بە سوریایی کردنی عێراق

0

نوچە

ئاماژەکان دەڵێن، عێراق خەریکە ببێتە سوریایەکی دیکەوە، دیارە نەک لە رووی دۆخی ناوخۆیيەوە، بەڵکو لە رووی ئەو هێرشە ئاسمانیە ئامانجدارانە، کە بەردەوام دەکرێتە سەر ناوەند و بنکە سەربازیيەکانی حەشدی شەعبی. وەک هاوپەیمان و گروپێکی بەستراوە بە ئێران، زنجیرەیەک هێرشی ئامانجدار، کە تا دێ پەرە دەستێنێ.

یەکێک لە بەربڵاوترینی ئەم هێرشانە بۆ سەر سەربازگەیەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەلاحەدین بوو، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی تایبەت قەتیس نەماوەتەوە و بە گوێرەی بەربڵاوی هێز و بنکەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی عێراق ئەنجام دەدرێت، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و راوێژکاری سەربازی ئێرانی، کوژراو و برینداربوونە و زیانیکی زۆر سەربازیش بەم لایەنانە گەیشتووە، بە تایبەت، کە تا ئێستا چەند جبەخانەی حەشد بە تەواوەتی لەناوچوونە.

هەر چەند لە سەرەتاوە وەزیری بەرگری عێراق و کاربەدەستانی دیکە رایانگەیاند، ناکرێ بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل وەک بەرپرساری ئەم هێرشانە تۆمەتبار بکەین، بەڵام دواتر لە لێدوانی بەرپرسانی دیکە و تەنانەت ناڕاستەوخۆ لە بەیانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دەرکەوت، کە ئیسرائیل ڕاستەخو لە پشت ئەم هێرشانەدایە.

سەرباری ئەمانەش، بەغدا بەرامبەر بەم ‌هیرشانە بێ دەنگی هەڵبژاردووە، ئەوەندە نەبێ، کە رایانگەیاندووە، پیویستە لێکٶڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەن، تەنانەت بۆ ئەوەی گوشار و ئاڵۆزی لە سەر بەغدا دروست نەبێت، رایانگەیاندووە، ئەم هێرشانە زیانی گیانی بە دواوە نەبووە.

بەڵام  واقع و ڕاستیيەکان شتێکی دیکەن، ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، کە مانگی رابردوو، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەشدی شەعبی بە فەرمی بووە بە بەشێک لە چارتی سەربازی سوپای عێراق.

جێی ئاماژەیە، ئەم هێرشانەی ئیسرائیل، رێک ٣٨ ساڵ دوای بۆردومانکردنی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمیەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٨١ ئەنجام دەدرێت، بەڵام دۆخ و رەوشی ئێستای عێراق لە ناوخۆ و لە دەرەوە بە تەواوی جیاوازە لەو قۆناغەی، کە ئاماژەی پێکرا.

لە لایەکی دیکە، ئەم هێرشانە کاتیک ئەنجام دەدرێت، کە هەرێمی ئاسمانی عێراق، لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی هەمەلایەنەی ئەمریکادایە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل بە سانایی ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن.

بە گوتەی شارەزایان، ئیتر پێویست ناکات گریمانەی ئەوە بکرێ، کە ئایا هەماهەنگیەک لە نێوان تەل ئەبیب و واشنتۆن دا هەیە یا نا.

ئاماژەکان دەریدەخەن، کە دەقاودەق هەمان سیناریۆی سوریا لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بە یەک جیاوازی، هەرێمی ئاسمانی سوریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی رووسیادایە و هەرێمی ئاسمانی عێراقیش لە لایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت.

بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل لە عێراق، بۆ سەر هاوپەیمانانی ئێران هۆکار و لایەنی جیاوازی هەیە؛ تەنانەت شوێندانەری و دەرهاویشتەکانی جیاواز و بەربڵاوترن.

یەکەم، ئەم ‌هێرشانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ململانێی سەربازی ئێران و ئیسرائیل، لە سەر خاکی عێراق.

دووەم، پانتای ئەم هێرشانە لە عێراقەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سوریا و لوبنان و فەلەستین.

سێهەم، پێدەچێت دابەشکاری و هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب دا هەبێت.

ئەم دابەشکارییە دوای ئەوەی دێ، کە ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر کردووە و رایگەیاندووە بە هەموو شێوەیەک دژ بە هێز و نفووز و کاریگەریيەکانی ئێران لە ناوچەکە دەوەستێتەوە. لەو رووەوە، کە ئەمریکا راستەوخۆ هێزی لە عێراق جێگیر کردووە، ڕەنگە بە باشی زانیبێتی، کە بە رێگەی ئیسرائیلەوە و بە شێوەی مەیدانی لە دژی بەرژەوەندی و هاوپەیمانانی ئێرانی بوەستێتەوە، لەو گۆشەنیگاوە دەکرێ بگوترێ، کە ئەمریکا ئەم ئەرکەی بە تەل ئەبیب سپارد بێت.

خاڵی کۆتایی لەم باسە ئەوەیە، کە ئیسرائیل لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر لە هەموو کاتیک لە بازنەی ئەمنی ئێران نزیک بۆتەوە.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری قووڵ و جددی لە پەیوەندیيەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دژ بە ئێران و هاوپەیمانی ئەمریکا، ئەم پەیوەندیيانە تەنانەت تا ئاستی پێکهێنانی هاوپەیمانی سەربازی لە نێوان تەل ئەبیب و ڕیاز و ئەبوزەبی، چووەتە پێش؛ تا ئەو جێگایەی، کە ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاندووە، ئامادەی هەر جۆرە هەواڵبەندی و ئێتلافێکی سەربازی دژ بە ئێرانە.

راستیەکەی ئەوەیە، کە ئیسرائیل زیاتر لە هەموو کاتیک دەستی کراوەیە بۆ لێدان لە ئێران و بەرژەوەندیيەکانی، ئەم هێرشانە بەڵگە نەویستن بۆ سەلماندنی ئەم راستییە و پێدەچێت عێراق ببێتە سوریایەکی دیکەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com