها ئاشکرای کردووە، بەر لەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجام بدات، زانیاری تەواوی سەبارەت بە هێنانی موشەکی بالستی بۆ جبەخانەکانی حەشدی شەعبی لە بەردەستدا بووە. تێکشکانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەی ئەمریکی، هەروەها تەقینەوەی بەهێز لە نزیک زۆنی سەوز، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای تێدا هەڵکەوتووە، گریمانە و ئەگەرەکان سەبارەت بەم شەڕە بەوەکالەتە بەهێزتر دەکات.

هەر لەم پەیوەندیەدا، ڕۆژنامەی لاجریدەی کوێت، لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەک لە ئێران نووسیویەتی، کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ لە پشتی ئەم هێرشانەدایە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە، لە بنکەی سەربازی ئەمریکا لە سوریا، هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبییان ئەنجام داوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقیش، بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتووە، کە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ دەستی لەم هێرشانەدا هەبووە. بە گوێرەی شەرقولئەوسەت، هەموو بەڵگە و نیشانەکان ئەوە دەسەلمێنن، کە ئیسرائیل دەیهەوێ سیناریۆی هێرش بۆ سەر هێز و بەرژەوەندیەکانی ئێران لە سوریا، لە عێراقیش دووبارە بکاتەوە و هەوڵی تەواوکردنی ئەم پڕۆژەش دەدات.

هاوکات بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن “عێراق وەک مەیدان و ئامانجی هێرشەکانی خۆیان دەزانن”.

بەرپرسانی ئەمنی عێراقیش ڕایان وایە، کە وڵاتەکەیان کەوتۆتە نێوان بەرداشی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانەوە، بە جۆرێک، کە سێ لایەن بە کردەوە عێراقیان کردووەتە مەیدانی شەڕێکی ڕانەگەیێندراو.

ئێستا نیگەرانی سەرەکی و جیدی بەرپرسانی عێراقی ئەوەیە، کە ئەمریکا بە پاساو یان هۆکاری بەرگری لە هێزەکانی ئیسرائیلی یان تەنانەت پشتیوانیکردنی لە هێرشەکانی تەل ئەبیب بۆ سەر هاوپەیمانانی ئێران لە خاکی عێراق، بیهەوێ شەڕێکی راستەوخۆ دژ بە ئێران دەست پێبکات؛ شەڕێک، کە مەیدانەکەی خاکی عێراقە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، کە نایهەوێ لە گەڵ ئێران بکەوێتە شەڕەوە، بەڵام رایگەیاندووە، ئەگەر هاوپەیمانانی ئێران لە عێراق، بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن بکەنە ئامانج، ئەوە کاردانەوەی جیدی دەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com