پڕۆژەیاسایەک دەبێتە مشتومڕی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان

0

نەوزاد عەلی -سلێمانی

بڕیارەدەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، هاوشێوەی دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بوونی یاسایەکی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان گرنگە. 

لە ناو پەرلەمانی کوردستان دەنگۆی ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەت بە پەرلەمان بۆ جێگرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێتە مشتومڕی فراکسیۆنەکان، هەرچەندە ناوەڕۆکی یاساکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام بە پێى ئەو یاسایە کاری پەرلەمانتاری دیاری دەکرێت ئیمتیازات و خانەنشینى پەرلەمانتارانیش رێکدەخرێتەوە.      

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژە یاسای تایبەت بە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند “دەنگۆیەک لەناو پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە گوایە پەرلەمان یاسایەکی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەم یاسایەم وەک پڕۆژە لەسەر کاغەز نەبینیوە و نەهاتووەتە لیژنەی یاسایی، تاکو بزانم پڕۆژەیەکی باشە یان نا”.                                                           

جەلال محەمەد گوتیشی “پێموانییە لەئێستادا شتێکی وەها هەبێت، چونکە هەر پڕۆژە یاسایەک، کە ئامادەدەکرێت پێویستە ١٠ ئەندام پەرلەمان ئامادەی بکەن و دواتر بیدەنە دەستەی سەرۆکایەتی و دواتر دێتە لیژنەی یاسایی و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت “.     

سەبارەت بەگرنگی پڕۆژە یاسایەکی وەها بۆ پەرلەمانی کوردستان، بڕیاردەرەکەی لیژنەی یاسایی، دەڵێت “هەموو دامەزراوەیەک پێویستە یاسایەکی تایبەت بەخۆی هەبێت و لە چوار چێوەی ئەو یاسایەدا مامەڵە و ڕێکارەکانی بڕوات، جا لە ئێستا بێت یان داهاتوو، ئەوا یاسایەکی واها گرنگە و پێویستە هەبێت”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com