یەکێتی چاوەڕێی وەڵامی لایەنە ناڕازییەکانە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیێنێت، هەوڵەکان بۆ دانانی پارێزگاری نوێی کەرکوک لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە و لایەنەسیاسییەکانی کەرکوک بەردەوامە.   

دوای ئەوەی، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر دانانی ئەندازیار تەیب جەبار بۆ پارێزگاری نوێی کەرکوک رێککەوتن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک هێشتا پارێزگاری نوێی کەرکوک دانەنراوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، سەبارەت بە دانانی پارێزگاری کەرکوک، رایگەیاند “هەوڵەکان بۆ دانانی پارێزگاری نوێی کەرکوک لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک بەردەوامە؛ ئێمە لەگەڵیان قسەمانکردووە و پێمان راگەیاندوون، کاندیدی نوێی پارێزگاری کەرکوک کەسێکی ئەکادیمییە و ئێمە پێی رازین”. 

ئەندامەکەی لیستی برایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، کە نوسراویان بۆ لایەنە ناڕازییەکانی کەرکوک ناردووە و دوایان لێکردوون، کە بەشداربن لە دانانی پارێزگاری کەرکوک. دەشڵێت “لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی ئەو لایەنانە دەکەین، تاکو بزانین وەڵامیان چی دەبێت”.

عەسکەری جەختیکردەوە و گوتی “لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک زۆرینەیە، بەڵام ئێمە پێمانخۆشە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک بەشدار بن، ئەگەر نەیەنە پێشەوە ئەوا ئەوان زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگایان بەدەستەوەیە و دەتوانن پارێزگار هەڵبژێرن”.  

تەیب جەبار، ئەندازیار و شاعیر لە ١٩٥٤ لە گوندی تەپەلوی سەر بە شارۆچکەی قەرەحەسەن لەدایکبووە، تاوەکو پێنجی سەرەتایی لە گوندی تەپەلو خوێندوویەتی لە ١٩٦٣ چووەتە گەڕەکی شۆریجەی کەرکوک بۆ تەواوکردنی خوێندن و لە ساڵی ١٩٧٦، کۆلیژی ئەندازیاری تەواوکردووە.

ئەندازیار تەیب جەبار

– بریکاری پێشووتری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بووە
– سەرۆکی پێشووتری کۆمیتەی باڵای یەکێتی ئەندازیاران بووە
– ئەندامی ئەنجومەنی لیژنەی باڵای کۆنفرانسی ساڵی ١٩٩٥-ی کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک بوو
– لە سەرەتای ١٩٧٠ دەستی بە شیعرنووسین کردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com