مەترسیەکانی لەسەر کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی چین؟

0

نوچە

تاكە لایەنێک، كە دەستی بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیەوە گرتووە، كوردە؛ چونكە (١٠) مانگی رابردوو حكومەتی هەولێر و بەغداد لە هاوئاهەنگیدا بوون و عادل عەبدولمەهدی، تاڕادەیەكی باش هاوكاری حكومەتی هەرێم دەکات. هەر لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، كوتلەكەی عەبادی لە هەوڵی ئەوەدان كێشە بۆ عادل عەبدولمەهدی و كابینەكەی دروست بكەن، بەڵام کورد پشتگیری کرد.

حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی (١)

حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی تەمەنی نزیکەی (١١) مانگە، بەڵام هەتیو كەوتووە و هیچ پشتیوانێكی نەماوە بە جۆرێك تەنانەت حیزبەكەی خۆشی، كە رەوتی حیكمەیە، ئۆپۆزسیۆن بوونی دژی حكومەت راگەیاند و موقتەدا سەدریش لە هەفتەی رابردوودا بەیانامەیەكی چوار خاڵی دژی حكومەت دەركرد و هێرشی توندی كردە سەر عادل عەبدولمەهدی، بڕیاریشە لە دوای پشووی پەرلەمان، کە رۆژی سێی ئەیلول تەواو دەبێت، عەبدولمەهدی و حكومەتەكەی بانگێشتی پەرلەمان بكرێن و بۆ لێپرسێنەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە متمانەی لێ بسەنرێتەوە.

تاكە هێزێك، كە دەستی بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیەوە گرتووە، كوردە، چونكە (١٠) مانگی رابردوو حكومەتی هەولێر و بەغداد لە مانگی هەنگوینیدا بوون و عادل عەبدولمەهدی، تاڕادەیەكی باش هاوكاری حكومەتی هەرێم بوو تا جارێكی تر لەسەر پێی خۆی بووەستێت، كە لە دوای ریفراندۆم تووشی قەیران بوو، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا مانگی هەنگوینی هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبێت یان كە حكومەت تەمەنی گەشتە ساڵێك ئیتر كاتی جیابوونەوە و دەستپێكردنەوەی خولیكی نوێی گرژی و ئاڵۆزییە لە نێوان هەولێر و بەغدا؟

ئەگەری دەستلەكاركێشانەوە یان لەكارلادانی عادل عەبدولمەهدی:
 عادل عەبدولمەهدی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لە ژێر گوشارێكی زۆری شەقام و لایەنە سیاسییەكاندایە ئاماژەكانی ئاوابوونی خۆری عادل عەبدولمەهدی دەركەوتوون لە گرنگترن ئەو ئاماژانە:

-حكومەتی عادل عادل عەبدولمەهدی لە (١٠) مانگی رابردوودا نەیتوانیووە سەركەوتوو بێت لە جێبەجێكردنی بەڵێن و كارنامەی حكومەتەكەیدا كە بەپێی راپۆرتی لیژنەی چاودێری پەرلەمان حكومەت لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەنها بەڕێژەی (٣٦.٥٪) پرۆژەكانی جێبەجێكردووە لە كاتێكدا حكومەت رایگەیاندبوو (٧٩٪)ی پرۆژەكان تەواوبوون.

– بودجەی عێراقی ساڵی (٢٠١٩) كە بە نزیكەی (١١٢) ملیار دۆلار دیاری كرابوو لە سەر بنەمای ناردنە دەرەوەی سێ ملیۆن و (٨٨٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە (٥٦) دۆلار دیاری كرابوو، بەڵام عێراق نەیتوانویوە ئەو رێژەیە هەناردە بکات و حكومەتی هەرێمیش (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی رادەستی بەغدا نەكردووە، ئەوەش بووەتە هۆی كورتهێنان لە بودجەدا بە رێژەی (٢٣٪) كە ئەمەش بارگرانیەكی زۆری بۆ عادل عەبدولمەهدی دروستكردووە.

– بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرەتای هەڵمەتی رانەگەیەنراوی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقە، كە بڕیارە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەو هۆیەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە حكومەتدا بەشدارن، بەڵام بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی كەموكورتییەكانی حكومەت، هەموو بەرپرسیارێتیەكە دەخەنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی، ئەمەش خۆشاردنەوەیە لە ناڕەزایەتی و توڕەیی جەماوەر و دەنگدەرانیان.

– موقتەدا سەدر بەیانامەیەكی چوار خاڵی دژی عادل عەبدولمەهدی دەركرد و تۆمەتباری كرد بەوەی حكومەت بێ لایەن نییە و دۆخی ئەمنی خراپە و خزمەتگوزارییەكان بەتەواوی لەناوچوونە و حكومەت نەك رووبەڕووی گەندەڵی نەبووەتەوە، بەڵكو ئاسانكاریشی بۆ كردووە.

ئەم بەیاننامەیەی موقتەدا سەدر ئاگادار كردنەوەیەكی پێشوەخت بوو بۆ عادل عەبدولمەهدی، چونكە موقتەدا سەدر لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوودا، كاتێك پشتیوانی عادل عەبدولمەهدی كرد بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، تەنها مۆڵەتی ساڵێكی پێدا بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی، بۆیە دوو مانگی تر مۆڵەتی عەبدولمەهدی تەواو دەبێت و رەنگە سەدر شەقام لە دژی بجوڵێنێ.

کورد پشتیوانی لە عەبدولمەهدی دەکات (٢)

د. بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، ئێمە وەكو لایەنە كوردییەكان هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر سەرۆك وەزیرانی عیراق راگەیاندووە، كە پشتیوانی لە عادل عەبدولمەهدی دەكەین.

سەبارەت بە هەوڵەكانی چەند لایەنێكی شیعەش بۆ لابردنی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی و گەڕاندنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ سەرۆكایەتیی حكومەت، پەرلەمانتارە كوردەكە گوتی: ئەو هەوڵانەی باس دەكرێت، تەنها دەنگۆیە، هەر هەوڵێكیش بۆ لابردنی عادل عەبدولمەهدی، لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و گەڕانەوە حەیدەر عەبادی، سەر ناگرێت.

هێرشەكانی مانگی رابردووی سەر بنكە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی، عادل عەبدولمەهدی خستووەتە بەردەم شەرمەزاری و فشارێكی گەورە، چونكە توانای پاراستنی ئاسمانی عێراقی نییە، نیگەرانیەكی زۆری لە شەقامی عێراقی دروستكردووە و عادل عەبدولمەهدی بە لاواز و كەمتەرخەم دەزانن.

لەلایەكی دیکەوە ئێران پشتیوانی سەرەكی دانانی عادل عەبدولمەهدی بوو، چونكە دەیویست حكومەتێكی لاواز بێت و لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندا بێت، بەڵام لە هەمانكاتدا چەترێك بێت بۆ پاراستنی گروپەكانی حەشدی لایەنگری ئێران، بەڵام دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی، چیتر ئێران پشتیوانی عادل عەبدولمەهدی ناكات.

ئێران دەستی لە عێراق ئاشکرا بووە و هەموو حەشارگە موشەكیەكانی ئاشكرا بوون و ململانێكانیشی لەگەڵ ئەمەریكادا گەشتووەتە لوتكە، بۆیە دەیەوێت لە رێگەی ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقەوە، ئەمەریكا سەرقاڵ بكات و لەهەمانكاتدا، دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ گروپە چەكدارییەكانی هاوپەیمانی تا خۆیان رێكبخەنەوە.

هەموو ئەم هۆكارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی، كە تەمەنی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی كورتە و رەنگە كۆتایی ئەمساڵ لەژێر فشاردا دەستلەكار بكێشێتەوە، بەڵام ئەگەری دووەم لەكارلادانی عادل عەبدولمەهدیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە، چونكە هێزە سیاسییەكانی عێراق دەیانەوێت پێش هەڵبژاردن هەموو كێشە و كەموكوڕییەكان بخەنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی و وەك بانگەشەی هەڵبژاردن هێرش بكەنە سەر حكومەت.

كوتلەكەی عەبادی كێشە دروستدەکەن (٣)

بەختیار شاوەیس ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەر لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، كوتلەكەی عەبادی لە هەوڵی ئەوەدان كێشە بۆ عادل عەبدولمەهدی و كابینەكەی دروست بكەن.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوە كردەوە، گەڕانەوەی عەبادی بۆ سەرۆكوەزیران ئەستەمە و لەهەمان كاتیشدا لابردنی سەرۆكوەزیرانی ئێستا كارێكی قورسە، چونكە وڵات دەكەوێتە بۆشاییەكی گەورەوە و كوردیش پشتیوانی هەر لایەنێك بكات ئەو لایەنە سەر دەكەوێت و ئێمەش پشتیوانی لە حكومەتەی عادل عەبدولمەهدی دەكەین.

ئایندەی كورد لە بەغدا:

گرنگترین پرس بۆ ئێستای كورد لە بەغدا، پرسی ناوچە جێناكۆکەكان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، كە هەردووكیان لە بەردەم مەترسیدان:

یەكەم: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ژێر مەترسیدایە، چونكە كەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ پەسەندکردنی بودجەی عێراق، بەڵام تا ئێستا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە و هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجە كێشە داراییەكانی هەرێم و بەغدایە، چونكە لایەنە عێراقییەكان بە هیچ شێوەیەك ئامادەنین ئەوەی لە بودجەی ساڵی (٢٠١٩) روویدا دووبارەی بكەنەوە و بەبێ رادەستكردنی نەوت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، بۆیە چەند سیناریۆیەک لەبەردەم حكومەتی هەرێم و بەغدادا هەیە ئەوانیش بریتین لە:

– حكومەتی هەرێم (٢٥٠) هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات لە بەرامبەردا حكومەتی ناوەند بودجەی هەرێم بنێرێت، بەڵام زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی پەرلەمان ئەمە رەتدەكەنەوە چونكە عێراق تەنها دان بە (٦٧٠) هەزار فەرمانبەری هەرێمدا دەنێت لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم نزیكەی یەک ملیۆن و (٣٠٠) هەزار مووچەخۆری هەیە.

– سیناریۆی دووەم بریتییە لەوەی حكومەتی هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و هیچ موچەیەك لە عێراق وەرنەگرێت، ئەمەش زیانە لە حكومەتی هەرێم، چونكە هەناردەی نەوتی هەرێم كەمترە لە (٤٠٠) هەزار بەرمیل و كوردستان دەكەوێتەوە قەیران، چونكە حكومەتی عێراق ئامادە نییە لە نەوتی كەركوك پشكی حكومەتی هەرێم بدات.

– سیناریۆی سێیەم بریتییە لەوەی، كە حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بفرۆشێت بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی و لە بەرامبەردا پارەكەی لەسۆمۆ وەرگرێت، ئەمەش جارێكی تر حكومەتی هەرێم رووبەڕووی قەیران دەكاتەوە، چونكە داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێم بەشی بودجە ناكات و بەهۆی گەڕانەوەی داهاتی فڕۆكەخانە و بەشێك لە خاڵە سنووریەكانیشەوە بۆ بەغدا، حكومەتی هەرێم ناتوانێت نیو مووچەش بدات.

لەلایەكی دیکەوە حكومەتی هەرێم قەرزێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەرە كە بڕەكەی نزیكەی (١٨) ملیار دۆلارە و حكومەتی عێراقیش بەهۆی ئەوەی دان بە بەشێك لە گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمدا نانێت و ئامادە نییە ئەو خەرجی و پشكە زۆرەی كۆمپانیاكانی نەوت بدات، بۆیە لە هەموو ئەگەرەكاندا بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران لە ژێر مەترسیەكی راستەقینەدایە و دەبێت هێزە سیاسییەكانی هەرێم و حكومەت بێنە دەنگ و بكەونە جوڵە تا كار لەكارنەترازاوە و حكومەتی هەرێمیش سازش لە بەشێك لە داواكاریەكانی بكات و بەشێك لە نەوتەكەی رادەست بكات، بە جۆرێك ئاسایشی نیشتمانی هەرێم و بەرژوەندی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران بخرێتە پێش بەرژەوەندی حیزبی و عینادی سیاسییەوە.

دوەم: كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان كێشەیەكی قوڵە و رەهەندێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە و چارەسەركردنی لە دۆخی ئێستادا ئەستەمە، بەڵام ئەوەی گرنگە رێوشوێنێكی كاتی بگیرێتەبەر بۆ دورخستنەوەی زیانەكان.

– رێگری بكرێت لەئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی داهاتوو لە كەركوك، چونكە دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی كورد نییە و زیاتر لە (٧٠) هەزار كەس ئاوارەن و بەشێكی زۆر لە عەرەبە هاوردەكان گەڕاونەتەوە و ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەی عەرەب لە كەركوك نیشتەجێكراون، كە ئەوەش رێژەی كورد بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە و سەرژمێریەكەش دەبێت بە بەڵگەیەكی یاسایی و سیاسی و زیان بە ئایندەی كورد دەگەیێنێت لە كەركوك.

– كورد هەوڵبدات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوابخات، چونكە رێژەی كورد لە كەركوك كەمی كردووە و دۆخی سیاسی و ئەمنی كەركوك لە بەرژەوەندی كورد نییە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێگەی كورد لە كەركوك لاواز دەكات.

لە رووی ناوچەیی و نیودەوڵەتیشەوە، ناوچەكە بەتایبەت توركیا و ئێران لەبەردەم گۆڕانكاری گرنگدان و دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئەمەریكا و لەسەرەتای ساڵی (٢٠٢١)، گۆڕانكاری گرنگ لەناوچەكەدا روودەدات، كە لە بەرژەوەندی كوردە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردنی كەركوك بۆ (٣ تا ٤) ساڵ گرنگە.

ئەنجوومەنێكی باڵای بڕیاردان دروست بکرێت

ئەنجومەنێكی باڵای بڕیاردان لە تەواوی هێزە سیاسییەكان دروست بكرێت و ئەم ئەنجوومەنە چەند ناوەندێكی توێژینەوەی سیاسی و ئابووری تایبەتمەند بە بەڕێوەبردنی ململانێكان و دۆزینەوەی چارەسەر رابسپێرێت بۆ راوێژ و بەرچاوروونی لە هەنگاونان و بڕیاردا.

باشتر وایە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی هەولێر – بەغدا دابمەزرێنرێت بۆ گفتوگۆ و دانوستان.

ئەنجام

ئەگەر بمانەوێت كێشەكان چارە سەربكەین و هەڵەكان راستكەینەوە، كاتی ئەوە هاتووە سیاسەت و ململانێ و بڕیارەكان بە زانستی بكرێن، چونكە بڕیار نابێت بدرێت، بەڵكو دەبێت بەچەند پرۆسەیەك و قۆناغێكدا بڕوات و دیراسەت بكرێت، بەجۆرێك بەرهەمی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و عەقڵی بەكۆمەڵ بێت.

ئەوەی جێی پرسیارە، لە ئەگەری لەکارلادان یان دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن دبێت؟

سەرچاوەکان

١ـ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=16763

٢ـ https://snnc.co/Mobile/News.aspx?id=45818&MapID=1

٣ـ https://snnc.co/Mobile/News.aspx?id=45818&MapID=1

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com